ئارام جەمال خدر
لەدەستدانی نیوەی نیشتمان بۆ پاراستنی نیوەکەی تری دەسەڵاتی خێزانی، گەورەترین خیانەتە کە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا تۆمار کرابێت! ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری دوای ئەو، قەت پەیوەندی بە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتەوە نەبوو، بەڵکو قومارێکی خوێناوی بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردیان بۆ داپۆشینی قەیرانە ناوخۆییەکانیان و مانەوەیان لەسەر دەسەڵات. لە کاتێکدا پەرلەمان پەکخرابوو، مووچە دەبڕدرا و ناڕەزایەتییەکان دەگەیشتنە لوتکە، سەرکردایەتیی کورد بڕیاریدا لەبری چاکسازی و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل، هەستی نەتەوەیی خەڵک بفرۆشێت و کەرکوک بکاتە قوربانیی یارییەکی سیاسیی پێشوەختە دۆڕاو.
سەرکردەی فێڵباز هەرگیز پاساوی کەم نابێت بۆ شکاندنی بەڵێنەکانی، و هەمیشە ئامادەیە گەلەکەی بکاتە قوربانی تا تاجی سەری خۆی بپارێزێت. ئەم دوو هێزە مافیاییەی کوردستان، ڕێک بەم لۆژیکە مامەڵەیان کرد؛ کاتێک لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هێزەکانی عێراق بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد، یەکێتی بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر هێزەکانی کشاندەوە و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە شەڕکردن بێهوودەیە. لە بەرامبەریشدا، پارتی کە خۆی خاوەنی یەکەمی قوماری ڕیفراندۆم بوو، بەبێ تەقە سەنگەرەکانی چۆڵ کرد و وەک پارێزەری ناوچە نەوتییەکانی سەر بە خێزانی دەسەڵاتدار ڕایانکردەوە بۆ هەولێر. هەردووکیان، لەبری ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە مێژووییە هەڵبگرن کە بووە هۆی لەدەستدانی لە سەدا ٤٠ی خاکی هەرێم و داهاتە نەوتییەکەی، یەکتریان بە “خیانەتکار” و “فرۆشیار” تۆمەتبار کرد تا ڕووی ڕەشی خۆیان لەپشت دروشمە حزبییەکانەوە بشارنەوە.
ئەمە ستراتیژیی سیاسی نەبوو، بەڵکو تاڵانکارییەکی هاوبەش بوو کە تێیدا کەرکوک درایە دەست سوپای عێراق، تەنها بۆ ئەوەی بازرگانیی نەوت و کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ لە دەستی بنەماڵەکاندا بمێنێتەوە. ئەمڕۆش دوای ئەو هەموو ساڵە، هەمان ئەو سەرکردانەی کە هۆکاری سەرەکیی لەدەستدانی کەرکوک بوون، هێشتا لەسەر کورسییەکانیان دانیشتوون و باسی “پاراستنی قەوارەی هەرێم” دەکەن، لە کاتێکدا تاکە شتێک کە دەیپارێزن قاسەی کۆمپانیاکانیان و سامانە دزراوەکانیانە لە دەرەوەی وڵات.
ئەی ئەو نەتەوەیەی کە خوێنی ڕۆڵەکانتان بووە سوتەمەنیی ئەم قومارە دۆڕاوە؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم خەوە قووڵە بشکێنن! قبوڵکردنی دەسەڵاتێک کە ئامادەیە نیوەی نیشتمان بفرۆشێت بۆ پاراستنی ڤێلا و کۆشکەکانی خۆی، بەشداریکردنە لەو خیانەتەدا. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە تەنها لە کاتی فرۆشتنی دروشمدا پاڵەوانن و لە کاتی بەرگریکردندا یەکەم کەسن کە ڕادەکەن. ئەم مافیایانە لە شکستەکانیشدا قازانج دەکەن، و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەن بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەونە ناو زبڵدانی مێژووەوە!















Leave a Reply