بازاڕ تووشی شۆك دەبێت.. گواستنەوەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە مەترسیی لەسەرە

بینەر: (213)

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلوول، گرووپی چەكدارانی حووسیی كۆنترۆڵكردنی گەرووی بابولمەندەبیان راگەیاند، بە گوێرەی رای توێژەران، رێڕەوی گواستنەوەی نەوت كەوتووەتە مەترسییەكی رژد و ئەوەیش بەتایبەتر سعوودییە دەگرێتەوە.

زیاد هاشمی توێژەر لە بواری وزە، رای گەیاند، یەكێك لە گرنگترین كاریگەرییەكانی كۆنترۆڵكردنی بابولمەندەب دەكەوێتە سەر ڕێڕەوی هەناردەكردنی نەوتی سعوودی بەرەو بازاڕەكان.

ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە زۆربەی هاتوچۆی بازرگانی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریكا، لەگەڵ بارە نەوتییەكان، زیاتر لە دوو ساڵە بەو ڕێڕەوەدا دەڕوات، ئەگەری ئەوە هەیە بەشێك لە گواستنەوەكان بۆ ڕێڕەوی دەریایی تر لە ڕێگەی ئەفریقیا بگوازرێنەوە.

دووپات لەوە دەكاتەوە كە مەترسیی داخستنی بابولمەندەب لەوەدایە كە ڕەنگە ڕێڕەوی هەناردەكردنی نزیكەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا لە سعوودییەوە بەرەو ئاسیا تێك بدات، كە دەتوانێت كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕەكان هەبێت.

ئەو شارەزایە هۆشداری داوە كە وەستانی ئەم هەناردانە دەتوانێت ببێتە هۆی شۆكێك لە بازاڕی نەوت و نرخەكان بەرەو ئاستی بەرزتر ببات.

باسی لەوە كردووە كە ئەگەر لە هەمانكاتدا هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب بوەستێت، دەتوانێت ببێتە هۆی تێكچوونێكی گەورە لە دابینكردنی نەوت لە جیهاندا، بە تایبەتی ئەو نەوتەی ئاراستەی بازاڕە ئاسیاییەكان دەكرێت.

ئەوەی جێی ئاماژەیە كە هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی گرووپی چەكدارانی حووسیی رای گەیاند، هاتوچۆی كەشتیی ئاساییە تەنیا بۆ كەشتییەكانی سعوودییە نەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *