هەمووشێتک بەهانەى هەیە لە کوردستان

بینەر: (1)

محەمەد فایەق

کاتی خۆی وا باو بوو کە دامەزراوە نیشتمانییەکان لەسەر بنەمای دەستکەوت، خزمەتگوزاری و کارایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا داهێنانێکی بێپێنوس لە جۆرێکی نوێی حکومەتداریدا کراوە کە تێیدا بێوێنەترین و سەرکەوتووترین دامەزراوەی کارا بریتییە لە “كارگەی بەهانەهێنانەوە”! لەم مەملەکەتەدا، بەرامبەر بە هەر شکستێکی سیاسی، پەککەوتنی کۆبوونەوەیەک، یان دروستنەبوونی کابینەی نوێ، سیستەمەکە پێشوەختە فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند و ئامادەکراو لە پاساوە درەوشاوەکان پێشکەش بە جەماوەر دەکات؛ جارێک بەهانەکە گرفتێکی یاسایی یان ئاستەنگێکی دەستوورییە، جارێکی تر ناکۆکیی ناوخۆیی و ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانە، کاتێکیش ئەم کارتە کاڵ دەبێتەوە،

بە خێرایی پەنا دەبرێتە بەر مەترسییە ئەمنییەکان، بەغدا وەک تاوانباری سەرەکی دادەنرێت، یان لەژێر چەمکی تەمومژاویی “بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی”دا تەواوی سستییەکان دەشاردرێنەوە. لەم شانۆگەرییە بێزارکەرەدا، مرۆڤ تووشی سەرئێشەیەکی فکری دەبێت و دەبێت لە خۆی بپرسێت: ئایا لە چ ساتێکدا شیكردنەوە و ڕوونکردنەوەی واقعی دەگۆڕێت بۆ بەهانەیەکی ڕووتی بێئاکام؟ مۆدێلی بەڕێوەبردن لێرە ڕێک بەم شێوەیەیە: “حکومەت پێکنەهاتووە چونکە کێشەیەک هەیە، کێشەکەش چارەسەر نەکراوە چونکە گرفتێکی قووڵتر لە پشتییەوەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە نوێیەش، بەپەلە پێویستمان بە دروستکردنی لیژنەیەکی باڵای نوێیە!” ئەم بازنە بەتاڵە سەلمێنەری ئەوەیە کە سیاسییەکانی ئێمە لێهاتوویی بێوێنەیان هەیە لە داڕشتنی پاساوی جوان بۆ شکستەکانیان لەبری دۆزینەوەی ڕێگەچارە. لە سیستەمە تەندروست و پێشکەوتووەکانی جیهاندا، سەرکردەکان و لایەنە باڵادەستەکان بەپێی ئاکامی کارەکانیان، باشترکردنی بژێویی خەڵک،

و دامەزراندنی سەکۆیەکی بەهێز بۆ دادپەروەری هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، نەەک بەپێی ڕازاوەیی و قووڵیی ئەو ڕوونکردنەوانەی کە بۆ داپۆشینی ناکاراییەکانیان دەیانهێننەوە؛ چونکە کاتێک “بەهانە” دەبێتە بەرھەمی سەرەکیی دەسەڵات، ئیتر شکست ناگۆڕێت بۆ وانە، بەڵکو دەبێتە ڕێبازێکی بەردەوام و نەبڕاوەی دەوڵەتداری.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *