دنیا چاوی لە بۆڕیی نەوتی كوردستانە و عێراقیش بە تاكە دەرچەی رزگاربوونی خۆی دەزانێت

بینەر: (975)

محەمەد شیاع سوودانی داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ڕێگە بدات ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیلی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕییەكانی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە بكرێت.

عێراق بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی بەندەری هورمزەوە پەرێشان بووە، چونكە تاكە سەرچاوەی داهاتی ئەو پارەیەیە كە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەكەوێـت.

ئێستە بەهۆی هێرشەكانەوە ناتوانێ لە بەسرەوە نەوت هەناردە بكات، بەڵام بۆڕیی كوردستان جەیهان تاكە هەلی عێراقە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ‘ئەل مۆنیتۆر’، ئەم داوایەی بەغدا دوای ئەوە دێت نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بەشێوەیەكی خێرا بەرز بووەتەوە.

بۆڕییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كە دەچێتەوە بەندەرە جیهانییەكان، توانای هەیە ڕۆژانە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە.

بەرپرسێكی باڵای هەرێم كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بە ‘ئەل مۆنیتۆری’ـی گوتووە، هەرێمی كوردستان چەند مەرجێكی بۆ حكوومەتی عێراق هەیە، ئەوانیش، كۆتاهێنان بەو گەمارۆ ئابوورییەی بەغدا خستوویەتییە سەر هەرێم و پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بە هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكان و بازرگانیی دەرەكی.”

ئیدارەی ترەمپ، بە چڕی هاتووەتە سەر هێڵ و فشار دەخاتە سەر هەردوولا بۆ ڕێككەوتن، چونكە واشنتن دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت بۆڕییەكانی كوردستان بكەونەوە گەڕ بۆ كەمكردنەوەی پەستانی سەر بازاڕی وزە.

هاوكات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، ‘ئەل مۆنیتۆر’ دەڵێت: “گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران، هێرشەكانیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان و فڕۆكەخانەی هەولێر چڕ كردووەتەوە.”

ئێستە دنیا پێویستی بە بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەمەش وادەكات دەرفەتێكی گەورە بۆ هەرێم بڕەخسێت، هەلومەرجێكی تری ئابووریی بێتە ئارا و ئەگەری هەیە ئەم دۆخە كوردستان لە قەیرانی ئابووری رزگار بكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *