ئایا دەكرێت نەوەیەك پەروەردە بكەین كە جیهانی بیر بكاتەوە، بەڵام پابەندی بەها و ئادابە كولتوورییەكانی نەتەوەكەی بێت؟. ئەم پرسیارە ماوەیەكە لێرە و لەوێ دەبیسترێت؛ بەڵام لە پشت ئەم پرسیارەدا پرسیارێكی گەورەتر هەیە: كێ بەرپرسیارە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی؟ چۆن دەتوانین نەوەیەك پەروەردە بكەین كە لەگەڵ دنیای نوێدا خۆی بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لەدەست بدات؟.
دنیای ئەمڕۆ بە خێرایی لە گۆڕاندایە. تەكنەلۆجیا، ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا و پێوەندییە جیهانییەكان سنوورەكانی نێوان كۆمەڵگەكانی كەمتر كردووەتەوە. منداڵی ئەمڕۆ لە تەمەنێكی زۆر كەمەوە دەكرێت لەگەڵ زمان، كولتوور، بیركردنەوە و شێوازی ژیانی جۆراوجۆری جیهانی ئاشنا ببێت. ئەمە لە خۆیدا نە پێویستە بە شتێكی خراپ بزانرێت و نە شتێكی باشە خۆی لێ بێدەنگ بكرێت. ئەوەی گرنگە، شێوازی ئامادەكردنی منداڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەكان و بەردەوامی لە ژیان.
منداڵێك كە ناسنامەكەی بەهێزە، دەتوانێ دنیا بناسێت، لە كولتوورەكانی تر فێر ببێت و لەگەڵ جیاوازییەكاندا خۆی بگونجێنێت؛ بەڵام هەمان كات مەرجە بزانێ خۆی كێیە، زمانی باوباپیرانی چی بووە و لە كوێ زمان و بەها باڵاكان سەرچاوەی گرتووە. بێگومان خێزان وەك یەكەمین ناوەندی پەروەردەیی، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر منداڵ هەیە. پەروەردە لە قوتابخانە دەست پێ ناكات؛ لەو كاتەوە دەست پێ دەكات كە منداڵ گوێ لە دایك و باوك دەگرێت، شێوازی مامەڵەكردنیان دەبینێت و بەها و ڕەفتارەكانیان فێر دەبێت.
ئەگەر خێزانەكان بە زمانی كوردی قسە بكەن، چیرۆكە كوردییەكان بۆ منداڵان بگێڕنەوە، لە بۆنە و نەریتە كولتوورییەكاندا منداڵان بەشداری بكەن و فێری ڕێز و بەها مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان بكرێن، ئەوا بناغەی ناسنامەی منداڵێكی تەندروست لە ماڵەوە دادەنرێت. بۆیە پاراستنی كولتوور تەنیا ئەركی دامەزراوە فەرمییەكان نییە؛ خێزان یەكێكە لە گرنگترین ناوەندی گواستنەوەی كولتوور لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر.
ڕێكخراوی یونیسكۆ دووپات دەكاتەوە كە دایك و باوك و چاودێر و كۆمەڵگە، ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە پەرەپێدانی تواناكانی منداڵ بۆ بوون بە هاووڵاتییەكی بەرپرسیار. (UNESCO) ئەگەر خێزان بناغەی ناسنامەی منداڵ دابنێت، قوتابخانە دەتوانێ ئەو ناسنامەیە پەرە پێ بدات و لە هەمان كاتدا دەرگای دنیا بە ڕووی منداڵدا بكاتەوە. سیستمی پەروەردە دەتوانێ پاڵپشتیی كولتووری ناوخۆیی بكات، نەك تەنیا بە وانەی مێژوو و زمان، بەڵكو بە ڕێگەی چیرۆك، هونەر، شانۆ، پڕۆژە، گۆڤاری قوتابی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان.
منداڵ دەبێت بزانێ دنیا فراوانە و كولتوورەكان جۆراوجۆرن؛ بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت بزانێ كولتووری خۆی بەشێكە لەو دنیا فراوانە. ئامانج ئەوە نییە منداڵ لە كولتوورەكانی تر دوور بخرێتەوە؛ بەڵكو ئەوەیە توانای هەڵبژاردن و تێگەیشتنی پێ بدرێت. هەروەها سۆشیال میدیا بووەتە بەشێك لە ژیانی نەوەی نوێ. لەم سەردەمەدا هەموو منداڵێك لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمانەوە ناوەڕۆكی جۆراوجۆر دەبینێت و بە شێوەیەكی خێرا لەگەڵ دنیا پێوەندی دەبەستێت. بۆیە پرسیارەكە نابێت تەنیا ئەوە بێت كە: «چۆن منداڵ لە سۆشیال میدیا دوور بخەینەوە؟». لەوانەیە پرسیارێكی گونجاوتر ئەوە بێت: «چۆن فێری بكەین سۆشیال میدیا بە شێوەیەكی هۆشیارانە بەكار بهێنێت؟».
هەروەها سۆشیال میدیا دەتوانێ ببێتە دەرفەتێك بۆ ناساندنی كولتووری كوردی. چیرۆك، شیعر، مێژوو، گۆرانی، هونەر و بەرهەمە كولتوورییەكان، دەتوانن بە زمانی نوێ و شێوازێكی سەرنجڕاكێش بگەنە دەست نەوەی نوێ. كاتێك ناوەڕۆكی كوردیی بە كوالێتی دروست دەكەین، تەنیا كولتوورەكەمان بۆ منداڵانی خۆمان ناناسێنین؛ دەتوانین بە جیهانیشی بناسێنین.
منداڵ هەمیشە بە وانە و كتێب فێر نابێت. هەندێك جار چیرۆكێك دەتوانێ ئەو شتەی فێر بكات كە دەیان وانە ناتوانن. چیرۆك و شیعر و شانۆ و گۆرانی دەتوانن بەهاكان بەشێوەیەكی سروشتی بخەنە دڵی منداڵ. ئەگەر منداڵانی كورد كتێب و چیرۆكی كوردی زیاتر بخوێننەوە و ئەدەبیاتی منداڵان بە شێوەیەكی نوێ و سەرنجڕاكێش پەرەی پێ بدرێت، پێوەندییان بە زمان و كولتوورەكەیان زیاتر دەبێت. ئەمەش واتە «تەندروستترین سیستمی پەروەردە تەنیا زانست بە منداڵ نابەخشێت، بەڵكو فێری دەكات هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات لە بەرانبەر گەڵ و نیشتمانەكەی » .
لە نێوان هەموو ئەو هۆكارانەی كە كاریگەرییان لەسەر ناسنامەی تاك هەیە، زمان شوێنێكی تایبەتی هەیە. زمان تەنیا ئامرازێك نییە بۆ قسەكردن؛ بەشێكە لە بیركردنەوە، مێژوو، ئەدەب و بیرەوەریی كۆمەڵگە. بۆیە فێربوونی زمانە جیهانییەكان نابێتە هۆی پشتگوێخستنی زمانی كوردی. بە پێچەوانەوە، دەتوانین منداڵ فێری چەند زمانێك بكەین و لە هەمان كاتدا پێوەندییەكی بەهێزی بە زمانی خۆیەوە هەبێت.
نەوەیەكی جیهانی، پێویستی بە ناسنامەیەكی ڕوون هەیە. بەداخەوە هەندێك كەس وا بیر بكەنەوە كە بۆ جیهانیبوون، دەبێت لە كولتووری خۆمان دوور بكەوینەوە یان بۆ پاراستنی كولتوور، دەبێت خۆمان لە دنیا داببڕین. بەڵام لەوانەیە ڕێگەی سێیەم گونجاوترین بێت . بەوەیش دەتوانین منداڵێك پەروەردە بكەین جیهانی بیر بكاتەوە؛ زمانی خۆی بزانێ و زمانەكانی تر فێر ببێت؛ كولتووری خۆی بناسێت و ڕێز لە كولتوورەكانی تر بگرێت؛ شانازی بە باوانیەوە بكات و لە دنیای نوێدا بە متمانەوە بژێت. ئەمەش لە ڕێگەی پەروەردەیەكی هاوسەنگەوە دەكرێت.
لە كۆتاییدا پاراستنی ناسنامە، بە مانای دابڕان لە دنیا نییە و جیهانیبوونیش بە مانای پشتكردن لە نەتەوە نییە. ئەركی پەروەردە ئەوەیە ئەم دوو لایەنە لێك نزیك بكاتەوە: «مرۆڤ دەبێت ڕەگ لە خاكی خۆی بگرێت و لقەكانی بەرەو ئاسمان پەڵبهاوێژن ». ئەگەر ئەمڕۆ بتوانین نەوەیەك پەروەردە بكەین كە خۆی بناسێت، زمان و كولتوورەكەی بپارێزێت، بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەی هەبێت، دنیا بناسێت و ڕێز لە بیر و بۆچوونە جیاوازەكان بگرێت، ئەوا پەروەردە تەنیا منداڵێكی تەندروستی بۆ ئێستە دروست نەكردووە؛ بەڵكو مرۆڤێكی ئامادەی بۆ داهاتوو پەروەردە كردووە.
سەرچاوەكان
وێبسایتی فەرمی UNESCO
ماڵپەڕی فەرمی OECD
















Leave a Reply