25ی ئەیلوول.. رۆژی پێشاندانی ئیرادەی سەربەخۆیی كوردستان

بینەر: (9)

سبەی 25ی ئەیلوول نۆ ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان تێپەڕ دەبێـت. ریفراندۆم بووە پتەوكردنی زیاتری هەستی نیشتمانی لای تاكی كورد و پێكەوەژیانی زیاتر كرد، جیا لەوەیش پێگە و خواستی كوردی بۆ سەربەخۆیی پێشان دا.

ساڵی 2017 سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی بۆ كوردستان دا و ریفراندۆمەكەیش بە سەركەوتوویی لە 25ی ئەیلوولی هەمان ساڵ ئەنجام درا.

بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ كوردستان، یەكێكە لەو بڕیارانەی كە تەواوی كوردستانییان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات تا ئێستەیش شانازیی پێوە دەكەن، پێیان وایە تاكە بڕیار بووە كە كورد تێیدا یەكگرتوو بووە.

سەرۆك بارزانی كە رابەرایەتیی ریفراندۆمەكەی دەكرد، تا دوا قۆناغی بەتەواوی هەوڵی سەرخستنی دا، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پشتگیری نەكردنی بەشێك لە وڵاتان، ئەنجامی ریفراندۆمەكە تا ئێستە وەك خۆی ماوەتەوە كە زیاتر لە 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە “بەڵێ”‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا.

لەگەڵ دەستنیشانكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی پێكهێنرا و چەندان كۆبوونەوەی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد، چەندان بڕیاری گرنگی دا و هاوكات چەندان شاند پێكهێنرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی تر، دواجاریش لە 25ی ئەیلوول، گەلی كوردستان دەنگی بە “بەڵێ” بۆ ڕیفراندۆم لە پێناو سەربەخۆیی دا.

ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی 2017، 25ـی ئەیلوول، وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی كوردستان دەستنیشان كرا و ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی پێكهێنرا.

لەو چوارچێوەیەدا گەلی كوردستان بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە 25ی ئەیلوول، بە بەڵێ دەنگیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دا، زیاتر لە 92% هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەشدارییان كرد و لە لاپەڕەكانی مێژوو بووە ڕۆژێكی گرنگ و پرشنگدار.

لەو كاتەوەی تا ئێستە كە بڕیاری ریفراندۆم درا، باسی گەرمیی میدیا جیهانی و ناوخۆییەكان بووە، ئێستەیش بەشێك لە نووسەر و ڕۆژنامەوانان وای دەبینن، تاكە بڕیاری كورد بووە لەم چەند ساڵەی دوای جێگەی بایەخی خەڵك بووە.

د. ساڵح مەلا عومەر چاودێری سیاسی، بۆ “وشە” گوتی، بڕیارێكی گرنگی كورد بوو كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆی ئەنجام دا، لەو ڕێیەوە كورد بە وڵاتانی دنیای گوت كە تینووی سەربەخۆییە و تاهەتایەیش بۆ ئەوە تێدەكۆشێ‌.

هاوكات د. ناسیح غەفوور سیاسەتوانی دیاری كورد، بە “وشە”ی راگەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیارێكی مێژوویی و پیرۆزی گەلی كورد بوو، لای هەموو كورد ئەو پرۆسەیە جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشی بوو، بۆیە لە مێژووی گەلی كورددا ئەو رووداوە وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوە دەمێنێتەوە و بۆ تاهەتایە دەبێتە جێی شانازی هەمووان.

سەرۆك مەسعوود بارزانی كە رابەرایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانی كرد، ئەو كاتە بۆ كەناڵی “جەزیرە” تیشكی خستە سەر وردەكارییەكانی پرۆسەكە و گوتی، رەنگە هەندێك وا بزانن ئەنجامدانی ریفراندۆم هەڵە بوو، بەڵام دروست و دەستووری بوو و مافی رەوای گەلی كوردستان بوو.

سەرۆك بارزانی لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی دەستووریی بڕیاری ریفراندۆم گوتی، رەنگە هەندێك وا بزانن ریفراندۆم هەڵە بووبێت، بەڵام بە بۆچوونی خۆم و سێ ملیۆن هاووڵاتیی كوردستان، بڕیارێكی دروست و یاسایی و دەستووری و مافێكی سروشتی گەلی كوردستان بوو.

ساڵی 2020 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فڕانس 24، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەدڵنیاییەوە ریفراندۆم ھیچ ھەڵە نەبوو. پێش ھەموو شتێك ئێمە ریفراندۆممان ئەنجام دا بۆ ئەوەی بزانین خەڵكی خۆمان چی دەڵێن. ئەوە دەربڕینی خواستی خەڵك بوو كە پرۆسەیەكی تەواو دیموكراسی بوو. خەڵك تەنیا بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە كە چییان دەوێت. ئەوە راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بۆیە ئەگەر بە واقیعی قسە بكەین ئەوە تەنیا دەربڕینی بۆچوون و خواستی خەڵك بوو كە چییان دەوێت. ئێمە دەرگامان بۆ گفتوگۆكردنیش لەگەڵ بەغدا بە كراوەیی بەجێھێشت. بەڵام بەداخەوە ئەوەی نایاسایی بوو، كاردانەوەی بەغدا بوو كە ھێزی بەكار ھێنا لە دژی پرۆسەیەكی دیموكراسی. چونكە كوردستان بەپێی یاسا بەشێكە لە عێراق و ئێمە ھیچ كات سەربەخۆییمان رانەگەیاندبوو.

دووپاتی كردەوە كە ریفراندۆم ھەڵە نەبوو، بەڵكو تەنیا دەربڕینی خواستی خەڵك بوو و ھۆكاریش ھەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە، ئەویش بەھۆی خراپ مامەڵەكردنی حكوومەتی بەغدا بوو لەگەڵ كورد كە چۆن كورد فەرامۆش دەكران و پشتگوێ دەخران.

“ھەموو كات گوتوومانە دەستوورمان ھەیە، پێویستە بەغدا بەتەواوی جێبەجێی بكات، ئێمە باوەڕی تەواومان ھەیە كە جێبەجێكردنی دەستوور، یەكێكە لە ھۆكارە سەرەكییەكان بۆ ئەوەی ئێمە پێكەوە بژین و وڵاتێك بنیات بنێین، بەداخەوە بەغدا ھاوبەشیی ئێمەی قبووڵ نەكرد و ئێمەش گوتمان نامانەوێت پشتگوێ بخرێین و بەكەم سەیر بكرێین. چونكە پێوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ھاوبەشی و دابەشكردنی دەسەڵات بنیات نراون”، سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوتبوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *