ڕێگریی هەناردەی نەوت و داخستنی فڕۆكەخانەكان.. بێدەنگی و هەڵوێستی دژیەكی میلیشیاكان

بینەر: (3)

لە دوای پابەندبوونی بەغدا بە داخستنی فڕۆكەخانەكانی عێراق بە ڕووی فڕۆكەكانی ئێران، شەپۆلێكی هەڕەشە و ناڕەزایی لەلایەن میلیشیاكان دژی ئەو بڕیارە دروست بووە و هەڕەشەی مانگرتن لە ناو فڕۆكەخانەكان دەكەن. شارەزایەكیش دەپرسێ، بۆچی ئەو گرووپ و خەڵكە دژی ئێران ناڕەزاییان دەرنەبڕی كە ڕێگریی لە هەناردەی نەوتی ئێران دەكرد، بەرانبەر بە بڕیارێك كە زیانی بۆ ئێران هەیە هاتوونەتە دەنگ، بەڵام شتێك زیان بە عێراق بگەیەنێت، بێدەنگی لێ دەكەن.

حكوومەتی عێراق دوێنێ شەموو ئاشكرای كرد، لەگەڵ واشنتن گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەكات، تا فڕۆكەخانەكانی عێراق ببەخشرێن لە سزاكان و گەشتەكانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامی پێ بدەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە میلیشیاكان و حزبەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەڕەشەی مانگرتن لە بەردەم فڕۆكەخانەكانی عێراق دەكەن، وەك ناڕەزایەتییەك لە پابەندبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.

بەغدا دووپات لەوە دەكاتەوە، وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان هاتوچۆی نەخۆش و قوتابی و سەردانكەری مەزارە ئاینییەكان پەكدەخات، سەرەڕای ئەوەی دەروازە سنوورییەكان تا ئێستە كراوەن و هاتوچۆی وشكایی تێیاندا بەردەوامی هەیە، لە كاتێكدا جووڵەی فڕۆكەوانی لە نێوان هەردوو وڵات وەستێنراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بڵاوی كردەوە، حكوومەت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی دەكات، تا حاڵەتی تایبەت بە هەندێ لە فڕۆكەخانەكانی عێراق بدرێ و لەو سزا و ڕێوشوێنانە ببەخشرێت، بەخشینەكە بۆ گەشتی مرۆیی دەبێت كە پێوەستە بە چوونی نەخۆش بۆ چارەسەر و هاتن و چوون بە مەبەستی خوێندن و سەردانی مەزارە ئاینییەكان، ئەمەیش بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەردوولا دەپارێزێت.

بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە بەردەوام خەڵكی ئێران بۆ سەردانی شوێنە ئاینییەكان ڕوو لە عێراق دەكەن، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عێراقیش بۆ خوێندن و چارەسەری پزیشكی دەچنە ئێران، ئەمەیش وایكردووە هاتوچۆی فڕۆكەوانی لە نێوان هەردوو وڵات بە بەردەوامی بوونی هەبێت.

ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی عێراق قسەیان بۆ فرانس پرێس كردووە و دەڵێن، جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران، ناچاریان دەكات لەبری گەشتی ئاسمانی، پەنا بۆ بژارەی گەشتی وشكایی بەرن، كە بۆ چوونە ئێران بە مەبەستی چارەسەر پێویستە 12 سەعات ڕێگە ببڕن.

عێراق هاوشێوەی وڵاتانی تر هەرزوو پابەندبوونی بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر كەرتی فڕۆكەوانیی ئێران ڕاگەیاند، دوای ئەوەی سكۆت بێسنتی وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بە فەرمی كەرتی فڕۆكەوانیی ئێرانی خستە ناو لیستی سزاكانەوە و دووپاتی كردەوە، هەر فڕۆكەخانەیەك مامەڵەیان لەگەڵ بكات و سووتەمەنییان پێ ببەخشێ و ڕێ بە نیشتنەوەیان بدات، ڕووبەڕووی سزای قورسی ئەمەریكا دەبێتەوە.

زۆر لە كۆمپانیاكانی بیانی و فڕۆكەخانەكان بەردەوامی یارمەتی نیشتنەوە و بەخشینی سووتەمەنی فڕۆكەیان بە فڕۆكەكانی ئێران دەبەخشی، بەڵام لە دوای 23 ی ئەم مانگە و سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی، ئەمە كۆتایی هات.

لەوبارەیەوە فڕۆكەخانەی خومەینی لە تاران ئاشكرای كرد، گەشتە ئاسمانییەكان بۆ توركیا و مالیزیا و چین و پاكستان و ڤێتنام و ئەفغانستان، بەگوێرەی كارنامەی خۆیان بەردەوامییان دەبێت، تەنیا گەشتەكان بۆ عێراق و ئیمارات و عومان و جۆرجیا هەڵوەشێنراونەتەوە.

لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی بەغدا بە داخستنی فڕۆكەخانەكان بە ڕووی فڕۆكەی ئێرانی، عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری كاروباری نێودەوڵەتی رابەری ئێران، هێرشی كردە سەر عێراق و سەرۆكی حكوومەتی عێراق، هاوكات چوارچێوەی هاوئاهەنگیشی بە مایەپووچ و بەتاڵ ناو برد بەهۆی ئەوەی بە تەواوی لە بەرانبەر ئەو بڕیارە بێدەنگن.

ویلایەتی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، دوژمن دەیەوێ گۆڕەپانەكان تێكبدات و قەرەبووی شكستەكەی لە گۆڕەپانی سەربازی بكاتەوە، ئەو دابەشبوون و تێكدانە لە نەجەف دەركەوت، كاتێك فڕۆكەخانەكە بە ڕووی گەشتی سەردانكەرانی ئاینی داخرا.

هاوكات ویلایەتی ڕووی لە زەیدی كرد و دەڵێ، شەرعییەت لە واشنتنەوە نییە، بگرە لە نەجەفەوەیە، هاوكات هێرشی كردە سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە لەسەر خوێن و متمانەی بەرەی موقاوەمە و خوێنی شەهیدان دروست بوو، ئەمڕۆ بێدەنگ و مایەپووچە، ئەو گۆڕەپانانەی بە خوێن بەیەكەوە لكێنراون، پیلانگێڕییەكان ناتوانن لە یەكتریان جیا بكەنەوە. لە سەنعاوە بۆ نەجەف یەك بەرەی موقاوەمە بوونی هەیە.

لە بەرانبەردا ئەكرەم كەعبی سەرۆكی بزاوی نوجەبا، هێرشی كردە سەر هەڵوێستەكەی حكوومەت بە پچڕاندنی گەشتی ئاسمانی لەگەڵ ئێران، داوای لە هاووڵاتییان كرد ئامادە بن بۆ مانگرتن لە ناو فڕۆكەخانەكانی بەغدا تا بڕیارەكەی ئەمەریكا دەشكێنرێت.

زیاتر گوتی، ئیمە زۆر ناوەستین، ئەگەر پرسەكە چارەسەر نەكرێت و لە ژێر هەژموونی ئەمەریكا دەرنەچین و گەشتەكان دەست پێ نەكەنەوە، ئەوا داوای مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە ناو فڕۆكەخانەكانی عێراق لە خەڵك دەكەین.

غالب دەعمی چالاكی سیاسیی عێراق بۆ شەرق ئەوسەت گوتی، عێراق پابەندە بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ئەمە تەنیا لە كەرتی فڕۆكەوانی كورت ناكرێتەوە، بگرە بانكی بازرگانی عێراق 12 ملیار دۆلاری ئەمەریكی كە خاوەندانی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە، دەستبەسەر كردووە، گەمارۆ و سزاكانی كەرتی فڕۆكەوانی ئێران گەمارۆیەكی لاوەكییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *