سبەی لە هەرێمی كوردستان و لە كەشێكی ئارام و پڕ لە خزمەتگوزاری پەروەردەیی، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لێ دەدرێت، قوتابیانی كوردستان بە پەرتووكی نوێ و دەیان قوتابخانەی نوێ و سەتانی تری نۆژەنكراو دەست بە خوێندن دەكەن.
یەك ملیۆن و 750 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەكەنەوە
هاوشێوەی ساڵەكانی تر، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ دەدات و دوای ئەوەیش پڕۆسەكە بەدڵسۆزی مامۆستایان و بە پەرۆشی قوتابیان و كەسوكاریان پڕۆسەی پەروەردە بەردەوام دەبێت.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 750 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەكەنەوە و حەوت هەزار و 590 قوتابخانە پێشوازی لە قوتابییان دەكەن.
هەروەها سبەینی بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە 123 هەزار قوتابی نوێ دەچنە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی و نزیكەی 19 ملیۆن پەرتووكی نوێ ئامادە كراون.
گۆڕانكاری لە 110 پەرتووك و پرۆگرامی خوێندندا كراوە
بەپێی داتاكانی وەزارەتی پەروەردە، 137 هەزار و 516 مامۆستا و 31 هەزار و 219 فەرمانبەر سەرپەرشتیی پرۆسەی خوێندن دەكەن، تا هاوشێوەی ساڵانی تر پەروەردەی كوردستان لەسەر پێ بوەستێ و خزمەت بە قوتابیان بكرێت. بۆ ئەمساڵ گۆڕانكاری لە 110 پەرتووك و پرۆگرامی خوێندندا كراوە و سەرجەم گۆڕانكارییەكانیش لە لایەن شارەزایان و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە كراون.
گۆڕانكارییەكان بریتیین لە پەرتووكی كوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی، زانستەكانی پۆلەكانی شەش، هەشت و نۆی بنەڕەتی، بیركاریی پۆلەكانی چوار، پێنج، شەشی بنەڕەتی و 11ـی ئامادەیی، كیمیای پۆلی 11 و تەكنەلۆژیای زانیاری بۆ پۆلەكانی حەوت و هەشت، لەگەڵ چەندین گۆڕانكاریی تر.
بۆ ئەمساڵی خوێندن 236 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی نوێ دروست كراون و 476 پۆلی نوێ لەنێو قوتابخانەكاندا زیاد كراون، هەروەها دوو هەزار و 650 قوتابخانەیش نۆژەن كراونەتەوە.
كێشەی میلاكی مامۆستایان تارادەیەكی زۆر چارەسەر كراوە
لەبارەی دەسپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بۆ “وشە” گوتی، جیاواز لە ساڵانی رابردوودا بۆ ئەمساڵ زۆرێك لە كێشەكانی رابردوو چارەسەر كراون.
ڕٍوونیشی كردەوە لەكاتێكدا نە دامەزراندن و نە لەجێ دانان هەیە، بەڵام كێشەی میلاكی مامۆستایان تارادەیەكی زۆر چارەسەر كراوە، هەروەها لە یەككاتدا خوێندن لە شارە گەورەكان و لە ناوچە دوورە دەستەكان بەیەك پلانی پەروەردەیی دەست پێ دەكاتەوە.
لای خۆیەوە مامۆستا یوسف كەمال توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ “وشە” گوتی، پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان تارادەیەكی زۆر پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوە پێویستە كە پێوەندییەكی زانستی و پەروەردەیی لەنێوان مامۆستا و قوتابی دروست بكرێت.
كەسوكاری قوتابیان و قوتابخانەكان هاوتەریب كار بكەن
ڕوونیشی كردەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهۆی گۆڕانكاری لەچەندان پڕۆگرامدا مامۆستایەكان راهێنانیان بینوە، بۆیەوە ئەوە گرنگی خۆی هەیە.
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە دەبێت كەسوكاری قوتابیان و قوتابخانەكان هاوتەریب كار بكەن لەسەر پرسەكە، چونكە تەنیا ئەركی مامۆستا نییە قوتابی فێر بكات، بۆ ئەوەی پەروەردە و زانستی تەواو بدرێت بە قوتابی دەبێت هەمووان لە ژینگەیەكی گونجاودا هاوكار بن.
یەكێك لەو سێكتەرانەی كە لە ساڵانی رابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری پێداوە، پرۆسەی پەروەردەیە، هەنگاوی گرنگ لەو بوارە جیا لە دروستكردنی قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەیان، بەدیجیتاڵكردنی پرۆسەكە بوو كە لە ڕێی ئی-پەروەردە و ئی-وانە، قوتابیان و مامۆستایان بەردەوام لەسەر پێوەندی دەبن لەگەڵ یەكتردا.















Leave a Reply