گۆڕانی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە عێراقدا!

بینەر: (12.1K)

ڕێکار عومەر

کاتێک فریادڕەسێک دەمامکەکەی لادەدات و دەردەکەوێت کە خۆی گەورەترین جەللادە، ئیتر نیشتمان پێویستی بە دوژمنی دەرەکی نامێنێت! لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک داعش خەریک بوو دەرگای بەغدا بشکێنێت، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ناوی “پاراستنی خاکی پیرۆز و فەتوای مەرجەعییەت”ەوە چەکیان هەڵگرت ، بەڵام ئەمڕۆ ئەو هێزەی کە بڕیار بوو قەڵغان بێت بۆ خەڵک، گۆڕاوە بۆ مۆتەکەیەک کە قورگی دەوڵەتی گرتووە. ئەو چەکدارانەی دوێنێ دەیانگوت خێرخوازین، ئەمڕۆ بوونەتە خاوەنی بودجەیەکی خەیاڵیی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کە ڕاستەوخۆ لە قوتی خەڵکی هەژار دەبڕدرێت ! لەبری ئەوەی ببنە بەشێک لە سوپایەکی نیشتمانی، ئەوان ئابووریی وڵات و سیاسەتیان قۆرخ کردووە، و لەژێر سێبەری یاساکانی دەوڵەتدا، فەرمانەکانیان ڕاستەوخۆ لە تارانەوە وەردەگرن بۆ لێدانی بنکەکانی ئەمریکا و دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا.

هیچ گاڵتەجاڕییەک لە مێژووی سەربازیدا ناگاتە ئەو ئاستەی کە دەوڵەتێک خۆی پارە بدات بۆ دروستکردنی پەتێک تا دواتر بخرێتە مڵی خۆی! سەرکردە فەنتەڵۆسەکانی بەغدا، بە چاوساغی و بێدەنگیی هاوپەیمانە کوردەکانیان، خەریکی تێپەڕاندنی یاسایەکن بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی بکەنە وەزارەتێکی سەربەخۆ، کە خاوەنی ئەکادیمیای سەربازیی تایبەت و بڕیاردەری سەربەخۆی خۆی بێت و ژمارەی چەکدارەکانیشی گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس. بەم کارە قێزەونە، ئەوان دەیانەوێت مۆدێلی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقدا جێگیر بکەن. ئەی بۆچی ئەوانەی خۆیان بە “دەوڵەتمەدار” دەزانن ڕێگری ناکەن؟ چونکە خاڵۆژن و پور و منداڵە لوسکەکانی ئەم بەرپرسانە، هاوبەشی دزییەکانی دەروازە سنوورییەکان و نەوتی قاچاخن لەگەڵ هەمان ئەو فەرماندە چەکدارانەدا، بۆیە لە ترسی لەدەستدانی کۆشکەکانیان، سەروەریی عێراقیان هەڕاج کردووە

جەستەی ئەم عێراقە نەخۆشە هێندە کونکون بووە بە دەستی ئەم چەکدارە کرێگرتانە، تەنانەت وشەی “سەروەری”ش تێیدا شەرمەزارە. کاتێک هێزی کۆمەڵە چەکدارەکان و خێڵ لە هێزی سوپای دەوڵەت گەورەتر بوو، ئەوا دەوڵەتەکە بە فەرمی چووەتە قۆناغی داڕمان و مەرگەوە.” ئەمڕۆ حەشدی شەعبی نەک هەر هێزی سوپای عێراقی تێپەڕاندووە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی فشاری گەورە کە ئەگەر حکومەت یەک هەنگاو بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران بنێت، ئەوا بە مووشەک و درۆن وەڵامی دەدەنەوە. ئەوان خۆێن و ئارەقەی شەهیدانی ساڵی ٢٠١٤یان کردووەتە سەرمایەیەک بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ئابووریی خۆیان و سەپاندنی باجی سەرانە بەسەر کاسبکاراندا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *