هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شانشینی ئوردن و سعوودیە و كوێت، هۆشدارییەكی ورد و بە پەلەیان گەیاندووەتە دەستی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە هەر هێرش و وەڵامدانەوەیەكی میلیشیاكان بۆ بۆردمانەكەی سعوودیە و ئەمەریكا، دووبارە بۆردمانكردنەوەی قورسی بارەگای میلیشیاكانی لێ دەكەوێتەوە.
سەرچاوە سیاسییە باڵاكانی عێراق بۆ “العربی الجدید” دووپاتیان كردەوە، هەوڵەكانی ئێستەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی بۆ ئەوەیە، ڕێگریی لە وەڵامدانەوەی میلیشیاكان لە بەرانبەر بۆردمانەكەی سعوودیە و ئەمەریكا بكات، چونكە ئەمەریكا و ئوردن و سعوودیە و كوێت هۆشدارییان گەیاندووەتە زەیدی و بە وردی ڕوونیان كردووەتەوە، میلیشیاكان وەڵامی سعوودیە بدەنەوە یان هەر هێرشێكی تر بكەنە سەر سعوودیە و ئوردن، بە فەرمی و بە توندی بۆردمان دەكرێنەوە.
بەرەبەیانیی چوارشەمی ڕابردوو فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكا و سعوودیە، بۆردمانی بارەگاكانی حەشدی شەعبییان لە باشوور و باكور و ڕۆژهەڵاتی عێراق كرد، بەوهۆیەوە 20 كەس كوژران و 32 كەسی تریش بریندار بوون. ئەمەیش سەردانەكەی زەیدی بۆ سعوودیە هەڵوەشاندەوە كە بڕیار بوو پێنجشەمی ڕابردوو بگاتە ڕیازی پایتەختی سعوودیە.
سێ سەرچاوەی سیاسیی عێراق بۆ ڕۆژنامەكە ئاماژەیان بەوە دا، ئێستە عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەت دەستی بە جووڵەیەكی فراوان بە یارمەتی بەشێك لە سەركردەكانی سیاسی و ئاینی كردووە، تا ڕێگری لە وەڵامدانەوەی سعوودیە بكەن، لە كاتێكدا پێشتر گرووپە چەكدارەكان بڵاویان كردەوە، پاش چلەی ئیمام حوسێن وەڵامی ڕیاز دەدەنەوە.
یەكێك لە سەرچاوەكان ئاشكرای كرد، زەیدی ئێستە دەیەوێ لێكەوتەكانی بۆردمانەكە نەهێڵێت، چونكە مەترسیی ڕژد هەیە كە هێرشی نوێ بكرێتە سەر وڵاتانی درواسێ، ئەمەیش وا دەكات ئەو وڵاتانە دووبارە بۆردمانی بنكەكانی ئەو میلیشیایانە لە عێراق بكەنەوە.
لەوبارەیەوە هۆشداریی بە بەغدا لەلایەن ئەمەریكا و سعوودیە و ئوردنەوە دراوە، هەر هێرشێكی نوێی میلیشیاكان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بە هێزی زۆر وەڵام دەدرێنەوە و پرەنسیپی وەڵام و وەڵامدانەوە مامەڵە دەكەن، چۆڵكردنی بەشێك لە بارەگای میلیشیاكان وایكردووە كە حكوومەت ئاسوودە نەبێ، چونكە ئەوە ئاماژەیە كە نیازی هێرشێكی تریان هەیە، بەر لەوەی هێرشەكە ئەنجام بدەن، بارەگاكانیان چۆڵ دەكەن تا لە ئەگەری وەڵامدانەوە زۆرترین زیانیان پێ نەكەوێت.
محەمەد ئەسعەد توێژەری تەناهی گوتی، ئێستە میلیشیاكانی ئێران لە بەردەم دوو بژارە سەرپشك كراون، یان ڕادەستكردنی چەكەكانیان بە حكوومەتی عێراق و نەهێشتنی ئەو تەنگژەیەی دروستیان كردووە، یان چاوەڕوانبوونی بۆردمانی چڕی بارەگای میلیشیاكانی ناو ڕیزی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمەریكاوە، بەردەوامبوونی میلیشیاكان لە بۆردمانكردنی وڵاتانی دراوسێ، واتە ڕازیبوون بە بژارەی دووەم، ئەمەیش جیا لە بۆردمانی بارەگاكانیان لەلایەن ئەمەریكاوە، سزای ئابووری و سیاسیش بە دوای خۆیەوە دەهێنێت.
زیاتر گوتی، پێویستە میلیشیاكان بە شێوەیەكی عاقلانە و لۆجیكیانە بیر بكەنەوە و بڕیار بدەن، بە پێچەوانەوە عێراق دەخەنە بەردەم ئاڵنگاری زۆر گەورە و مەترسیدارەوە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە سعوودیە گوتی، ئەو بۆردمانەی شانشینی سعوودیە لە عێراق ئەنجامی دا، دوای گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە یاسایی و دیپلۆماسییەكان و زۆرترین ددانبەخۆداگرتن بوو لە چەند مانگی ڕابردوو.
كەناڵی “ئیخبارییە”ی سعوودیە لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاوی كردەوە، ڕیاز سوورە لەسەر پێوەندییەكی باش لەگەڵ حكوومەتی عێراق و گەلەكەی، بۆردمانەكانیش لە دژی حكوومەت و گەلی عێراق نەبوون، بگرە میلیشیاكانیان كردووەتە ئامانج.
ئەوەیشی گوت، میلیشیاكان بەردەوام هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی سعوودیە و دامەزراوەی مەدەنی و ئابووری وڵاتەكەمان بە ئامانج دەگرن، وەڵامدانەوەكەی ئێمەیش وەڵامێكی ڕوون و سنوورداركراو بوو و تەنیا دامەزراوە سەربازییەكانی میلیشیاكانی كردە ئامانج.
هاوكات بەرپرسێكی باڵای عێراق بۆ “حوڕە” ئاشكرای كردووە، هەریەك لە سعوودیە و ئوردن پەیامێكی هۆشدارییان گەیاندووەتە بەغدا و پێشتریش كوێت بەهەمانشێوە لە ڕێی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە، پەیامێكی لەو جۆرەی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە كە مافی بەرگریكردن لە خۆیان و وەڵامدانەوەیانە، ئەگەر میلیشیاكان هێرشیان بكەنەسەر.
















Leave a Reply