50 هەزار هاووڵاتیی لەو سەنتەرە بێ‌ بەرانبەر چارەسەر كراون

بینەر: (71)

سەنتەری گەلیاوەی فێركاری بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و كوێرەرژێنەكان لە هەولێر، وەك ناوەندێكی پێشەنگ لە بوارەكانی چارەسەر، فێركاری و توێژینەوە، خزمەتگوزارییەكانی بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە و هۆرمۆنەكان فراوانتر كردووە.

ئێستە زیاتر لە 50,000 هاووڵاتیی خاوەنی دەفتەری نەخۆشییە درێژخایەنەكانن لەم سەنتەرە و سەرجەم خزمەتگوزاری و دەرمانەكانیان بەبێ بەرانبەر بۆ دابین دەكرێت.

سەنتەری گالیاوە كە لە ساڵی 2024 دامەزراوە، لەسەر سێ تەوەری سەرەكی (پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، فێركاری و پێگەیاندنی پزیشكانی پسپۆڕ، توێژینەوەی زانستی) كار دەكات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری سوودمەندانی سەنتەرەكە بەم شێوەیەیە بڵاو كردەوە:

– زیاتر لە 43,000 نەخۆشی گەورەساڵ.

– 1,600 منداڵی تووشبوو بە شەكرەی جۆری 1.

– نزیكەی 8,000 ئاوارەی ناوخۆیی.

سەنتەرەكە بەشێوەیەكی بەردەوام جۆرە جیاوازەكانی دەرمانی وەك ئەنسۆلین و حەپی شەكرە و دەرمانی تایبەت بە هۆرمۆنەكان دابین دەكات. هاوكات بۆ ئاسانكاری و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوونی نەخۆشان، پێداویستییە پزیشكییەكان لە ناو سەنتەرەكەوە بەسەر بنكە تەندروستییەكاندا دابەش دەكرێن.

ئەم ناوەندە پزیشكییە لە چەندین بەشی پسپۆڕی پێك هاتووە، لەوانە: ژوورەكانی ڕاوێژكاریی شەكرە و هۆرمۆن بۆ گەورە و منداڵ، ڕاوێژكاریی چاو، بەشی خۆراك، تیشك و سۆنەر، تاقیگەی پێشكەوتوو و دەرمانخانە، كە بە كوالێتییەكی بەرز خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیەنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *