ئەگەرچی لە ئاستی سیاسیدا ئەمەریكا بە رووی سووریای ئەحمەد شەرعدا كراوەتەوە، بەڵام لە ئاستی تەناهیی هیچ متمانەیەكیان پێی نییە و لە نوێترین پێشهاتیشدا بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكا، داوا دەكات چەكدار و فەرماندەكانی داعش لەسووریا نەمێنن و یان رادەستی هەسەدە بكرێن.
تولسی گابارد بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریكا رای گەیاند، زانیاری تەواومان هەیە كە سەركردەكانی داعش بەئاگاداری حكوومەتی سووریا، لە پارێزگاكانی ئەو وڵاتە نیشتەجێ بوون.
گابارد گوتی، وادەیەكی دیاریكراویشمان داوەتە دیمەشق بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، ئەو سەركردە تیرۆریستانەی داعش ڕادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بكەن.
ئەو بەرپرسەی هەواڵگریی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە، پێویستە ساڵی 2026 گۆڕانكاری لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی لە سووریا روو بدات و واشنتنیش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی هاوپەیمانەكانیان لە سووریا (هەسەدە)، لە هەمان كاتیشدا ئۆپراسیۆنەكانیان بەردەوام دەبن بۆ رێگریكردن لە خۆڕێكخستنەوەی داعش .
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمەریكا لە رووی سیاسییەوە بەرووی حكوومەتەكەی شەرعدا كراوەتەوە، بەڵام هیچ متمانەیەكیان بە دەسەڵاتدارانی سووریا نییە و پێیان وایە وڵاتەكە پڕ بووە لە چەكداری داعش.
پەیامەكەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە كە چەكدار و سەركردە دیارەكانی داعش و سەربازەكانی سوپاكەی شەرع، پێكەوە لە سەنگەرێكدان لە سنووری پارێزگای ڕەقە، پێكەوە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە).
ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هێرشەكانی شانەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زۆر بە خێرایی زیادبوون، بە شێوەیەك لەو مانگەدا ڕێكخراوەكە 16 هێرشی ئەنجامداوە، بەهۆی هێرشەكانیش هاووڵاتی سڤیل و سەرباز بوونەتە قوربانیی.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاند: ڕێكخراوی تیرۆریستی(داعش)، هێرشەكانی لەو ناوچانە چڕكردووەتەوە كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات “هەسەدە”دان.”پاڵپشتی حكوومەت سووریایان هەیە”.
ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشكرای كردووە، هێرشەكانی داعش ئاماژەن بۆ بەردەوامی چالاكیی شانەكانی و توانای بۆ ڕێكخستنەوەی ڕیزەكانی و قۆستنەوەی بۆشایی تەناهیی.
ڕوانگەكە ئەوەشی خستەڕوو كە، شێوازەكانی هێرشەكان جۆراوجۆر بوون لە نێوان تەقینەوە و بۆسە و كردەوەی تیرۆركردن، ئەمەش ڕوون دەكاتەوە كە ڕێكخراوەكە بە تەواوی تێكنەشكێنراوە، بەڵكو شوێنی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی وەك هێزێكی هەڕەشە لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە.
















Leave a Reply