واشنتن پۆست: هێرشی حووسییەكان فشەڵی دۆستایەتیی ترەمپ و سعوودیەی دەرخست

بینەر: (973)

ئەو هێرشانەی حووسییەكان كردیان و دەیكەنە سەر دامەزراوەكانی نەوت و وزە و ژێرخانی ستراتیجی سعوودیە و بێدەنگیی واشنتن و ترەمپ بەرانبەر بەو هەڵمەتانە، لە پەراوێزی گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران و پاشكۆیەتی حووسییەكان بۆ تاران، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پێوەندییە دۆستایەتییەكانی نێوان ترەمپ و سعوودیە فشەڵ و لەرزۆكە و ستراتیجی نییە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، سعوودیە رووبەڕووی گوشارێكی زۆر بووەتەوە، دوای ئەوەی دامەزراوە نەوتییەكان و بۆڕییەكانی نەوتی هێرشیان كرایەسەر، ئەمە جیا لە هێرش بۆ سەر بنكە سەربازییەكان و ژێرخانی وزە و سێكتەرە گرنگەكانی تر، لە بەرانبەردا حووسییەكان دەسكەوتی مەیدانیی گەورەیان لە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای یەمەن بەدەست هێناوە و نزیك بوونەتەوە لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی گەرووی بابولمەندەب، كە یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە بازرگانییەكان لە دنیا.

لە بەرانبەردا ئەمەدا، ترەمپ تا ئێستە هیچ دەستوەردانێكی سەربازیی ئەمەریكای لە دژی حووسییەكان بڕیاری لێ نەداوە و وەڵامی ئەو پێشهاتە نوێیەی نەداوەتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە حكوومەتەكەی خەریكی بەڕێوەبردنی لێكەوتەكانی جەنگ و بەردەوامیدان بە ململانێكانی نێوان واشنتن و ئەمەریكا، گرنگترینان گرانبوونی نرخی بەنزین و گاز و گوشار لەسەر كۆگە ستراتیجییەكانی ئەمباركرنی نەوت لە ئەمەریكا.

بەرپرسێكی حكوومەتی یەمەن كە لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەكرێت، بۆ واشنتن پۆست بەو مەرجەی ناوی بڵاو نەكرێتەوە قسەی كردووە و دەڵێ، ئەو داواكارییانەی سعوودیە پێشكەشی واشنتنی كرد، تا یارمەتی بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەكان، هیچ وەڵامێكی واشنتنی بەدوا دانەهات و بێ وەڵام ماوەتەوە، حكوومەتی یەمەن هەست بە بێهیواییەكی زۆر دەكات، بەرانبەر بێدەنگی و نائامادەیی ترەمپ بۆ بەشداریی لە جەنگ دژی حووسییەكان.

ئەو بەرپرسانەی حكوومەتی یەمەن دووپات لەوە دەكەنەوە، سەرەڕای ناردنی داواكاری بۆ هاوكاری و یارمەتی، بەڵام ترەمپ و حكوومەتەكەی وا مامەڵە دەكەن كە هیچ داواكارییەكیان پێ نەگەیشتووە و گوێبیستی نەبوون.

لەگەڵ ترەمپ ڕۆژانە لێدوان و پۆستی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام باس لە پێكدادانی نێوان حووسییەكان و سعوودیە ناكات، لە دوا پێوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە محەمەد بن سەلمان، سەرۆكی ئەمەریكا پێی ڕاگەیاندووە كە دۆخەكە باش دەبێت، دواتریش گوتی، حووسییەكان لەگەڵ واشنتن گفتوگۆیان كردووە و پێیان ڕاگەیاندووین، ئەوان نایانەوێ لەگەڵ ئێمە تووشی ڕووبەڕووبوونەوە بن و ڕێ بە تێپەڕینی سەرجەم كەشتییەكانمان لە گەرووی بابولمەندەب دەدەن، ئەوان كێشەیان لەگەڵ سعوودیە هەیە و لەگەڵ ڕیاز بە تەنیا ململانێ و مامەڵە دەكەن.

دواتر ترەمپ دووپاتی كردەوە، هیوا دەخوازێت بە زوویی كۆتایی جەنگ ببینێت، ئێران دەیەوێ لەگەڵمان بگات بە ڕێككەوتن، بەڵام هیچ وردەكارییەكی تری لەبارەی سروشتی ڕێككەوتنەكە و میكانیزمی كۆتاهێنان بە گرژییەكان نەخستە ڕوو.

مایكڵ راتنی باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە سعوودیە بۆ ڕۆژنامەكە دەڵێ، شانشینی سعوودیە چەند دەیەیەكە وەبەرهێنان لەسەر هاوبەشایەتیی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، وەك ئامادەكارییەك بۆ وەستانەوە بە ڕووی هەڕەشەی لەمجۆەری ئێستە هەیە، ئەو ساتەی كە ڕیاز چەندان ساڵە چاوەڕێی دەكات تا واشنتن پشتیوان و یارمەتیدەری بێت، واشنتن هیچ جووڵەیەكی نەكرد وەك ئەوەی سعوودیە چاوەڕوانی لێ دەكرد.

لە بەرانبەردا بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی ترەمپ بێ ئەوەی ناوی بڵاو بكرێتەوە، بۆ واشنتن پۆست ئاماژەی داوە، ئەمەریكا سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە سەرەكییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەتی، لە ناویشیاندا ئازادیی كەشتیوانی لە دەریای سوور و توانای هاوبەشانمان لە ناوچەكە بۆ ئەوەی لە دۆخێكی باشی مامەڵەكردندا بن لەگەڵ ئاڵنگارییە تەناهییەكانی ناوچەكە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە واشنتن بە بەردەوامی لەگەڵ حكوومەتی سعوودیە و حكوومەتی یەمەن لە گفتوگۆدایە، تا ئارامی و جێگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئامادە نەبوو كە باس لە داواكاری سعوودیە لە واشنتن بۆ یارمەتیدانی بخاتەڕوو.

لە بەشێكی تری قسەكانی بەرپرسەكە گوتی، ئەمەریكا چاوەڕوانی ئەوەی لە حووسییەكان هەیە پابەندی ئاگربەست بن كە لە مانگی ئایار/مایۆی 2025 ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *