زەیدی لە بەرانبەر گوشاری میلیشیاكان فڕۆكەخانەكانی بۆ ئێران دەكاتەوە؟

بینەر: (5)

هەفتەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا گەمارۆی خستە سەر كەرتی فڕۆكەوانی ئێران و داوای لە وڵاتان كرد بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای دۆلار نەبنەوە، پێویستە پابەندی سزای نوێی سەر ئێران بن و پێشوازی لە گەشت و فڕۆكەكانی ئێران نەكەن، هاوكات ئێران نارازییە و میلیشیاكانی دەستیان كردووە بە هەڕەشەكردن لە حكوومەتی عێراق، بەڵام ئەو بابەتە چۆن چارەسەر دەكرێت؟

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە هەستیاریی بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی سزای ئەمەریكا، لە سروشتی تێكئاڵاویی عێراق و ئێران دێت، رێوشوێنێكی سنوورداری كاریگەریی تەكنیكی و سیاسی نییە، رەنگدانەوەی كۆمەڵایەتی و ئابووریشی هەیە، دەیان هەزار قوتابی عێراقی لە ئێران دەخوێنن، و قوتابی ئێرانیش لە عێراقن، جیا لەوانەی بۆ چارەسەری دەچنە ئێران، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نادات كە میلیشیا و هێزەكانی نزیك لە ئێران بتوانن وا لە حكوومەت بكەن لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە، بەتایبەتی كە ئەو بابەتە پێوەستە بە بڕیاری نێودەوڵەتی.

روونی كردەوە، لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە 2020، پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی بە دەركردنی هێزە بیانییەكان دەركرد، بەڵام راستەوخۆ جێبەجێ نەكرا و رێوشوێنەكان رێككەوتن و ساڵانێكی خایاند، بۆیە ئەو بابەتە تەنیا پێوەست نییە بە هەڵوێستی سیاسییەوە، دەكرێ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە، بەڵام ئەگەر نەكرا، دوو بژارە هەن، دروستبوونی كاردانەوەی تەناهی و سیاسی و حزبی ناوخۆیی، واتە سەروەری وڵات دەكەوێتە مەترسییەوە، یان هەمووان پابەندی بڕیارەكە دەبن.

لای خۆیەوە سەیف سەعدی شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەگەرێكی دوورە حكوومەتی عێراق لە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی فڕۆكەوانی ئێران پاشگەز ببێتەوە، ئەوەش بە رەچاوكردنی مەترسییەكانی رەنگە دووچاری بانكە عێراقییەكان ببنەوە، لە حاڵەتی سەپاندنی سزای ئەمەریكا بە سەریان.

روونی كردەوە، عێراق وڵاتێكی بەرهەمهێن نییە و ئەو پارەی لە فرۆرشتنی نەوت دەستی دەكەوێت لە بانكی فیدراڵیی ئەمەریكا هەڵدەگیرێت، ساڵانە سەرۆكی ئەمرەیكا فەرمانی ژمایە 13303 بۆ پاراستنی پارەی عێراق لەو بانكە نوێ دەكاتەوە، ئەو وریایی لە سەپاندنی سزا بەسەر دامەزراوەكانی عێراق دا كە كاریگەری لەسەر مووچە هەیە، ئەوەش وای كردووە دۆسیەكە تەنیا ناكۆكیی سیاسی نەبێت و بگاتە ئاستی سەقامگیریی ئابووری وڵات و بژێوی خەڵك.

سەعدی ئاماژەی كرد كە هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەو مەترسییانە دەزانن، بۆیە بەشێك لە ناڕەزایەتییەكانیان رەنگە جۆرێك بێت لە خۆبەتاڵكردن یان تۆماركردنی هەڵوێست بەرانبەر بە ئێران، بۆ دەرخستنی رەتكردنەوەیان بۆ سیاسەتی حكوومەتی عێراق بێ ئەوەی بگاتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بەو شێوەی بەرژەوەندییەكانیان بخاتە مەترسییەوە.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی لە پەرلەمان هەیە و دەتوانێت سەرۆك وەزیران مێوانداری بكات و لێپرسینەوە لەگەڵ حكوومەت بكات، واتە ئامرازی دامەزراوەیی بە دەستە دەتوانێت ئەگەر لە هەڵوێستەكەی رژد بێت، بەكاریان بێنێت، هەرچی لێدوانی عەلی ئەكبەر ویلایەتییە بەرانبەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی كە بە چوارچێوەیەكی بەتاڵ لەسەر دیواری دەسەڵات وەسفی كرد، ئاماژەی سیاسی هەیە و بەرجەستەی بێزاریی ئێران لە هەڵوێستی هێزە نزیكەكانی لە عێراق دەكات.

سەعدی باسی ئەوەی كرد كە ئەگەری هەیە میلیشیاكان جموجۆڵ بكەن و و بانگەشەی خۆپێشاندان و چوونە ناو فڕۆكەخانەكان و پەكخستنیان بكەن، بەڵام ئەگەری نییە ئەوانە ببنە هۆی گۆڕینی بڕیارەكە، چونكە ئەوانەش بەرژەوەندیی ئابوورییان هەیە و هەوڵی پاراستنی لە سزای ئەمەریكا دەدەن، بۆیە عێراق پابەندی سزاكەی سەر ئێران دەبێت و هێزە نەیارەكانیش لە ناڕەزایەتی لە رێگەی دەركردنی بەیاننامە بەردەوام دەبن، دەكرێ گوشارەكان لە رێگەی گواستنەوەی زەوینی كەم بكرێنەوە، بەتایبەتی پێوەست بە سەردانیكارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *