لە پێناو جنێونەداندا

بینەر: (190)

ئێمە وەک کورد لە چەندان سەرچاوەی جیاوازەوە پەروەردە بووین، چونکە بەسەر چەند سیستمی جیاوازی سیاسی و وڵاتی ناکورددا دابەش بووین. هەر سیستمێکی سیاسیی جۆرێک پەروەردەی فەرمی و ئایدۆلۆجیی خۆی پەرە پێ دەدات و بەسەر هەموو سەکۆکانی مێدیا جۆراوجۆرەکانیدا وەک خشتەی ئیشکردن دابەشی دەکات. ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە، لایەنێكی تریش کۆمەڵگەیە کە ئەم سیاسەتەی بەسەردا پراکتیزە کراوە.

ئەو کۆمەڵگەیانەی لەگەڵ سیستمی فێرکاری و پەروەردە ئایدۆلۆجیکەکەیدا کۆک نین، واتە ئازادیی لەو کۆمەڵگەیەدا کوژراوە، بێگومان ئۆتۆماتیکی دەبن بە کۆمەڵگەیەکی توندوتیژ. واتە وەک ژان بودریار بیرمەند و فەیلەسووفی پۆست مۆدێڕنی فرەنسایی دەڵێت، ئەو توندوتیژییە بە ڕواڵەت مەدەنی و یاسایی و سیاسییە کە بەشێوەی هێمایی لەناو کۆمەڵگەدا پراکتیزە دەکرێت، لە ئاستی دیکەدا ڕەفتاری کۆمەڵگە دەبات بەرەو توندوتیژییەکی پەڕگیرانە و ناهێمایی، لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین توندوتیژیی بەرهەمی هەمان سەرکوتکاریی سیستمە سیاسییە تۆتالیتێرەکانە کە دەیگوازنەوە بۆ ناو تاک و جڤاک.

ئێمە بەر لەوەی لە دەرکەوتەکانی توندوتیژی نائومێد و تووڕە بین، دەشێت هۆکار و سەرەداوەکانی ببینینەوە و وشیارییان لەمەڕ دروست بکەین، چونکە دروستبوونی وشیاریی لە هەموو بارێکدا وا دەکات تاک پارێزەرانەتر و کۆنترۆڵگەرانەتر ڕەفتار بکەن و تا ئاستێكی کەمیش بێت ڕەشۆی کردەوە توندوتیژانەکانیان بکەن.

بێگومان ڕەگوڕیشەی توندوتیژی هەر سیاسەتی هەڵە نییە، بەڵکوو پەروەردەی خێزانی، جینات، دۆخی ئیشوکار و فاکتەری دیکە تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام سیستمی سیاسیی چاوگە سەرەکییەکەیە کە یا دەتوانێت چارەسەری بکات یا قووڵتری بکاتەوە. لە هەرکوێدا کۆمەڵگەیەکی تووڕە و توندڕۆ هەبوو، بێگومان ناڕەزایەتییەکی قووڵ و دابڕانێکی قووڵتر لە نێوان سیستمی سیاسی و کۆمەڵگەدا هەیە. بەشێک لە تووڕەیی کۆمەڵگە لە زمان و کردەوەی زمانیدا خۆی دەنوێنێ، واتە شێوازی ئاخاوتنی چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، لەوانە مامۆستا، قوتابی، خوێندکار، پزیشک، ڕۆژنامەنووس و… پێمان دەڵێن، ئەم چینانە تا چ ئاستێك بەر توندوتیژیی کەوتوون و تا چ ئاستێکیش وشیارن لەوەی جڵەوی زمانیان لە دەستدا بێت یان ڕەشۆی داماڵرابێت.

کورد بە عام نەتەوەیەکە لە هەموو مێژوودا نەک تەنیا هەستی کردووە ئازادیی نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەو هەستەیشدا ژیاوە کە کەرامەت و ڕزگاریشیی داگیر کراوە، ئەم هەستە بە ڕواڵەت سادانە، دەتوانن ببن بە هۆکارێکی سەرەکیی تاکەکان و بەشی زۆری کۆمەڵگە لە ناو تۆڕێک لە توندوتیژیی ڕەق یان نەرمدا بژین. توندوتیژیی ڕەق ئەو جۆرە لە توندوتیژییە کە بە جەستە و کردەوە دەکرێت وەک لێدان، دەستدرێژی و… توندوتیژیی نەرم یان هێمایی، ئەو جۆرە توندوتیژییەیە کە لە ئاستی ڕەفتاری زمان و وتاری ڕۆژانەی تاکەکاندا خۆی دەنوێنێ.

ئێمە بەهۆی ئەوەی ئازادی و کەرامەتمان لەلایەن چەندان هێزی داپڵۆسێنەرەوە لە مێژوویەکی دوورەوە تا ئێستە پێشێل کراوە، وا دەزانین ئێستە دەبێت هەموو ئەو مافانە لەلایەن حکوومەتێک کە ناوی هەرێمە، بدرێتەوە. بۆ نموونە، هێرشی ئێران بۆ سەر هەرکام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی مێژوویی-سیاسیی لە پشتە و ئەگەر بەو هۆیەوە بۆ نموونە کارەبای هەرێم کێشەی تێکەوت، ئێمە دەبێت لە کێ تووڕە بین؟ یان ڕێژەی تووڕەبوونەکەمان دەبێت لە ئاستی خۆمان و حکوومەتی خۆماندا چەند بێت؟ کاتێک ئەم پرسیارانە دەکەین هەنگاوێکمان بۆ وشیاربوونەوە هەڵگرتووە.

بە دڵنیاییەوە سەردمی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی فاکتەرێکی کاریگەریی دیکەیان زیاد کردووەتە سەر خشتەی ئەو فاکتەرانەی لەسەر پرۆسەی “وشیاری” یان “خۆئاگایی” هەن، بەڵام تەنانەت هەر لەم حاڵەتەیشدا ئێمە دەتوانین بە ڕێنوێنیی و چاوساغیی عەقڵ و بیرکردنەوە لۆجیکێک بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین کە لەباتی توندوتیژیی و دەرکەوتەی هێمایی لە زماندا و لە شێوەی جنێو و سووکایەتیدا، نیگایەک یان گۆشەنیگایەک پەرە پێ بدەین کە لە باتی کردەوەی جنێو لە زمان و دەربڕین و… شیکاری و پریسار جێ بخەین.

کاتێک چاو لە پرۆفایلی بەکارهێنەرانی تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەبینین هەموو لایەنەکان بە باوەڕی جیاواز و جۆراوجۆرەوە لە ئیسلامی (بە هەموو باڵە سیاسی و عەقیدەییەکانییەوە) تا دەگاتە چەپ و ناسیۆنالیست و خەڵکی ئاسایی و بازاڕیش، جنێو دەدەن، ئەگەرچی دەکرێت بە ڕیزبەندییەک قایل بین و بڵێین کام لایەن و تاقم زیاتر جنێو دەدەن، بەڵام ئەمە هیچ لە پرسە سەرەکییەکە ناگۆڕێت کە ئەکتی تووڕەیی و دەمارگرژییەکە وەک وتم ئەمەیش لە غیابی بیرکردنەوە و پرسیار و وشیاریدا ڕوو دەدات.

تووڕەیی و ناکامیی مێژوویی ئێمە بەشێکی ئەو دۆخە داگیرکاری و مافخوراوانە بەسەرماندا سەپاندوونی و بەشێکیشی گوشارەکانی سەردەم هەر لە ئابووری و سیاسی و باوەڕدارانەوە، بگرە تا کۆمەڵایەتی و پەروەردە و… خەستی کردوونەتەوە، لە هەر سەرچاوەیەکەوە ئەم دیاردەیە هەڵقوڵابێت لێخن و لێڵ و ژەهراوییە، ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دادەخات و دیسان توندوتیژیی بەرهەم دێنێتەوە، زمان جلوبەرگی کەسایەتی و سیپاڵی شوناسی شەخسیی ئێمەیە، کاتێک ئەم زمانە لە تووڕەیی و جنێو و سووکایەتیی ئیشی پێ بکرێت، چی لێ شین دەبێت جگە لە هاندانی لایەن یان کەسی بەرانبەر کە هاوشێوە بجووڵێتەوە؟

بێگومان بابەتەکە ڕوونە، کەواتە ئەو لۆجیکەی پێی وایە حەتمەن لە وەڵامی جنێو و ناوزڕاندا، لەسەرخۆبوون و ویقار ڕاستە، بەڵام نەک بە تەواوەتی، چونکە کاتێک کەسێک جنێو دەدات خۆ کەسی بەرانبەر لە هەر چین و پلە و خوێنەوارییەکدا بێ، ئەویش مرۆڤە، نە پێغەمبەرە و نە هێزێکی ئاسمانی، لە شوێنێکدا دڵ و دەروونی دەڕووشێت و دێتە دەنگ، بۆیە جنێو بەرهەمهاتنی بابەتێکی کاریگەر و مەترسیدارە و زۆر جار کەسانی بەئەدەب و زمان خاوێنیش بەهۆی ئەو دۆخەوە پەلکێشی دەبن و ڕۆژ دوای ڕۆژ وێنا و تێگەیشتنی ئێمە لە مرۆڤەکان و گفتوگۆ لەگەڵیان کاڵتر و ناهومێدانەتر دەبێتەوە، بۆیە ڕێگەچارە پێداگریی لە وشیار و خۆڕاگریی دەروونی و هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە جنێو و جنێودەر، ئەگینا وای لێ دێت مامۆستاکانی زانکۆ و مامۆستایانی ئاینی (کە زۆرترین جنێوم لێ بیستوون!) بەبێ جنێو و بێڕێزی نە دەتوانن باسی زانست بکەن و نە پەیامەكەیان بگەیەنن، ئایا زانست و خودا بە زمانی جنێوئامێز پێگەی ڕاستەقینەیان هەیە؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *