دۆسیەی پێوەندییەكانی چین و ئێران لە دیداری لووتكەی ترەمپ و شی ئەمڕۆ پێنجشەم تاوتوێ دەكرێ، دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی بەردەوامیی گەیشتنی كاروانی هاریكاری و كەلوپەل لە چینەوە بۆ ئێران هەڵدایەوە، كە دەكرێ ئەو كەلوپەلانە لە دروستكردنی مووشەك و درۆن بەكار بهێنرێن و سەرجەمیان گەیەنراونەتە وەزارەتی بەرگریی ئێرانەوە.
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی بەپشتبەستن بە داتاكانی گومرگی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، نزیكەی هەزار و 300 بار كە كەلوپەلی پێویست بۆ بەكارهێنان لە چەندان بواری جیاواز لەخۆ دەگرن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی حوزەیران/یۆنیۆ گەیشتوونەتە دەست وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئەو ژمارە زۆرەی بارهەڵگرانە پێكهاتەی ئەلیكترۆنی زۆریان تێدا بووە، دەكرێ لە دروستكردنی بەشەكانی درۆن و سیستمی ئاراستەكردنی مووشەك بەكار بهێنرێن، بەشێكی ئەو بارهەڵگرانە لەو ڕۆژەدا گەیشتوونەتە ئێران كە پەكین باسی لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكرد.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، دوو ڕۆژ دوای گەیشتنی ئەو كاروانانە، داتاكان ئەوەیان خستووەتە ڕوو، 12 بارهەڵگری تر كە بایی شەش ملیۆن دۆلار كەلوپەلیان هەڵگرتبوو، گەیشتوونەتە ئێران و سەرجەمیان دەكرێ لە دروستكردنی درۆن پشتیان پێ ببەسترێت.
تا ئێستە سروشتی فرەبەكارهێنانی ئەو كەلوپەلانە نەسەلمێنراوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە كە سەرجەمی ئەو كەلوپەلانە بۆ مەبەستی سەربازی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەكار هێنراون، چونكە ئەو لایەنەی ئەو بارانەی ڕادەست كراوە، بریتییە لە وەزارەتی بەرگریی ئێران.
ئەو زانیارییانە وا دەكات دۆسیەی هاریكاری ئێران لەلایەن چینەوە بخاتە بەردەم گفتوگۆكانی نێوان ترەمپ و شی لە دووەم دیداریان لە ماوەی ئەمساڵ كە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجام بدرێت. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە واشنتن و پەكین دەیانەوێ ناكۆكییە فراوانەكانیان لە دۆسیەی بازرگانی و تایوان و ژیری دەسكرد و كانزا دەگمەنەكان بێ گرژی دژی یەكتر بەڕێوە ببەن.
چین یەكێكە لە گرنگترین هاوبەشە ئابوورییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت لە دۆسیەی وزە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان بە ڕێژەی 90%ی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەڕوات، ئەمەیش وایكردووە بازاڕی چین ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات بۆ ئێران.
لە واشنتن داواكان بۆ باسكردنی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ سەرۆكی چین و گوشار خستنەسەر پەكین بۆ پێداچوونەوە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران زۆرن، جین شاهین سیناتۆری دیموكراتەكان گوتی، پێویستە لەسەر ترەمپ داوای وەستانی پشتیوانی ئابووری و سەربازیی چین بۆ ئێران بكات.
زیاتر گوتی، كۆمپانیاكانی چین و هۆنگ كۆنگ پێكهاتەی ئەلیكترۆنی پێویست بۆ دروستكردنی مووشەكی بالیستیك و درۆن ڕەوانەی ئێران دەكەن، لە بەرانبەردا بە ئاشكرا پەكین خۆی وەك لایەنێكی لە ململانێكان دەبینێت كە بێلایەنە و دەیەوێ گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران كەم بكاتەوە.
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە میانەی گفتوگۆكانی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە، پێویستە واشنتن و تاران ددان بەخۆدا بگرن و بۆ لێكگەیشتن و گفتوگۆكان بگەڕێنەوە.
پێشتر چەندان ڕاپۆرتی تر لەبارەی هاریكاری چین بۆ ئێران لە جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێران بڵاو كرانەوە، دیارترینیان ناردنی وێنەی مانگە دەستكردەكانی بنكەی سەربازی مۆفەق سوڵتی ئەمەریكا بوو لە ئوردن، ئێران بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەسكردەكان كە لەلایەن چینەوە پێی دراوە. بۆردمانی بنكە سەربازییەكەیان كرد و بەوهۆیەوەیش سێ سەربازیی ئەمەریكی كوژران.
لە بەرانبەر ئەو زانیارییانەدا چەندان جار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆشداریی بە چین دا، تا هاریكاری ئێران نەكات و چەندان بانك و كۆمپانیا و دامەزراوەیی چینیشی خستە ناو لیستی سزاكانەوە، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی پەكین لە یارمەتیدانی تاران بوەستێت و بەگوێرەی دوا ڕاپۆرتی وۆل ستریت جۆرنال، پشتیوانیكردنی پەكین لە تاران بەردەوامە.
















Leave a Reply