هەرێمی کوردستان لە پێوەری جیهانیی پەروەردەدا پێش وڵاتە زلهێزەکان دەکەوێت

بینەر: (6)

زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لێ درا، کاتێک زیاتر لە 123 هەزار منداڵی کورد بۆ یەکەم جار جانتای خوێندنیان کردە شانیان و هەنگاویان نایە ناو پۆلەکانەوە، ئەوان تەنیا نەچوونە ناو بینایەکی ئاساییەوە، بەڵکو بوونە بەشێک لە سیستمێکی پەروەردەیی کە لە ڕووی پێوەرە زانستییەکانەوە، پێش چەندان وڵاتی پێشکەوتووی جیهان کەوتووە. ئەم شۆڕشە بێدەنگەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە کە بەغدا بەهۆی نەناردنی بودجە و دروستکردنی ئاستەنگی بەردەوامەوە لە ساڵانی رابردوو، دەستی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دامەزراندنی نوێ بەستووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە حەوت هەزار و 590 قوتابخانەدا دەخوێنن، بۆ ئەم سوپایە لە قوتابیان، حكوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن پەرتووکی نوێی چاپ کردووە کە بە بۆنی مەرەکەبی نوێوە خرانە بەردەستی قوتابیان. ئەوەی جێگەی سەرنجە، گۆڕانکاریکردنە لە 110 پرۆگرامی خوێندندا، کە چیتر پشت بە کۆمپانیای بیانی نەبەستراوە، بەڵکو لەلایەن شارەزایان و مامۆستایانی ناوخۆییەوە ئامادە کراون. گۆڕانکارییەکان بۆ شەش زمان و شێوەزار (کوردیی سۆرانی، کوردیی بادینی، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی) کراون، کە بابەتەکانی کیمیای پۆلی 11، تەکنەلۆجیای زانیاری بۆ پۆلەکانی حەوت و هەشت، بیرکاری بۆ پۆلەکانی چوار، پێنج، شەش و 11، لەگەڵ چەندان بابەتی تر دەگرێتەوە، ئەمەش نەک تەنیا پارەیەکی خەیاڵیی بۆ خەزێنەی گشتی گەڕاندووەتەوە، بەڵکو پرۆسەکەی بەتەواوی خۆماڵی کردووە.

خاڵی هەرە بەهێز و سەرسوڕهێنەری ئەم ئامارانە، لە داتای مامۆستایان و ڕێژەی قەرەباڵغیی پۆلەکاندا دەردەکەوێت. کۆی گشتیی ستافی پەروەردەیی لە کوردستان 176 هەزار و 735 کەسە، لەو ژمارەیە 31 هەزار و 219 کەسیان فەرمانبەرن، ئەوەی دەمێنێتەوە 137 هەزار و 516 کەسیان مامۆستان (کە پێکدێن لە 107 هەزار و 426 مامۆستای هەمیشەیی و 30 هەزار و 90 مامۆستای گرێبەست). ئەگەر ژمارەی کۆی قوتابیان دابەشی سەر ژمارەی مامۆستایان بکەین، دەردەکەوێت کە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر مامۆستایەک، تەنیا 12.7 قوتابی بەردەکەوێت (واتە کەمتر لە 13 قوتابی بۆ هەر مامۆستایەک).

ئەم ژمارەیە کاتێک دەبێتە جێگەی شانازی و دەستکەوتێکی نیشتمانی، کە بەراورد بکرێت بە ستانداردەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD). لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا بۆ هەر مامۆستایەک 16 قوتابی هەیە، لە فڕەنسا 14 قوتابی و لە ئەڵمانیاش 13 قوتابی بۆ هەر مامۆستایەکە. واتە هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی تەرخانکردنی مامۆستا بۆ قوتابی، لە زۆرێک لە وڵاتە زلهێز و پێشکەوتووەکانی دنیا لە پێشترە، ئەمەش وای کردووە مامۆستا بتوانێت کات و سەرنجی زیاتر بخاتە سەر هەر قوتابییەک و جۆریەتیی پەروەردە بەرز بکاتەوە.

ئەوەی ئەم دەستکەوتە گەورەتر دەکات ئەوەیە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ژینگە ستانداردەی لەژێر قورسترین گوشاری داراییدا فەراهەم کردووە. لە کاتێکدا حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەردەوام کێشەی بۆ مووچە و بودجەی کوردستان دروست کردووە و دەستی هەرێمی بۆ دامەزراندنی مامۆستای نوێ بەستووەتەوە، بەڵام حكوومەتی کوردستان نەک هەر پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژی کردە گرێبەست بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە لە ستانداردە جیهانییەکەی دانەبەزێت.

لە ڕووی ژێرخانیشەوە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2026، وەک هەڵمەتێکی ئاوەدانیی بەردەوام، 236 قوتابخانەی نوێی دروست کردووە (کە پارێزگای دهۆک بە 73 قوتابخانە پشکی شێری بەرکەوتووە)، هەروەها 476 پۆلی نوێی بۆ قوتابخانەکان زیاد کردووە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی تەواوەتیی دوو هەزار و 650 قوتابخانە (کە سلێمانی بە هەزار و 211 قوتابخانە لە پێشەنگی نۆژەنکردنەوەدایە).

لە کۆتایی ئەم کاروانە پەروەردەییەشدا، کەرتی خوێندنی باڵا ئامادەیە بۆ لەئامێزگرتنی ئەم نەوەیە. ئێستە 34 زانکۆ (16 حكوومی و 18 تایبەت)، لەگەڵ 166 پەیمانگە و کۆلێژ، درێژە بە پێگەیاندنی نەوەکان دەدەن. لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا 186 هەزار و 400 قوتابی لەسەر دەستی 13 هەزار و 855 مامۆستای زانکۆ دەخوێنن، کە ئەمەش تەواوکەری ئەو شۆڕشە بێدەنگەیە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی تۆکمەتر بۆ کوردستان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *