ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ڕاپۆرتێكی لەبارەی یەكگرتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر ناونیشانی “پێشمەرگە یەكدەگرێتەوە: ئایا واشنتن كۆتایی بە ناكۆكییەكانی ناوماڵی كورد دەهێنێت؟” بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، سەرەڕای ئەوەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئاڵنگاریی سەرەكی بەردەم هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە، دوای یەكخستنەوەیان دەست پێ دەكات، ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە تا چەند دەتوانێ ئەو هێزانە لە ململانێ و ناكۆكیی سیاسی دوور بخاتەوە و دۆسیەی سیاسی تێكەڵی بابەتی سەربازی نەكرێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەچێتە ناو قۆناغێكی نوێوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی تەواوكردنی پرۆسەی یەكگرتنەوە و ڕێكخستنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم هەنگاوە بە فەرمی كۆتایی پێهێنرا و پێكهاتەی سەربازی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نامێنێت، بەڵام ڕاگەیاندنی ئەو پرسە جیا لە گرنگییەكەی، كۆتایی بە دۆسیەی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە كوردییەكان ناهێنێت كە چەند دەیەیەكە ناكۆكی قووڵی سیاسی بوونی هەیە، بگرە لەبری كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكان، ناكۆكییەكان بۆ تاقیكردنەوەیەكی زۆر ئاڵۆز دەگوازێتەوە، كە ئەویش توانای دامەزراوە سەربازییە نوێكانە لە بەردەوامبوون و دوور لە هاوسەنگی حزبی و دەستوەردانی حزبی لە كاروبارەكانیان.
سەرەڕای ئەوەی ئەم هەنگاوە گرنگییەكی تایبەتی هەیە، لە 2016ەوە بە پشتیوانی ئەمەریكا كاری لەسەر دەكرێ و چاكسازیی ڕژد لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی یەكەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەیی و لێهاتوویی پێشمەرگە گیراوەتەبەر، چوار ساڵیش دوای واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنە لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، بۆ پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و بەگوێرەی یاداشتە واژووكراوەكەیش، پێویستە چاكسازی و دامەزراوەیی و لێهاتوویی ئەو هێزە جیا لە یەكگرتنەوەی بە تەواوی بەرەوپێشەوە ببرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لەم مانگەدا تەواوكردنی پرۆسەی یەكخستنەوەی پێشمەرگەی ڕاگەیاند، كە لە پەیكەر سەركردایەتی و كۆنترۆڵكردنی هێزەكان لە دەستەیەكی نوێ ڕێكخراونەتەوە و لیوا و فیرقە و فەرماندەیی ناوچە سەربازییەكان لەخۆ دەگرن، فەرماندەی هەر ناوچەیەك ئەركەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، وەزارەتەكە ئەو هەنگاوە لە ئەنجامی كاركردنی چەندان ساڵ دەگەڕێنێتەوە و بە گرنگییەوە باسی لە پشتیوانی بەردەوامی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات.
ئەو ڕۆڵەی واشنتن لە بەدیهێنانی ئەو ئەركە گێڕاویەتی، هاندانە لە چاكسازی و نەهێشتنی كاریگەریی سیاسی و گۆڕینی هێزەكانە بۆ هێزی پیشەیی و كارگێڕی و پەیكەربەندی گونجاو ڕێكخراو، ئەمەریكا پشتیوانی بۆ پێشمەرگە تەنیا نەبەستووەتەوە بەوەی كە پێشمەرگە شەڕی داعشی كردووە، بگرە چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگەی كردووە بە بەشێك لە پێوەندییە تەناهییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و نوێكردنەوەی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان هەردوولا لە 2022 پشتڕاستكردنەوەی ئەوەیە، واشنتن بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیی ئەو هێزە، بە مەرجێك بە تەواوی ڕێكخراو و یەكگرتوو و پیشەیی بن.
ئاڵنگاری گەورە لە بەردەم ئەو پرۆسەیە تەنیا ڕاگەیاندنی یەكخستنەوەی پێشمەرگە نییە، بگرە دابەشبوونی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی كێشەیەكی كارگێڕی نەبووە، بگرە پێوەستە بە مێژوویەكی درێژی كێبەركێ و ناكۆكیی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی، بۆیە یەكخستنەوەی یەكەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەت، واتە كەمبوونەوەی تەواوەتی كاریگەری حزبی بەسەر بڕیاری سیاسی.
قۆناغی دوای یەكخستنەوەیان هەستیار و گرنگ دەبێت، توانای وەزارەتی پێشمەرگە لە بەڕێوەبردنی هێزەكان و سەرچاوەكان و چەكداركردن و دامەزراندن و بڵاوەپێكردن و جووڵاندنیان و بەگوێرەی بنەماكانی یەك دامەزراوە، گۆڕانكاری لە پۆستەكان و جێهێشتنی پەیكەربەندی پێشووی پێشمەرگە، ئەركێكی گەورە و قورس دەبێ لە بەردەم وەزارەتەكە.
هێزەكانی پێشمەرگە بەسەر 11 فیرقەی پیادەڕۆی و چەندان لیوایەك لە پەیكەربەندی و ڕێكخستنەوە نوێیەكە دابەش كراون و لە چەند ساڵی ڕابردوویش جیا لە ئەمەریكا، هێزەكانی بەریتانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، پشتیوانی و مەشق و ڕاوێژیان بە هێزەكانی پێشمەرگە بەخشیوە، لە چوارچێوەی چاكسازی و پێشخستنی توانای ئەو هێزە.
ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە پرسیاریكی تر لەبارەی داهاتووی ئەو هێزە یەكگرتووە دوای تەواوبوونی ماوەی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەهێنێتە ئاراوە، هەڵمەتی یەكخستنەوەیان بەشێوەیەكی تۆكمە بە هاوبەشایەتی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی پێوەست كرابوو، بەڵام دوای نەمانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی، بڕیاری ناوخۆی كوردی ئەو پابەندییانە تێدەپەڕێنێت، كە ڕێككەوتنی تەناهیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێ داوە؟.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و بۆ ئەو ئامانجەیش لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆی بەردەوامدایە. لێرەوە پرسیارێكی تر دێتە كایەوە، ئەگەر یەكگرتنەوەی پێشمەرگە بە هاندان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی واشنتن بێت، ئایا لەگەڵ بوونی ناكۆكی سیاسی لە نێوان پارتی و یەكێتی كاریگەریی لەسەر ئەو یەكگرتووییەی هێزی پێشمەرگە دروست دەكات یان نا؟
ئەمانە ئاڵنگاری و تاقیكردنەوەی قورسن و لە دوای یەكگرتنەوە بەرۆكی وەزارەتی پێشمەرگە دەگرن، جیا لەوەیش پێوەندیی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە رووی سەربازییەوە هەنگاوی باش بەرەوپێشەوە دەچێت، چونكە بوونی هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو هاوئاهەنگیی تەناهی لەگەڵ هێزەكانی تری عێراق ئاسانتر دەكات. بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و وەستانە بە ڕووی هەڕەشە تەناهییەكان.















Leave a Reply