كونسوڵی كۆریای باشوور بۆ “وشە”: بە سروشتی كوردستان سەرسامم

بینەر: (8)

ئیون گیوو شیم كونسوڵی نوێی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان، قسەی بۆ “وشە” كرد و دەڵێ، بە سروشتی جوانی ناوچەكانی كوردستان سەرسامم، دەمانەوێ پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین و لە سەرجەم بوارەكانەوە پەرەپێدان بكەین.

كونسوڵی نوێی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی بۆ “وشە” گوتی، كۆریای باشوور و هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی لەمێژینەیان هەیە و لە 2002ەوە دەستی پێ كرد، لەو كاتەی تیمی سەربازی زەیتوون هاتنە هەرێمی كوردستان، ئێمە بەشداریمان لە دووبارە بنیاتنانەوە و پرۆسەی ئاشتی لە هەولێر كرد.

زیاتر گوتی، لەو كاتەوە ڕێكخراوی كۆیكا هاتووەتە هەرێمی كوردستان و چەندان پڕۆژەی گرنگی لە بواری پەروەردە و تەندروستی و هاریكاری، ئێمە پێوەندییەكەمان لە دووبارە بنیاتنانەوە و جێگیركردنی ئاشتی دەستی پێ كرد، گۆڕا بۆ پەرەپێدانی پەروەردەیی و ئاڵوگۆڕی تواناكان و هاتن و چوونی شارەزایان لە نێوان هەردوولاوە و هاریكاریی بازرگانیش لە نێوانمان دروست بوو.

ئاماژەی بەوەیش دا، زۆر دڵخۆشم كە كۆریای باشوور ڕۆڵی هەبووە لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە بواری پەروەردە و كۆمەڵایەتی، وەك دەزانن كۆریای باشوور یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە بواری تەكنەلۆجیا و كولتوور، لە هەرێمی كوردستانیشدا بۆچوونی باش هەیە و هەستی باش هەیە، وەك ئەوەی خەڵكی كۆریای باشوور هەیانە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، بەرهەمی كۆریای باشوور و كولتوورەكەی لە هەرێمی كوردستان خواستی زۆری لەسەرە، ئەمە بنەمایەكی باشە بۆ پەرەپێدان لە زۆر بوارەوە، دەمەوێ پێوەندییەكانی هەردوولا لە هەموو بوارەكانەوە بەرەوپێشەوە بچێت. بەردەوام دەبین لە كارەكانمان بۆ پێشاندانی چۆنیەتیی پێشكەوتنی كۆریای باشوور و ئەزموونەكەی بۆ هەرێمی كوردستان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *