لە سادەترین ناساندندا، هەواڵ ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە كە ڕوو دەدەن، واتا هەواڵ ڕووداوە، ئەگەر ڕووداوێك بە دیوی ئەرێنی یان نەرێنی ڕوو نەدات، نابێتە هەواڵ و ڕووماڵ ناكرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هەرچییەك ڕوو بدات، ئیتر بەهای هەواڵی هەیە و دەبێ بگەیەنرێت، وەك ئەوەی لەناو ئێمەدا باوە. بۆ نموونە، میدیا هەرە دیارەكان هەواڵەكانیان پێوەست دەكەن بە كارەكتەرێكی لەیبۆكی و بێ ئەتەكێت و بێ ڕەهەندی ڕۆشنبیریی، وەك تیكتۆكچییەك، یان كچە مۆدێلێك، كەواتە بۆ ئەوەی ڕووداوێك یان هەواڵێك بەهای هەواڵی هەبێت، پێویستە دوو بنەمای سەرەكیی تێدا بن، ئەوانیش نوێی و پێوەستبوونیەتی بە ڕای گشتییەوە لە شوێنێكی دیاریكراودا.
لێرەدا هەواڵ پۆلێن دەكرێت بۆ دوو جۆری بیانی و ناوخۆیی. لە میدیای هەر گەل و نەتەوەیەكدا، بێگومان دەبێ پێشینە بۆ هەواڵە ناوخۆییەكان بێت كە پێوەندییان بە ژیان و ڕای گشتییەوە هەیە. لێرەدا دەكرێ نموونە بە هەواڵی مووچە بێنینەوە، لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا، هیچ هەواڵێكی سیاسی، یان كۆمەڵایەتی، هێندەی مووچەی فەرمانبەران جێی بایەخ و لێدوان نەبووە!
هەڵبەتە ڕەنگە هەڵە بێت ئێمە هەموو كێشەكانمان تەنیا لەو كڵاوڕۆژنەیەوە ببینین، بەڵام ئەگەر ماڵپەڕێك هەواڵێك لەبارەی مووچە دابنێت، لە ماوەیەكی كورتی چەند خولەكیدا، دەیان هەزار كەس دەیخوێننەوە، بەڵام پڕ بەهاترین و گرنگترین هەواڵی ئەدەبی و كولتووری، سیاسی و پەروەردەیی دابنرێت، ژمارەی سەیركەر و خوێنەرانی لە 100 كەسێك تێ ناپەڕێت.
لێرەدا ئەوەی بەها بە هەواڵ دەدات، نە گەرموگوڕیی هەواڵەكەیە، نە بایەخە جیهانی و هەرێمایەتییەكەی، نە شتێكی نوێشە، بەڵكو تەنیا وابەستبوونیەتی بە خەڵكەوە، چونكە سەرووی ملیۆنێك فەرمانبەر لە هەرێمدا هەن كە 12 ساڵە لەژێر ستەمی بەغدادان و مووچەیان لە كاتی خۆیدا نادرێ.
ئەمە هەر تەنیا ئەو پێوەستبوونە گشتییە دەرناخات، بەڵكو لایەنێكی تری ئەوەیە كە بۆ میدیا بە گشتی، ڕەوشی ناوخۆ، هەواڵە ناوخۆییەكان گۆڕانكاریی و پێشهاتە ناوخۆییەكان، دەبێ پێشینە بن، چونكە ئەگەر كەسێك مەبەستی بێت هەواڵێك لەبارەی جەنگی ڕووسیا و ئۆكراین، كەمبۆدیا و تایلەند، شەڕی ناوخۆی سوودان، شەرع و دەسەڵاتە ئیسلامییەكەی بزانێت، ئەوا كەناڵە جیهانییەكان دەكاتە سەرچاوە، بە تایبەت بۆ دەستەبژێر كە زۆرتر لە زمانێك دەزانن.
بۆ فەرمانبەرێكی كورد، ئەوە گرنگ نییە چی لە مالیزیا و باشووری سوودان ڕوو دەدات، بەڵام بە بایەخەوە سۆراغ و بەدواداچوون بۆ هەواڵی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات، چونكە ئەوەیان پێوەندیی بەوەوە هەیە. هەواڵ پێوەستە بەو شوێن و كاتەی تێیدا ڕوو دەدات، لە دوای ئەمە ئیتر بایەخێكی ئەوتۆی نامێنێت. كەواتە پێوەندیی تاك بە میدیا و بە سەنتەركردن و وابەستەبوونی بە پلەی یەكەم، پێوەستە بەوەی ئەم میدیایە چەندە هەواڵی گەرماوگەرمی هەیە؟ چەندە زانیاریی تازە و نوێ لەبارەی هەر بابەتێكەوە پەخش دەكات؟ بۆیە ئەوەی زۆر گرنگە و دەبێ لە پێشینەیی میدیاكانی ئێمە بێت، ڕووداو و واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ناوخۆیی بێت.
لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بە پلەی یەكەم و لە ریزبەندی پێگە و بایەخداریی، ڕووداوە ناوخۆییەكان بۆ ئەوان گرنگە، دواتر بە پلەی دووەم چی لە دنیادا ڕوو دەدات. میدیای ناوخۆیی ئەگەر پەخشەكەی لە ڕێگەی كەناڵێكی ئاسمانیشەوە بێت، ئەوا ڕووداوە ناوخۆییەكان دەبێ بكرێنە كاری لە پێشینە و پێویست، وەلێ بەداخەوە ئەوەی دەیبینین بە پێچەوانەوەیە، میدیاكانی ئێمە هەواڵ لەبارەی هونەرمەندێكی ڕاپی جیهانی كە وڵاتەكەیشی نەك خۆی نازانن كورد و كوردستان كێن و لە كوێن، بڵاو دەكەنەوە، بەڵام هەواڵێك لە بارەی كوڕە گەنجێكی كوردی بێ بڕوانامە كە كارەبا دروست دەكات، بڵاو ناكاتەوە!
مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوەیە، هەر كارێك و هەواڵ و ڕووداوێك، بەهای هەواڵی نییە و دەبێ میدیاكان بە گشتی و ڕێكخەری هەواڵیش لەو دەزگایانە، زۆر بە وردی لە ماهییەتی هەواڵ بگەن و پێگە و كار و پەیام و گوتاری خۆیان و كات و ماندووێتی خۆیان، لە هەموو ڕوویەكەوە بە شتێكەوە نەكوژن كە دەزانن بێ بەهایە.
بێگومان شتێك نییە بەناوی هەواڵی باش و هەواڵی خراپ، هەواڵ بە هەردوو دیوە ئەرێنی و نەرێنییەكەیدا، هەواڵە و دەبێ ڕووماڵ بكرێت، بەدەر لەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی مەترسی لەسەر ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەروەریی وڵات دروست دەكەن، ئەركی پیشەیی ڕاگەیاندنەكانە هەواڵ ڕووماڵ بكەن، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە لە نزیكەوە ئاگاداریی ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بێت.
ئەوەی خراپی و باشی بە هەواڵ دەدات، قسەی بیرمەندێك و كەسێك و ڕاگەیاندكارێكی پیر نییە، چونكە هەواڵ بە پێوانەی بۆچوونی تاكەكەسێك ناپێورێت تا پێمان بڵێت ئەم هەواڵە باشە و ئەوەیان خراپ، بەڵكو هەواڵ بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی دەپێورێت. ئەگەر هەواڵەكانی ماڵپەڕی “وشە” بە نموونە وەربگرین كە یەكێكە لە پڕ خوێنەرترین ماڵپەڕ و دەزگای ڕاگەیاندن، ئەوا دەبینین گەلێك جار هەواڵی دواكەوتنی مووچە، مەترسی لافاو لە هەولێر، گرانبوونی نرخی دۆلار و كاڵا و غاز، یان حاڵەتەكانی شەڕ و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە، كەواتە ئەوانە دەبێ هەواڵی خراپ بن و دەزگاكەیش سانسۆرێكی نەبێت بۆ هەواڵ؟ یان دەبێ ڕەخنە لە “وشە” بگرین، چونكە بە تێگەیشتنی هەندێك كەس ئەم هەواڵە خراپانەی بڵاو كردووەتەوە؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو ئەو تێگەیشتنە زۆر هەڵەیە.
تێگەیشتنە ڕاستەقینە و پیشەییەكە ئەوەیە كە دەزگای “وشە”، ڕووماڵی هەواڵ بە هەردوو جۆری ئەرێنی و نەرێنی، نەك باش و خراپ، بە ئەركی پیشەیی و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەنووسی خۆی دەزانێت، چونكە لە مامەڵەكردندا، لەگەڵ وەرگر و گوێگر و بینەر، بۆ ئەو تاك پێوانەیە و خوێنەر سەنگی هەیە. واتە كۆمەڵگە و تاكەكان، دەبێ هەواڵەكانی نیشتمان لە هەر ڕوویەكەوە بێت، ڕووماڵ بكەن. لەلایەكەوە بۆ دەستكەوتنی زانیاری، لەلایەكی تریشەوە بۆ هوشیاریی كۆمەڵایەتی و بە ئاگاهاتنەوە و بگرە خۆپارێزیش.
كاتێ ئاماری دەزگایەكی ڕاگەیاندن، باس لە بەرزیی ڕێژەی شێرپەنجە لە كوردستان دەكات، ئەمە مانای وانییە هەواڵێكی خراپی بڵاو كردووەتەوە، بە پێچەوانەوە لەلایەكەوە ئەركی پیشەییانەی خۆی بەجێ گەیاندووە، لەلایەكی تریشەوە هشیاریی خۆپارێزیی لە نەخۆشییەكە بڵاو دەكاتەوە كە سوودی كۆمەڵی و گشتی هەیە.
















Leave a Reply