رۆژنامەنووسێك نهێنییەكانی ئاڵا تاڵەبانی هەڵدەداتەوە.. بەیعەتی بە ئەبو ئالا وەلائی داوە و ئێستە جاشە

بینەر: (4)

رۆژنامەنووسێك نهێنیی ئاڵا تاڵەبانی هەڵدەداتەوە و دەڵێ‌، ئاڵا تاڵەبانی چوو بۆ لای هاشم فینیان ڕەحیم ئەلسەراجی (ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی)، هەمان بەیعەتی ئەبو مەهدی موهەندیسی بۆ ئەو دووپات كردەوە، ئێستەیش بووەتەوە جاشەكەی جاران بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی ئۆكتۆبەر، هانا چۆمانی رۆژنامەنووس لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، عومەر فەتاح لە ساڵی 2013 گوتی، ئێمە جاشمان زۆر هەبوون لە رابردوودا، بەڵام ئاڵا تەحسین حەبیب ناسراو بە ئاڵا تاڵەبانی یەكەم ژنە لە مێژووی كورددا جاش بێت، هەر كەسێك لە شوێنی ئاڵا تاڵەبانی بووایە، دەبوو ئێستە لە پێش دادگای سلێمانی مانی بگرتایە، چونكە لاهوور شێخ جەنگی هەموو مانگێك 50 هەزار دۆلار نەسریەی پێ دەدا و سێ ئۆتۆمبێل كە یەكێكیان گوللەنەبڕ بوو و 10 پاسەوانیشی بۆ دانابوو.

ئەو نووسیویەتی، لە ساڵی 2021 كردی بە سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق لە كەركووك و پێشتریش لە هەموو هەڵبژاردنێكدا، هەرسێ جارە لەسەر داوای لاهوور شێخ جەنگی بە دەنگی ئەندامانی دژەتیرۆر، دەزگای زانیاری و كەسوكارەكانیان دەرچوو بۆ پەرلەمان، بەڵام خیانەتی لە لاهوور شێخ جەنگی كرد، دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز لە 17ی تەمووزی 2021، ویستی بچێتە كۆبوونەوەی سەركردایەتی، بەڵام بافڵ تاڵەبانی پێوەندیی پێوە كرد و پێی گوت: نەیەی بۆ كۆبوونەوە! بێیتە سلێمانی قاچت دەشكێنم. ئینجا تۆ لە سەرۆك لیستی كەركووكیش نەماویت، كاندیدی یەكێتیش نیت و لە حزبیش دەركراویت، بڕۆ بۆ لای لاهوور، ئاڵا تاڵەبانی گوتی، بەمەرجێك لە كاندید بوون دەكشێمەوە كە لانی كەم وەك سەركردایەتی یان وەك ئەندامی یەكێتی بمێنمەوە، بەڵام بافڵ گوتی شتی وا نییە، تەنیا مەرج ئەوەیە هێرش بكەیتە سەر لاهوور.

“دوای هەڵبژاردن، ساڵی 2022 ئاڵا تاڵەبانی چوو بۆ لای هاشم فینیان ڕەحیم ئەلسەراجی (ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی) و هەمان بەیعەتی ئەبو مەهدی موهەندیسی بۆ ئەو دووپات كردەوە، ئەبو ئالا وەلائی واستەیەكی بۆ ئاڵا تاڵەبانی كرد لەلای محەمەد شیاع سوودانی و گوتی بیكە بە ڕاوێژكار؛ ئیتر بوو بە ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ژنان لە ساڵی 2022، بەڵام بافڵ تاڵەبانی گوتی، دەبێت ئەو پۆستە لە ئاڵا تاڵەبانی وەربگرنەوە، ئەگەرنا دەچمە بەرەی پارتی. بەم شێوەیە پۆستەكەیان لە ئاڵا تاڵەبانی وەرگرتەوە و ئەویش تووڕە بوو و هەڕەشەی كرد كە دەچێتە ناو پارتی”، چۆمانی وای نووسیوە.

هەروەها درێژەی داوەتێ‌ و دەڵێ‌، دوای ئەو هەڕەشەیە لە بەغدا بانگیان كرد، شیعەكان بودجەیەكیان بۆ بڕیەوە و گوتیان بەبێ پۆست ئیشی خۆت بكەرەوە، ببە راوێژكاری ئەبو ئالا بۆ كاروباری كوردستان و قبووڵی كرد، بەنهێنیش ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد و بووە چاوساغی ئەبو ئالا، دوای نزیكەی سێ ساڵ، هەڵاوهۆسەی شیعەكان لە ساڵی 2024 واستەیەكیان بۆ كرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، مەرجەكانی ماڵی مام جەلال بۆ گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانی سێ شت بوون، ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت كە پێوەندیی بە لاهوور شێخ جەنگییەوە نەماوە، هێرش بكاتە سەر لاهوور شێخ جەنگی و لۆبی بۆ بافڵ تاڵەبانی بكات دژی لاهوور شێخ جەنگی لە بەغدا، ئاڵا تاڵەبانی هەموویانی جێبەجێ كرد؛ وازی لە لاهوور شێخ جەنگی هێنا، هێرشی بۆ سەر كاك لاهوور دەست پێ كرد و لە میدیاكانی عێراقدا گوتی: «كێشەی لاهوور و بافڵ خێزانییە و سیاسی نییە، كەس بۆی نییە دەستوەردان بكات.”

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە كە ئێستە ئاڵا تاڵەبانی بووەتەوە بە یەكێتی، ماڵی شێخ جەنگیشی تەرك كردووە، گەڕاوەتەوە بۆ زوڕناژەن و دەستی كردووەتەوە بە جاشایەتی لە بەغدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *