17 هەزار و 688 كوژراوی داعش لە عێراق بە شەهید تۆمار كراون

بینەر: (938)

لە عێراقدا دەركەوتووە لە سەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمی و محەمەد شیاع سوودانی، 17 هەزار و 688 كوژراوی داعش بە شەهید هەژمار كراون و خێزانەكانیان مانگانە مووچە وەردەگرن.

عەبدولئیلا نائیلی سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق ئاشكرای دەكات، وەزیری ناوخۆ زانیاریی وردی لەبارەی 17 هەزار 688 مووچەخۆرەكە بۆ ناردوون، چەكدار و كوژراوی داعشن، بەڵام ئێستە وەك شەهید یان قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و مووچەی شەهیدانە و خانەنشینییان بۆ بڕاوەتەوە.

دەشڵێت ئەم ناوانە لە هەرسێ پارێزگای نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار تۆمار كراون، زانیارییەكان لە كاتی پرۆسەكانی ئازادكردنەوەی ئەو شارانەدا، لەناو ئەرشیڤ و كۆمپیوتەرەكانی ڕێكخراوی داعشدا دۆزراونەتەوە.

سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، دۆسیەكە و لیستی ناوەكان ڕەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كراوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەیان بدرێت.

حكوومەتەكەی عەلی زەیدی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەم كەیسە دروست كردووە، لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو فەرمانبەر و بەرپرسە مەدەنیانە دەكرێت كە دەستیان هەبووە لە تێپەڕاندنی ئەم مامەڵە ساختانە و تێكەڵكردنی ناوی تیرۆریستان بە لیستی شەهیدانی شەڕی داعش.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *