لە كاتێكدا سعوودیە لە كێبەركێیە بۆ چاككردنەوەی بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق كە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق بە ئامانج گیرا، حكوومەتی عێراق بە پەلە هاتە سەر هێڵ و دەستی بە لێكۆڵینەوەی ورد لە میسان كردووە، بۆ دۆزینەوەی بكەری هێرشەكە و زاڵبوون بەسەر ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای میسان كە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و بە مۆڵگەی سەرەكیی چەكدارە میلیشیاكانە.
دانیشتووانی میسان و چاودێران دەڵێن، سەرەڕای لەكارلادان و دوورخستنەوەی بەرپەرسە باڵاكانی تەناهی ئەو پارێزگایە، بەڵام ئەمانە چارەسەری كێشەكانیان نەكردووە، بگرە پێویستی بە كاری زۆرترە بۆ نەهێشتنی مۆڵگەی میلیشیاكانی ئێران لەو ناوچەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پێگەی “ئەلمۆنیتۆر”، پارێزگای میسان لەلایەن میلیشیاكانەوە بەر لەوەی ببێتە شوێنی هەڵدانی درۆن بە ئاراستەی سعوودیە، مۆڵگەی بە قاچاخ هێنانی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ عێراق و چەك و كەلوپەلی سەربازی جۆراوجۆریش مامەڵەی بەشێوەیەكی نایاسایی پێوە دەكرێ و بەردەوامیش پێكدادانی هۆزەكان لەو پارێزگایە بوونی هەیە. بێ ئاوی و وشكهەڵاتنی ناوچەكانی ئەو پارێزگایەیش نەك تەنیا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، بەڵكو بەهۆی چاوبرسیەتی دەستڕۆیشتووەكان و گرتنەوەی ئاوەكان، دۆخی پارێزگاكە و خەڵكەكەی بە تەواوی پەرێشان كردووە.
هاووڵاتییەكی ئەو پارێزگایە بۆ مۆنیتۆر گوتی، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، دەسەڵاتی میلیشیاكان لە پارێزگاكە زۆر زیاتر بوو و لە هەموو شوێن و دەسەڵاتێكی تری ناو پارێزگای میسان بەهێزتر نییە، بەڵگەیش بۆ ئەوە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانە كە لە هەموو گۆشەیەكی شار و پارێزگاكە میلیشیاكان دەبینرێن.
زیاتر گوتی، بەر لە دوو ساڵ، میلیشیاكان ڕێگرییان لە هاووڵاتییان كرد بچنە ناوچەی “تەیب” بەو بیانووەی كە ناوچەیەكی نەوتییە، بۆیە چوونە ناو ئەو ناوچەیە پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی و مۆڵەتی تەناهی هەیە، پێشتر خەڵكی ناوچەكە گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە میلیشیاكان لەو ناوچەیەوە مووشەك و درۆن هەڵدەدەن و چیرۆكی زۆر لەوبارەیەوە بیستران، بەڵام بە چاوی خۆمان نەمانبینیوە، چونكە لە دووری 40 كیلۆمەتر لەو ناوچەیەوە ڕێگریی لە خەڵكی ئاسایی دەكرێ، تێپەڕ بن و پەرژینی تەناهییان داناوە.
سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی حكوومەتی سوودانی چەند پڕۆژەیەك بۆ ناوچەی تەیب ڕاگەیەنرا و بڕیاری لێ درا، بەڵام دواتر نەتوانرا هیچ یەكێك لەو پڕۆژانەی لێ ئەنجام بدرێت، بەهۆی ئەوەی میلیشیاكان كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەیان كردووە و بووە بە مۆڵگەی خۆیان و ڕێ بە چوونی كەس بۆ ئەو شوێنە نادەن.
