هاوسەرەكەی رۆبیۆ: رۆبیۆ ئێواران لە سەعات هەشتەوە دەخەوێت

بینەر: (977)

لە دیمانەیەكی تەلەڤزیونیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و هاوسەرەكەی، بە پێكەنین و تریقانەوەوە باس لە ژیانی تایبەتی نێوانیان دەكرد، لەوبارەیەوە هاوسەرەكەی باسی لەوە كرد كە رۆبیۆ لە ئێواران و لە سەعات هەشتەوە دەخەوێت، لە كاتێكدا خۆی حەزی لە شەونخوونییە و تا نیوەشەو بە ئاگایە.

پێگەی “عەرەبیە” رۆشنایی خستوەتە سەر دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی كە “بۆدكاست كیتی میلەر” لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جانێت دۆسدبیسی هاوسەری كرد، تێیدا ئەو دوو هاوسەرە باسیان لە پێوەندییە تایبەتەكانی خۆیان بە پێكەنین و تریقانەوە كرد. جانێت لەبارەی رۆبیۆوە گوتی، ئێواران لە سەعات هەشتەوە دەخەوێت، لە كاتێكدا خۆی حەزی بە شەونخوونییە و تا نیوەشەو بە ئاگایە.

رۆبیۆیش وەك وەڵامێك بۆ هاوسەرەكەی گوتی، جانێت خۆی تا درەنگی شەو لەسەر سیسەمەكە پاڵ دەكەوێت و خەریكی مۆبایلەكەی دەبێت، جارجارە كە شتێكی بۆ دێت، دەنگی بەرز دەكاتەوە و لە خەو رامدەپەڕێنێت، منیش كە لە سەعات هەشتەوە دەخەوم، بۆ ئەوەیە لە سەعات چواری بەیانییەوە بە ئاگام و خۆم بۆ رۆژێكی پڕ چالاكی ئامادە دەكەم، بۆ ئەوەی رۆژێكی پڕ بەرهەمم هەبێت.

ئەو دوو هاوسەرە لەناو ئەمەریكاییەكاندا زۆرترین هەواداریان هەیە و بەردەوام لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێوەندییان پێوە دەكرێت. ئەوان وەك نموونەی دوو هاوسەری سەركەوتوو تەماشا دەكرێن، بەتایبەتی جەماوەر پێیان وایە رۆبیۆ سەرۆكی داهاتووی وڵاتەكەیانە.

رۆبیۆ و جانێت لە ساڵی 1998وە هاوسەرگیرییان كردووە و خاوەنی چوار منداڵن، جانێت كە لەدایكبووی ساڵی 1973یە، كچی باوك و دایكێكی كۆڵۆمبییە، كاتێك بۆ یەكەمین جار چاوی لە رۆبیۆ كەوت، تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بووە و بینینەكەیشی لە دەرەوەی كاری سیاسی بووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *