ئایا سوپا و میلیشیاكان لە عێراق ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌؟

بینەر: (1.6K)

گرووپە میلیشیا چەكدارەكانی عێراقی سەربە ئێران، بەردەوامن لە فراوانكردن و زیادكردنی هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمەیش بە تەواوی پێچەوانەی بڕیارەكانی حكوومەتی عێراقە كە نایەوێ بچێتە ناو بازنەی جەنگ لە ناوچەكە و خۆی بە بێلایەنی بهێڵێتەوە. سەركێشی میلیشیاكان و بەردەوامیدان بە پێشێلكردنی بڕیارەكانی حكوومەت، ئایا پەل دەهاوێژێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و ڕاگەیاندنی شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و میلیشیاكانی ئێران لە عێراق.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میلیشیاكانی سەربە ئێران، بۆردمانی چەندان بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر و كۆمپانیاكانی نەوت و وڵاتانی كەنداویان كرد، سەرەڕای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوامە لە جڵەوكردنی ئەو گرووپانە، تا سەرئێشەی زیاتر بۆ عێراق دروست نەكەن.

دیمەی ئێستەی عێراق خۆی لە ململانێی زاڵبوون و یەكلابوونەوەی حكوومەتی عێراقە بەسەر دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكان و كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی ناوخۆ و ڕێگرتن لەوەی خاكەكەی ببێت بە گۆڕەپانی ململانێ و جەنگی نێودەوڵەتی، بەغدا بە ڕوونی لەوە دەگات كە بەردەوامیی بۆردمانكردنی نێردە دیپلۆماتییەكان یان بە ئامانجگرتنی وڵاتانی درواسێ، دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڕەشەیەكی ڕژد و گرنگیشە لەسەر جێگیری دۆخی ئابووری كە نیشانەكانی هەرەسهێنانی لەمدواییە دەركەوتوون، سەرەڕای ئەوەی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە شەرمەزار بن، بۆیە پێویستی بە گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێوشوێن هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە.

یەكێك لەو ڕێوشوێنانە بریتییە لە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەگەڵ هەر گرووپێك كە مووشەك و درۆن هەڵدەدەن، یان هەر كەس و لایەنێك كە لە پشتی ئەوەن عێراق بخزێننە ناو جەنگێكی هەرێمی گەورە، ئەمەیش ئەگەری بەریەككەوتن لەگەڵ میلیشیاكان زۆر فراوانتر دەكات. بەرپرسێك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە كەناڵی “ئەلحوڕە”ی ئەمەریكی ڕاگەیاندووە، كار دەكەین تا عێراق لە جەنگ دوور بخەینەوە و پێویستە هەمووان پابەندی ئەوە بن، بۆیە هەر لایەنێك لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت مامەڵە بكات، بە هێزی دەرەوەی یاسا هەژمار دەكرێ و ڕووبەڕووی گورزی گەورەی دەوڵەت دەبنەوە.

گرووپە میلیشیاكان پەیامێكیان كردووەتە ئامانجی خۆیان، ئەویش ئۆپراسیۆنەكان بە ئەركێكی ئاینی و بەرگری لە سەروەری دژی دەستوەردانی دەرەكی ناو دەبەن، ئەمەیش وایكردووە بۆشاییەكی قووڵ لە ناو ڕوانین و بیركردنەوەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و ڕوانینی سەركردەی ئەو گرووپە چەكدارانە بوونی هەبێت. ئەم جیاوازییە قووڵ و جەوهەرییە دەكرێ سەر بكێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانی لە نێوان هێزەكانی سوپا و میلیشیاكان ڕوو بدات. بەتایبەت كاتێك هێزەكانی تەناهی جووڵە دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكۆكانی هەڵدانی مووشەك و گرتنی ئەو كەسانەی كە لە هێرشەكە بەشدار بوون.

معەن جبووری ڕاوێژكاری پێشوو لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، هێزەكانی عێراق دەتوانن ڕووبەڕووی میلیشیاكان ببنەوە كە نێردە دیپلۆماسییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج، بە مەرجێك ئیرادەیەكی سیاسی پتەو لە پشت ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە بوونی هەبێت.

لەمیانەی قسەكانی بۆ ئەلحوڕە جبووری گوتی، میلیشیاكان كە هەڕەشە لە حكوومەت دەكەن و بە حكوومەتی تیرۆر ناوی دەبەن، لەوكاتە كاری حكوومەت دژی میلیشیاكان نابێتە نەهێشتنی هەڕەشەیەك، بەڵكو ئەركێكی دەستووری و ئاكاری و یاساییە كە حكوومەت بەم كارە هەستێت، هەروەها گرتنی چەك لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەگەر گرووپە چەكدارەكانیش دەستیان كردەوە و ڕووبەڕووی هێزەكانی تەناهی حكوومەت بوونەوە، لەوكاتە پێویستە وەك گرووپێكی تیرۆریستی بناسرێن و بە فراوانی ڕیشەكێش بكرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *