چەند وردەكارییەك.. پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران تا 150 هەزار بۆ مووچەی بنەڕەتی زیاد دەكات

بینەر: (16)

یەكێك لەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە خەریكە بە ئامانج دەگات، دەست پێ كردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی كوردستانە كە ماوەی چەندان ساڵە لێی بێبەش بوون، و پلەی بەشێكی زۆر لە فەرمانبەران لە شوێنی خۆی ماوەتەوە و بەرز نەكراوەتەوە.

بەگوێرەی دوایین پێشهات بۆ دەست پێ كردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە ئەمڕۆ راگەیەنرا، وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانگەی بودجەی راسپاردووە بەگوێرەی رێنوێنییەكان پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی كوردستان دەست پێ‌ بكاتەوە.

زیانەكانی راگرتنی

پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران ماوەی 11 ساڵە لە هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەوە دۆخێكی نەرێنی بۆ فەرمانبەرانی كوردستان دروست كردووە، هەرچەندە ئەوان بەبێ‌ دابڕان و بە بەردەوامی كاری خۆیان كردووە.

راگرتنی پلە بەرزكردنەوە راستەوخۆ كاریگەریی هەیە لەسەر دەروونی فەرمانبەران و سستی لە كارەكانیاندا، هەروەك بەگوێرەی یاسای راژەی شارستانی، فەرمانبەر مافی خۆیەتی ساڵانە و بەگوێرەی رێنوێنی پلەكەی بەرز بكرێتەوە.

زانیاری

بەپێی ئامارەكان بەهۆی راگرتنی پلە بەرزكردنەوە زیاتر لە 720 هەزار مووچەخۆر زەرەرمەند بوون، كە كۆی پارەكە ئەگەر خەرج بكرێت نزیكەی 108 ملیار دینار دەكات بۆ هەر مانگێك، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە تەنیا ئەوانە مافی وەرگرتنی پلەی وەزیفییان هەیە، لێرەدا مەبەستەكە ئەوەیە كە زیانی زۆر بەر ئەو رێژەیە كەوتووە.

لەسەر ئەو بنەمایە، ئەگەر فەرمانبەرێك لە 2015ـەوە پلە بەرزكردنەوەكەی وەستاوە، ماوەكەی 10 ساڵ و شەش مانگە كە تێكڕا دەكاتە 126 مانگ، هەر مانگێك بە نزیكەی 60 بۆ 150 هەزاری پێ‌ نەدراوە، ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی پارەیەكی زۆری لەوماوەیەدا وەرنەگرتبێت.

خانەنشینان زیانمەندن

خانەنشینان یان ئەوانەی لەم ساڵانەدا خانەنشین بوون كە پلە بەرزكردنەوەی تێدا راگیراوە زیانمەندی زیاتر بوون، ئەوە جیا لەوەی بەپێی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی تەمەنی خانەنشین هاتووەتە پێش. كەواتە هەر فەرمانبەرێك لەوماوەیەدا خانەنشین بووبێت ئەوە چەندان پلەی وەزیفی فەوتاوە. بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێك ئەم ساڵ خانەنشین بووبێت ئەوە پلەی 10 ساڵ لەمەوبەری فەوتاوە و كاریگەری زۆری لەسەر مووچەی بنەڕەتی هەبووە.

هەواڵی دڵخۆشكەر

ماوەیەك لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە ‌وەزارەتەكانی كردووە و داوا دەكات، خشتەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە ‌ماوەی 20 رۆژدا ئامادە بكەن.

بەگوێرەی قسەی بەرپرسێك لەو وەزارەتە، وەزارەتی دارایی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزكردنەوەیان هەیە و دوو بۆ چوار پلە بەرزكردنەوەیان فەوتاوە، تۆمار كراون.

دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی، دووپاتی لەوە كردەوە كە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە.

بەگوێرەی ئەم ڕێنوێنییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ وەزارەت و داودەزگاكان، چاوەڕوان دەكرێت پلە بەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران دەست پێ بكاتەوە، كە پلە بەرزكردنەوە زیاتر لە 11 ساڵە ڕاگیراوە. ئەوەش لە كاتێكدایە، بۆ یەك پلە بەرزكردنەوە، فەرمانبەران لە نێوان 60 تا 150 هەزار دینار دەچێتە سەر كۆی مووچەكانیان.

چەند رێنوێنییەك

فەرمانبەرانی پلە 10 تا چوار، پلەبەرزكردنەوەكەیان لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەكانی خۆیانەوە ڕێك دەخرێت، بەڵام فەرمانبەرانی پلە سێ‌ تا یەك پلە بەرزكردنەوەكەیان لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوەیە.

كۆسرەت ئەنوەر شارەزای كارگێڕی، بۆ “وشە” گوتی، بابەتی پلە بەرزكردنەوە كاریگەریی زۆری لەسەر كاركردنی فەرمانبەران هەیە، چونكە ئەوە مافی یاسایی فەرمانبەرانە.

ئەو ڕوونیشی كردەوە، ئەوەی ئێستە باس دەكرێت تەواوی فەرمانبەران پلە بەرزكردنەوەیەكیان هەیە، واتا لە نێوان دوو بۆ چوار پلە بۆ فەرمانبەران رەوایە دوای بڕیاردان لەسەری پێیان بدرێ‌.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *