خۆپیشاندانی قوتابیان لە نێوان كوردستان و فرەنسادا

بینەر: (573)

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندان خۆپێشاندان لەلایەن قوتابیانەوە بە مەبەستی داواكردنی مافەكانیان و جێبەجێكردنی داواكانیان لە هەرێمی كوردستان كراون، تێیدا قوتابیان تووڕە و نیگەران دەركەوتوون، دروشمیان دەگوتەوە، بگرە هاتنە بەردەم وەزارەتی پەرەوەردە و نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتیش، خۆشبەختانە یەك جاریش نەمانبینی ئەم قوتابییە خۆشەویستانە، بێڕێزییەك بە نیشتمان، ئاڵا یان پەلاماری داودەزگای حكوومەت بدەن، بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان بدەن و فەرهوودی بكەن، بەڵكو تووندرین شێوەی ناڕەزاییان نواندبێ، ئەوە بووە دەنگیان بەرز كردووەتەوە، یان بە تووندی ڕەخنەیان گرتووە. لە بەرانبەریشدا نوێنەرێكی حكوومەت، یان وەزیری پەروەردە هاتووەتە ناویان و گوێی لە داواكانیان گرتووە و وەڵامی داونەتەوە. بێگومان ئەو داوایانەیشی یاسایی بوون، بۆیان جێبەجێ كراوە.

لە بەرانبەر ئەم دیمەنەی كوردستاندا، ئێمە دیمەنێكی دیكەی تەواو جیاواز لە وڵاتێكدا كە هێمای ڕۆشنبیری و دیموكراسییە دەبینین، ئەویش خۆپێشاندانی قوتابییانە لە فڕەنسا، لەپێناو داواكردنی مافەكانیان. قوتابیانی ئەوێ، بە داخەوە دەبێ بڵێین وەك دز و فەرهوودكەر دەركەوتن و لە پەراوێزی بە ناو خۆپیشاندانەكەیاندا، هەزاران شوێنی گشتی و بازرگانی و شوێنەواری دێرین و سمبولی فەرهەنگی و مێژوویی وڵاتەكەیان وێران كرد و سووتاندیان و لەناویان برد. بە ئاشكرا خۆپێشاندەران دزییان لە دوكان و مۆڵ و داودەزگا حكومییەكان و فرۆشگەی پیرەژن و پیرەپیاو دەكرد و تەنانەت مۆبایلیشیان دەدزی!

بە شانازییەوە دەبێ بڵێین، هیچ كاتێ ئەو ڕووداوانە لە كوردستان لەسەر دەستی قوتابیانی ئێمە ڕوویان نەداوە و بێگومان ڕوویش نادەن. لە كاتێكدا بەردەوام بەشێك لە خۆبەچالاكزان و هێزی ئۆپۆزسیۆن و عێراقچییەكان، دەیانەوێت كوردستان وەك شوێنێكی دواكەوتوو پێشان بدەن.

ئەم هوشیارییە كۆمەڵایەتی و تاكەكەسییە، زادەی تێگەیشتنێكی ئەقڵانی، نیشتمانی، پەروەردەیی و خۆشەویستی خاكە، وێرای هەبوونی نیگەرانی و ڕەخنە و تێبینیش، قوتابیانی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و پەروەردەیی ڕەفتاریان كردووە، كەچی دەبینین لە پێشكەوتووترین وڵاتی دنیا، دیمەنەكە چۆنە؟ لە كاتێكدا هەمیشە واقیعەكە بەو شێوەیە پێشان دراوە گوایە ڕۆژئاوا بەهەشتی سەرزەوییە.

داواكاری قوتابیان لەوێ، نەبوونی مامۆستا و جەنجاڵی پۆل و بایەخدان بە دابینكردنی شوێن و كەمكردنەوەی كاتی خوێندن و چەند داواكارییەكی دیكەن، ئەمەیش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە گرفتەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، گرفتی بنەڕەتین و ڕەنگە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هاوشێوە بن، بەڵام ئەگەر بەراوردی كوردستان بەوێ بكەین، دەبینین لێرە قوتابی مامۆستای بۆ دابین كراوە، قوتابخانەی 18 پۆلیان بۆ دروستكراوە، بگرە لە سایەی پێشكەوتنەكانی كابینەی نۆیەم لە هەمووو ڕوویەكەوە، قوتابخانەكەیان بە وانە و بابەت و داتا و زانیاری و داواكاری و ئاگاداربوون لە هەموو شتێك، هاتووەتە ناو مۆبایلەكانیان.

واتە لە ڕووی زانستی و تەكنیكییەوە، پرۆسەی پەروەردە ئەوەندە بەرەوپێش چووە، قوتابخانە هەیە لە كوردستان شەش قوتابی هەیە، بەڵام شەش مامۆستای بۆ دابین كراوە، كەواتە بە زیادەوە میلاك بۆ قوتابی دانراوە. ئەگەر قوتابخانەیەكیش میلاكی نەبێت، ئەوا بە مامۆستای وانەبێژ یان گرێبەست پڕ كراوەتەوە.

بێگومان ئێمە دەزانین جیاوازی لە نێوان واقیعی فرەنسا و كوردستاندا هەیە، بەڵام كەم وڵات بە تایبەتیش وڵاتە عەرەبیەكان و بگرە بەشێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیایش هەن، ژمارەی قوتابیانی ملیۆن و نیوێك بێت، وەك ئەوەی لە كوردستان هەیە.

بەداخەوە كەسانێك ڕاهاتوون هەموو شتێك بە ڕەش ببینن، ئەگەرچی خۆیان هزر و گلێنە و تێگەیشنیان ڕەشە، بۆیە بەردەوام دەیانەوێت هەرێمی كوردستان وەك شوێنێكی دواكەوتوو پێشان بدەن، بەڵام خۆشبەختانە واقیعەكە پێچەوانەی دڵڕەشی و هزر ڕەشی ئەوان دەردەخات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *