جەنەراڵێكی ئیسرائیلی بە دووری دەزانێ هەر هەوڵ و پلانێكی ئیسرائیل بۆ هەڵوەشانەوە و لەناوبردنی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران سەركەوتوو نابێ و تەنیا پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێ، لە زنجیرەیەك ناوچە كە ڕژێم دەسەڵاتی لە دەست داوە یان زۆر لاواز بووە، هەڵمەتی بەردەوامی لەلایەن هێزی لۆكالییەوە لێ ئەنجام بدرێ، ئەوكاتە ڕژێم بە تەواوی هەڵدەوەرێت.
دورون هدار جەنەراڵی خانەنشینكراوی سوپای ئیسرائیل، لە بابەتێكی لە ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرەنۆت” نووسیویەتی، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ئیسرائیل بەشێوەیەكی ورد كاری لەسەر هەڵوەشانەوەی میحوەری شەڕ كە ئێران و لبنان و كەرتی غەزە بوونی هەیە، ئەم ستراتیجییە سەرەكییە كە بە وردی پشتی بەستووە لە بە ئامانجگرتنی سەركردە باڵاكانی ئێران و گرووپەكانی لە لبنان و كەرتی غەزە سەركەوتوو نەبوو.
ئاماژەی داوە، هەریەك لە عەلی خامنەیی و حەسەن نەسروڵا و ئیسماعیل هەنییە لە بازنەی بڕیاری میحوەری شەڕ لەناو بران، بەڵام كەسانی تر شوێنیان گرتنەوە، هەرچەندە وا دەردەكەوێ شوێنگرەوەكانیان كەمتر كارێزماییان هەیە و بێ ئەزموونن، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوان توندڕۆترن لەوانەی پێش خۆیان و دەیانەوێ تۆڵەی كوشتنی كەسی یەكەمیان بكەنەوە، بۆیە پشتیوانی بەردەوامی ڕێبازێكی ئایدلۆجی زۆر توندڕۆ دەكەن.
هاوتەریب لەگەڵ بە ئامانجگرتنی سەركردەكانی میحوەری موقاوەمە، ئیسرائیل كاری لەسەر وێرانكردنی ژێرخانی سەربازی حەماس و حزبوڵا كرد، بەڵام ئەزموونی كەرتی غەزە ئەوەی سەلماند كە سەركەوتنی سەربازی بە تەنیا بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانی ستراتیجی و دوورمەودا.
غەزە هیچ دەسەڵاتێكی شوێنگرەوەی حەماسی لێ دروست نەبوو، هەروەها هێزێكی فەلەستینی میانڕۆ نەیتوانی كێبەركێ لەسەر ناوچەكە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بكات، دەرئەنجامی ئەوە، بزووتنەوەی حەماس توانی دووبارە خۆی ڕێك بخاتەوە و ژمارەی چەكدارانی زۆر زیاد بكاتەوە و بەردەوامیش لە سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەكە و ئامادەیش نییە ڕاستەوخۆ ملكەچی سوپای ئیسرائیل بێت.
حەماس ئێستەیش هێزی یەكەم و باڵادەستی كەرتی غەزەیە، ئەگەر تەلئەبیب بیەوێ لە ڕێی سەربازییەوە گۆڕانكاری دروست بكات، دەبێ بۆ ماوەیەكی یەكجار درێژ بەردەوام بێ لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی، چونكە بۆردمانكردن و نزیككردنەوەی حەماس لە لەناوچوون و دواتر وازهێنان لێی، وا دەكات دووبارە دەربكەوێتەوە و دروست ببێتەوە.
لە لبنان وێنەكە جیاوازە، ئیسرائیل ئامادەیە بە لێكگەیشتن لەگەڵ حكوومەتی لبنان كار بكات و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە سوپای لبنان خەریكە پێگەی خۆی لە سنوورەكانی باشووری لبنان جێگیر دەكات، ئەو پرۆسەیە زۆر ئاڵۆز و لەسەرخۆیە و پێویستی بە پشتیوانی ئەمەریكی و ئیسرائیلی بەردەوام و هەمیشەیی هەیە، ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا بەهۆی لاوازی پێگەی حزبوڵا و كەمكردنەوەی هەژموونیەتی، بێ ئەوەی پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بێت.
لە ئێرانیش دەسكەوتی گرنگ هەن، سەركردەكانی پاسداران و ژێرخانی سەربازی زۆر بە ئامانج گیراون، ئەمانە ڕووداوی قووڵن ڕوویان داوە، لە هەمان كاتدا هەوڵەكان هەن بۆ بەهێزكردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دۆزینەوەی شوێنگرەوەی سەركردایەتیی ئێران، تەنانەت مەشقپێكردن و چەكداركردنی گرووپە بەرهەڵستكارەاكنیش بوونی هەیە، هاوكات باس لە هەوڵێكی مۆساد دەكرێ، بۆ دانانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد بە سەرۆكی نوێی ئێران، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانە، كەچی بە تێپەڕینی كات ڕژیمی ئێران بەردەوامە لە كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات و دەرفەتی ئەو پلانانەی نەهێشتووەتەوە.
ناوچەكە ڕووبەڕووی گرژی زیاتر دەبێتەوە، بەتایبەت بەهۆی گەرووی هورمزەوە، بۆیە هەڕەشەی بەردەوام لە نێوان هەردوولا بەردەوامی هەیە و هێز لە دژی یەكتر كۆ دەكەنەوە، بۆردمانە سنووردارەكان لەلایەن ئەمەریكا و ئێرانەوە، لە چوارچێوەی ململانێیەكی بەردەوام بە ئامانجی بەهێزكردنی توانای وەڵامدانەوە و فرەوانكردنی هەژموون بەردەوامی دەبێت، لە كاتێكدا دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ستراتیجی ئێران دەكات، لە ناویاندا دامەزراوەكانی نەوت و كارەبا و غاز، چونكە ئەو گەیشتووە بەو باوەڕەی كە لێدان لە ئابووری ئێران، دەبێتە هۆی تێكچوونی جێگیری دۆخی ناوخۆی ئێران و ڕژێمی ئیسلامی لە ناوخۆی وڵاتەكەوە.
لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستە ستراتیجییەكی جیاوازتر بگرنەبەر، ئەگەر دەیانەوێ كۆتایی بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بهێنن، ئەو ستراتیجە بەكارهێنراو و ئەزموونكراوە و پێویستە لەبری ئەوەی هەوڵی كوشتنی كەسی یەكەم بدەین، پێویستە لە بنكەی جەماوەرییەوە بۆ لووتكەی سەركردایەتی دەست پێ بكەین.
پێویستە ئێران لەسەر بنەمای ناوچەی جیۆگرافی دابەش بكرێت، سەرنج و هەوڵەكان لەسەر یەك ناوچە كۆ بكرێنەوە و تواناكانی ڕژێم لەو ناوچەیە بە تەواوی لاواز بكرێت، كەشێكی لەبار بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بڕەخسێنرێت كە دژی ڕژێم ڕاپەڕین و هانیان بدات، كە سەركردایەتییەكی لۆكالی جێگرەوەی ئێران دروست بكەن.
دوای دروستكردنی سەركردایەتیی ئەو ناوچەیە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەلە یارمەتی بدات و ددانی پێدا بنێن و پشتیوانیی تەناهی و مادی و مەعنەوی ئەو سەركردایەتییە بكەن، تا هەوڵی فراوانكردنی دەسەڵاتەكەی بدات.
ئێران دەوڵەتێكی فراوان و فرەڕەگەز و ناوچەیە، هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردن و دەستگرتن بەسەری بە یەكجار كارێكی ئەستەمە، پێویستە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بە دروستكردنی زنجیرەیەك ناوچەی ئازادكراو بێت، دوای ئازادكردنی ناوچەیەك هەوڵی ڕزگاری بەشێكی تری ئێران بدرێت. ئەمەیش دەبێتە زنجیرەیەك ناوچە كە دەستیان بەسەردا دەگیرێ و لەوێشەوە بەردەوام پەل بۆ ناوچەی تر بهاوێژن.
ئەو جەنەراڵە لە كۆتایی بابەتەكەیدا نووسیویەتی، گرنگرترین پەند و وانە كە لە ساڵانی ڕابردوو وەرمانگرتووە، لە بە ئامانجگرتنی سەركردەكان بە تەنیا بەس نین، چونكە ڕێكخراو و ڕژێمەكە زۆر توندڕۆن و توانای دروستكردنی سەركردەی شوێنگرەوەیان هەیە، بەڵام كاتێك ئەو ڕژێم و گرووپانە بەشێوەیەكی سیستماتیك كۆنترۆڵی خەڵك و خاكیان لە دەست دەردەچێت، ئەوكات گێڕانەوەی توانا و دەسەڵاتیان زۆر قورس و دەگمەن دەبێت.
















Leave a Reply