“بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 60% كەمی كردووە”

بینەر: (1.6K)

بەپێی راپۆرت و قسەی شارەزایانی ئابووری عێراق زەرەمەندترین وڵاتانی ناوچەكە بە شەڕی ئێران و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كاتێك جیا لەو كاریگەرییە تەناهییەی كراوەتە سەر دۆخی عێراق و بۆردمانی رۆژانەی هەیە، زۆربەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەفرۆشرێت، كە ئێستە هاتوچۆ بەو گەرووە وەستاوە و ئەوەش وای كردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە چەندان كێڵگەی نەوتی عێراق بوەستێت.

ئاژانسی “بلومبێرگ” رای گەیاند كە بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئێران، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەی رێژەی 60% كەمی كردووە، ئەوەش لە ئەنجامی پەككەوتنی هاتوچۆی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت و بازرگانی بە گەرووی هورمز، ئاژانسەكە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری گواستەوە، ئێستە عێراق رۆژانە 1.7 بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، بە بەراورد بە كاتی پێش شەڕەكە كە رۆژانە 4.3 ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەهۆی ئەو دۆخەیە كە لە كەنداو سەری هەڵداوە، كاتێك شەڕی ئێران وای كردووە ژمارەی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت كەم ببنەوە و ئەوەش وای كردووە بەرهەمهێنەركان دوای پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوت بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە، لەوكاتەی عێراق یەكەم بەرهەمهێنەری نەوت بوو لە كەنداو كە بەهۆی شەڕەوە بەرهەمهێنانی كەم كردەوە و دوای ئەو ئیمارات و كوێت دەستیان بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان كرد.

وەك ئاژانسەكە دووپاتی كردەوە، شەڕەكە بووەتە هۆی پەككەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، كە یەكێكە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەكان لە دنیا كە رێژەیەكی زۆری نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، كە بەپیبَی راپۆرتەكان پێنجیەكی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت و ئەوەش وای كردووە هەر پەككەوتنێكی درێژخایەنی هاتوچۆی دەریایی بەو گەرووە كاریگەریی گەورە بخاتە سەر بازاڕی وزە و نەوت لە دنیا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *