لە عێراقدا گەندەڵى لە تاوانەوە دەگۆڕێت بۆ پلانێکی پیشەیی

بینەر: (3)

ڕزگار کانابى

نوخبەی سیاسی لە عێراقدا پرسیارە جەوهەرییەکەیان لەوەدا کورت نەکردووەتەوە کە چرا گەندەڵی بوونی هەیە، بەڵکو لەوەدا کۆیان کردووەتەوە کە چۆن بەرپرسێک دەتوانێت بەناو جومگەکانی دەوڵەتدا بەرز بێتەوە، لە داوی دەیان ئابڕووچوون و سکاندال دەرباز بێت، کابینەکان بگۆڕێت و هێشتا وەک ئەکتەرێکی بەهێزی گۆڕەپانەکە بمێنێتەوە. لە سیستەمە کارگێڕییە پێشکەوتووەکاندا، پۆستی گشتی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان تەماشا دەکرێت،

بەڵام لە واقیعی سیاسیی بەغدادا، فەرمانگەی حکومی و وەزارەتەکان زیاتر لە پەیژەیەکی دارایی و پلەبەرزکردنەوەی کەسی دەچن کە تێیدا لێپرسینەوە و یاسا تەنیا وەک ڕاوەستانێکی کاتی و بێزارکەر ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت. بەرپرسێک کە ئەمڕۆ لە دۆسێیەکی ملیۆن دۆلاری کۆنتراکتە وەهمییەکاندا ناوی دەزڕێت، بەیانی لە ناو لیژنەیەکی باڵای چاکسازیدا دەبینرێتەوە، و دوو ساڵ دواتریش دەبێتە سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بۆ پاراستنی مافی بێبەشەکان. لەم پرۆسە نامۆیەدا، ئەزموونی دەستبڕین و خۆدزینەوە لە ڕاپۆرتەکانی وردبینیی دارایی، لەبری ئەوەی بێتە هۆی دەرکردن و سزادان، دەبێتە بڕوانامەیەکی کارایی کە ڕێگە لەبەردەم بەرپرسەکە خۆش دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی گەورەتر لە کابینەی داهاتوودا.

وەک تەنزێکی تاڵ لەسەر ئەم پەیژە پیشەیییە دەبێت بڵێین: “لە عێراقدا، تووشبوون بە نەخۆشى گەندەڵی بە مانای کۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی لەسەرکار نییە، بەڵکو تەنیا پشوودانێکی کاتییە بۆ ئامادەکاریی وەرگرتنی پلەیەکی بەرزتر لە حکومەتی داهاتوودا!” کاتێک دامەزراوەکانی چاودێری و دادوەری دەبنە ئامرازێک بۆ دانوستاندن لەبری سزادان، ژینگەی کارگێڕیی وڵات بەتەواوەتی دەستکاری دەکرێت و ڕەفتاری لاڕێ دەبێتە سەرەکیترین مەرج بۆ سەرکەوتن. متمانەی جەماوەر بە دەوڵەتداری کاتێک بەتەواوەتی دەسڕێتەوە کە هاووڵاتی دەبینێت یاسا تەنیا بەسەر کەمئەندام و بێپشتوپەناکاندا جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا بەرپرسە گەورەکان بەوپەڕی شانازییەوە سوودیان لە کەلەبەرەکان وەرگرتووە و گەندەڵییان کردووەتە پڕۆفێشنالترین ئامرازی سەرکەوتنی کەسی لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *