شەڕی دەسەڵات

بینەر: (6.5K)

سەربەست حوسێن مەحموود

گەورەترین و دراماتیکیترین جیاوازیی ئەخلاقی لە نێوان چین و نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییانی ئاساییدا، لە تێگەیشتنیان بۆ چەمکی «کاتی سیاسی» و «کاتی ژیان»دا بەرجەستە دەبێت؛ چونکە بۆ سەرکردە و دانوستانکارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کات بڕێکی بێپایانە و سەربەستن مانگەکان و ساڵان بۆ ململانێی حزبی، دابەشکردنی وەزارەتەکان، چەنەدان لەسەر کەرتی نەوت و سەنگەرگریی ناو هۆڵە بریقەدارەکان بکوژن و بە بێپەرواییەوە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پەکی بخەن، لە کاتێکدا بۆ خێزانێکی هەژار و فەرمانبەرێکی بێمووچەی ئەم نیشتمانە، کات خولەک بە خولەک بە زەبروزەنگەوە تێدەپەڕێت و هیچ مەجالێک بۆ چاوەڕوانیی سیاسی ناهێڵێتەوە. جەماوەر ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی دوا بخات یان بیخاتە هۆڵی چاوەڕوانیی کاتی دانوستانە حزبییەکانەوە؛

باوکان و دایکان ناتوانن نانی سەر سفڕە، کڕێی خانوو، فاتورەی قورسی کارەبای ئەهلی، دەرزی و دەرمانی نەخۆشخانەکان، خەرجیی خوێندنی منداڵەکانیان و کرێی هاتوچۆی ڕۆژانە بپووکێننەوە تا ئەو کاتەی بەڕێزان لە سەر دانوستانەکانیان ڕێکدەکەون. ئەم کەمتەرخەمی و خەمساردییە درێژخایەنەی سیاسییەکان، تەنها بەفیڕۆدانی کات یان ئاڵۆزیی دەستووری نیست، بەڵکو باجێکی مرۆیی ڕاستەقینە و تۆقێنەری هەیە کە ڕۆژانە لەسەر پشتی هاوڵاتیی بێپەنا حیساب دەکرێت و بەهاکەی بە ڕووتکردنەوەی کەرامەت، خنکاندنی ئابووریی خێزانەکان و تێکشکاندنی ئاسایشی دەروونیی جەماوەر دەدرێتەوە.

لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بە ئەندازەیەک لە واقیعی جەماوەر دابڕاون کە لای ئەوان هەمیشە «بەیانی» و دەرفەتی تر بۆ دانیشتن و کۆبوونەوەی نوێ بەردەستە، بەڵام بۆ خێزانە ئاساییەکانی ئەم کوردستانە داڕزاوە، تاڵترین و تاڵاویترین حەقیقەت ئەوەیە کە پێویست و فاتورەی بەیانی، هەر ئەمڕۆ بەسەریاندا دابەزیوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *