ساڤایا: عێراق لەبەردەم دووڕیاندایە

بینەر: (940)

تا ئێستە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق پەسند نەكراوە و گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان بۆ دیاریكردنی پۆستە باڵاكان و پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامە، ئەمڕۆ جارێكی تر مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە عێراق لە نێوان داماڵینی چەكی میلیشیاكان و گەڕانەوە بۆ ناو بازنەی ئاڵۆزی لەبەردەم دووڕیاندایە.

ساڤایا لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، دنیا وەك دەوڵەتێكی بە توانا بۆ بینینی رۆڵێكی گەورەتر و كاریگەرتر لە ناوچەكە سەیری عێراق دەكات، بەو مەرجەی پرسی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بە تەواوەتی بێتە چارەسەركردن، جیا لە پاراستنی شكۆی دامەزراوە فەرمییەكان. دووپاتی كردەوە كە هیچ ئابوورییەك توانای گەشەكردنی نییە و هیچ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی لە ژینگەیەك سەركەوتوو نابێت كە تیایدا سیاسەت ئاوێتە و تێكهەڵكێشی دەسەڵاتێكی نافەرمی ببێت.

ساڤایا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستە عێراق هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە بۆ داخستنی ئەو دۆسیە و بەهێزكردنی وێنەی وەك دەوڵەتێكی بنیاتنراو لەسەر سەروەریی یاسا، نەك لەسەر دەسەڵاتی چەك، چەسپاندنی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و رێزگرتن لە چوارچێوە دەستوورییەكان و رێگریكردن لە دەستوەردانی دەبنە بەربەست بۆ پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی و لاوازكردنی سەربەخۆیی دەوڵەت بە هەمان ئاست گرنگن، چونكە ئەوكات دەوڵەتی بەهێز بنیات دەنرێت كاتێك دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری لە چوارچێوەی سنوورە دیاریكراوەكانیان كار دەكەن و بە میكانیزمی روونی یاسایی لێپرسینەوە دەكەن، نەك لە رێگەی ناوەندی گوشار و دەسەڵاتەوە.

ساڤایا ئاماژەی كرد، ئێستە عێراق لە دووڕیانێكی یەكلاكەرەوە وەستاوە، بەرەو دامەزراوە سەربەخۆكان و خاوەن توانا بۆ جێبەجێكردنی یاسا و راكێشانی وەبەرهێنان هەنگاو دەنێت یان بۆ ناو گێژەڵووكی ئاڵۆزی دەگەڕێتەوە كە بارگرانیی خستووەتە سەر شانی هەمووان، ئەوەی ئێستە پێستیمان پێیەتی پاڵپشتیكردنی كاروانی ئەو وڵاتە و رێزگرتن لە دەستوور و بەهێزكردنی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و پابەندییەكی چەسپاو و جموجۆڵێكی رژدە بە دوورخستنەوەی چەك لە سیاسەت، ئەوەیە رێگەی بنیاتنانی عێراقێكی بەهێز كە جێگەی رێزی دنیا بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *