بەڵێن جەمال بابەکر
دوو سەرکردە لە ژێر ڕووناکی چلچرا گرانبەهاکانی کۆشکێکی شاهانەدا دانیشتوون، بە قەڵەمێکی ئاڵتوونی واژۆ لەسەر کاغەزێک دەکەن و بە زەردەخەنەیەکی ساختەوە دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتری بۆ ڕاگەیاندنی “ڕێککەوتنێکی مێژوویی”! لە هەمان کاتدا و لە دەرەوەی دیوارەکانی ئەو کۆشکە، هاوڵاتییەک لە ژێر گەرمای چل پلەی هاویندا ئارەقە دەڕێژێت و خەریکی ڕاکێشانی پەتێکی پچڕاوی مۆەلیدەیە بۆ ئەوەی تەنها پانکەیەک بۆ منداڵەکانی بخاتە کار. ئەگەر مێژوو بەو شێوەیە سەرکەوتوو و پڕ لە دەستکەوت بوایە کە ئەوان مانگانە واژۆی لەسەر دەکەن، ئەوا ئەمڕۆ خەڵک لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی دوو کاتژمێر کارەبای نیشتمانیدا پیر نەدەبوون. لێرەدا، مێژوو نەبووەتە تۆماری پێشکەوتن، بەڵکو بووەتە دەفتەری قەرزێکی درێژخایەن بۆ فرۆشتنی درۆی بەردەوام بە نەتەوەیەک کە لە تاریکیدا دەژی.
جۆرج ئۆروێل لە ڕۆمانی “١٩٨٤”دا باس لە “وەزارەتی فراوانی” دەکات، کە کاری سەرەکیی ئەوەیە ڕۆژانە مژدەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بدات بە گوێی خەڵکدا، لە کاتێکدا لە واقیعدا هاوڵاتییان لەوپەڕی برسێتی و نەبوونیدا دەژین. ئەم ڕێککەوتنە “مێژووییانەی” سەرکردەکانی ئێمەش ڕێک هەمان وەهمی ئۆروێلیین؛ ئەوان وشەی زەبەلاحی وەک “مێژوویی” تەنها بۆ شاردنەوەی شکستە جوگرافی و ڕۆژانەییەکانیان بەکاردەهێنن. کاتێک دەسەڵاتێک ناتوانێت کێبڵێکی کارەبا بۆ گەڕەکێک ڕابکێشێت یان وێستگەیەک بەگەڕ بخات، ناچارە قەیرانەکە بە بەرهەمهێنانی وشەی قەبە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی قەرەباڵغ دابپۆشێت. بۆ ئەوان، ڕێککەوتن ئامرازێک نییە بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵک، بەڵکو تەنها حەپێکی هێورکەرەوەیە بۆ ئەوەی خەڵک لە تاریکیدا خەویان لێ بکەوێت.
ئەم یاریکردنە بە کات و مێژوو، سووکایەتیکردنێکی ڕەهایە بە کەرامەت و هۆشیاریی شەقام. ئەگەر بەڕاستی ئێوە هەموو مانگێک خەریکی نووسینەوەی مێژوون و کێشەکانتان بڕیوەتەوە، ئەی بۆچی هێشتا وڵات بە سیستەمی کۆنی ئامێرە دووکەڵاوییەکان و مۆەلیدەی ئەهلی بەڕێوە دەچێت؟ ئەو سوپایە لە وەزیر، جێگر، و ڕاوێژکارانە کە وەک سێبەر بەدوای یەکترەوەن کاریان چییە ئەگەر نەتوانن گڵۆپێکی ماڵێک داگیرسێنن؟ ئەو ملیۆنان دۆلارەی باج و داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان دەچێتە گیرفانی کێوە، لە کاتێکدا هاوڵاتی دەبێت پارەی کارەبا و ئاو و تەنانەت هەواش بداتە کۆمپانیا حیزبییەکان؟ ئێوە کە ناتوانن بەرپرسیارێتیی ڕووناککردنەوەی یەک شەقام لە ئەستۆ بگرن، چۆن ناو لە خۆتان دەنێن پاڵەوانی قۆناغە سەختەکان؟
ئەمە حوکمڕانی نییە و ئەمەش ڕێککەوتنی سیاسی نییە؛ ئەمە تەنها شانۆگەرییەکی تاڵانچییانەیە کە تێیدا دەسەڵاتداران بەناوی مێژووەوە داهاتوومان دەدزن، و لە جیاتی ڕووناککردنەوەی نیشتمان، تەنها فلاشی کامێراکانیان پێشکەش کردووین.
















Leave a Reply