لە كۆتایی مانگی ئاب/ئۆگەست پێگەی عێراق بزنز نیوز بڵاوی كردەوە، پلانێكی تایبەت هەیە كە شاری تەیبی ئابووری لەو ناوچەیە دروست بكرێت و گرێبەستی قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی واژووی لەسەر كرا، بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، ئەمە دەبوو بە یەكەم شاری ئابووری لە عێراق و لە سەرەتای 2025 گرێبەستەكە لەگەڵ كۆمپانیای كەی بی ئاڕی ئەمەریكی واژوو كرا، تا لێكۆڵینەوە لەسەر ستراتیجی ئابووری و ئامادەكردنی گورزێك دەرفەتی وەبەرهێنان و پلاندانانی سێكتەرە جیاجیاكانە.
لە میانەی گەشتی مەیدانی بۆ ئامادەكاریی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی لە ناوچەیە، پێشتر پەیامنێری مۆنیتۆر نووسیبووی، شارەكە ڕێكوپێك بووە و ناوەندە بازرگانییەكان و دوكانەكان كراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی كەشێكی خۆپارێز و وریاییانەی پێویستە بەهۆی بوونی میلیشیاكان لەو پارێزگایە، بەڵام بەهۆی جەنگ و ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە خەڵكی ئەو پارێزگا ترس و تووڕەییان لەبارەی داهاتووی پارێزگاكە و عێراق زیاتر بووە و نازانن متمانە بە كێ بكەن و بە كێی نەكەن.
بەر لەوەی میلیشیاكان هێرش بكەنە سەر بۆڕییە نەوتییەكەی سعوودیە، بەشێك لە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق بە كردەیی هەڕەشەیان لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەكانی نەوتی سعوودیە و ناوچەكە دەكرد، بۆ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەكی گەرووی هورمز بوونی نەبێ و ئەو كارتەی دەستی ئێران نەسووتێت. لێدوانی بەردەوامی حكوومەتی پێشوو و ئێستەیش بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان كە بەندەری ئوم قەسری عێراق بە توركیا و بەندەری جەیهان دەبەستێتەوە، گرفتێكی گەورەیە بۆ ئێران و كاریگەریی گەرووی هورمز بە تەواوی كەم دەكاتەوە و ڕێی نێوان ئاسیا و ئەوروپایش زۆر كەمتر دەكاتەوە، ئەمەیش بە تەواوی ئێرانی تووڕە كردووە، چونكە بەمشێوەیە قازانجێكی گەورە لە گەرووی هورمز ناكات و ئەو كارتەی لە دەست دەدات.
سەرەڕای ئەوەی زەیدی لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەكەی 11ی ئەم مانگە لە میسانەوە بۆ سەر بۆڕییە نەوتییەكانی سعوودیە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی میسان و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكەی لە كار بەشێوەیەكی كاتی دوور خستەوە، بەشێوەیەكی كاتیش چەند دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ ئێران داخران.
لەگەڵ گرتنەبەری ئەو هەنگاوانە، ڕۆژنامەوان عوسمان موختار لە تۆڕی ئێكس نووسی، لە تەك پشتیوانیكردن لەو هەنگاوانەی حكوومەت، پێویستە ئەوە بگوترێ، بۆچی حكوومەت نووسینگەی حووسییەكانی لە بەغدا دانەخست كە تا ئێستەیش كراوەتەوە و 80 چەكداری حووسییەكانی تێدایە لە ژێر ناوی نێردەی گرووپی ئەنساروڵا لەوێن، چالاكی سەربازی و هەواڵگری دژی وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجام دەدەن.
بەر لەوەی لە میسان هێرش بكرێتە سەر سعوودیەیش، سێ سەركردەی حووسییەكان چوونەتە میسان و لەوێ كۆبوونەتەوە، دانیشتووانی پارێزگاكە زۆرینەی ڕەهایان ناوێرن قسە بكەن و زانیارییەكان بدركێنن، ئەوان دەڵێن، تا چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوونی هەبێت، ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكانمان دەستەبەر نییە و ناتوانین بە ویستی خۆمان قسە و جووڵە بكەین.















Leave a Reply