ماوەی چەند رۆژێكە نرخی بەنزینی بازرگانی لەبەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان رووی لە دابەزین كردووە و بەپێی زانیارییەكان لەرۆژی شەمووی داهاتوو زیاتر دادەبەزێت.
لەم چەند رۆژەدا نرخی بەنزین لە دهۆك 300 تا 500 دینار دابەزیوە، ئێستە نرخی لیترێك جۆرەكانی بەنزین لە دهۆك بەم شێوەیە، نۆرماڵ هەزار و 300 دینار، موحەسەن هەزار و 925 دینار، سوپەر دوو هەزار و 250 دینار.
لە هەولێریش بەردەوام نرخ دێتەخوارەوە لە ماوەی دوو ڕۆژدا لیترێك بەنزین 450 دینار دابەزیوە پێشبینی دەكرێت زیاتر داببەزێت.
ئێستە لە هەولێر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە هەزار و 350 دینارە، موحەسەن بە هەزار و 800 دینار، سوپەریش هەزار و 900 دینارە.
بەپێی زانیارییەكانی “وشە” سەرەتای هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی زۆر بەنزین هێنراوە بەڵام لەرۆژی پێنجشەمەوە دابەش دەكرێت.
ئەو بەنزینەی هێنراوە نرخی كەمتری پێدراوە بۆیە بەكەمتر لەوەی ئێستە لەبازاردایە دەفرۆشرێت، چاوەڕِێ دەكرێت بە بازاركردنی ئەو بەنزینە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەی بەتەواوی دابەزێت.
لەبارەی بەنزینی پاڵپشتی كراوی حكوومەتی هەرێم كە بەنرخی 750 دینار دەیداتە شۆفێران، جگە لەوەی بڕەكەی زیاتر كراوە، بەنزینخانەكانیش زیاتر كراون، هاوكات ئۆكتانی 93 و شۆفێران پێیان وایە باشتیرن بەنزینە.
بەپێی ئامارەكان ئێستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 90 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكەن، هاوكات دابەشكردن كراوە بەدوو شەفت، بەیانیان و ئێواران، ئەوەش وای كردووە بەتەواوی نۆرەی بەنزین كەمێبێتەوە، لە هەندێك شوێنی هەولێر ئێستە بەكەمتر لە نیو كاتێژمێر بەنزین وەردەگیرێت.
















Leave a Reply