كۆوارێك ئەگەرێكی مەترسیداری دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق ئاشكرا دەكات

بینەر: (11)

لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری وادەی كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، شارەزایان وریایی لە مەترسییەكانی دوای ئەو كشانەوەیە لەسەر عێراق و تەواوی ناوچەكە دەدەن، ئەوان پێیان وایە ئەو هەنگاوە بۆ ئەمەریكا تەكتیكییە و بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و زیانەكانە، كەچی بۆ عێراق و ناوچەكە كرانەوەی دەرگەیە بەر رووی چەندان ئاڵنگاری، لەوانە تەناهی و ئابووری، كە رەنگە عێراق بەرگەیان نەگرێت.

كۆوارێكی ئەمەریكی تایبەت بە شرۆڤەی سیاسی باسی لێكەوتێكی مەترسیداری بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە عێراق دەكات، پێی وایە ئەمەریكا نزیكە لە حكوومەتی عێراق و بەڵێنەكانی بێئومێد بێت و بە تەواوەتی دەستبەرداری دەبێت، كۆواری “وەر ئۆن زە رۆكس”، ئاماژەی كرد كە ئەو كشانەوەی یەكجارەكییەی ئەمەریكا لە 30ی ئەم مانگە، واتە كۆتایی هاریكاری راستەوخۆی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراقی و ئەمەریكییە.

زیاتر گوتی، لە سایەی نەبوونی ستراتیجیەتێك شێوەی پێوەندی نێوان هەردوو وڵات لە دوای كشانەوەكە دیاری بكات و بەردەوامیی ئاڵنگارییەكانی لە عێراق هەن كە دەسەڵاتی ئێران بەهێزتر دەكەن، ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت دەستبەرداربوونە، پێشتر پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن زیاتر هاریكاریی تەناهی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك داعش بووە، بەڵام دوای كشانەوە و نەمانی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق، واتە كۆتاهاتنی ئەو پێوەندییە، بێ بوونی چوارچێوەیەكی شوێنگرەوە.

كۆوارەكە باسی ئەوەشی كرد كە بەردەوامبوونی حكوومەتی عێراق لە هەوڵی داماڵینی چەكی میلیشیاكان بێهوودە، دەبێتە هۆی دەستبەرداربوونی واشنتن لە بەغدا، ئەگەر عێراق نەتوانێت چەكی میلیشیاكان وەربگرێتەوە و رێگریان لێ بكات لە راكێشانی زیاتری عێراق بۆ ناو بەرەی ئێران لەو وادەی دیاری كراوە.

كۆوارەكە دووپاتی كردەوە كە واشنتن دەگاتە قەناعەت كە پێوەندی لەگەڵ بەغدا سوودێكی نەماوە، بۆیە كشانەوەی سەربازیی ئەمەریكا دەبێتە سەرەتایەكی نوێ لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات بەو مەرجەی كۆنترۆڵی چەكی میلیشیاكان بكرێت، یان كۆتایی تەواوەتیی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و ئەو كاتەش لێكەوتەی مەترسیداری بۆ عێراق دەبێت.

بەپێی راپۆرتەكان، كشانەوەی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە كۆتایی بێت، هەڕەشەیەكی رژد بۆ سەر دۆخی تەناهیی ئەو وڵاتە دروست دەكات، بەتایبەتی بە هۆی لاوازیی توانای تەناهی و سەربازی عێراق، كە تا ئێستەش بە تەواوەتی پشتی بە زانیاریی هەواڵگری و پاڵپشتیی لۆجیستی و ئاسمانیی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی داعش بەستووە، جیا لەوە كشانەوەكە ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی لە نێوان میلیشیاكان خۆیان و پێكهاتەكانی تری وەك كورد و سوننەی لێ دەكرێت.

مەبەستی سەرەكیی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێگرتنە لە سەرهەڵدانەوە و گەشەكردنەوەیەتی، بۆیە پێوەری سەرەكیی سەركەوتنی پرۆسەی كشانەوەی ئەو هێزانە، دۆخی رێكخراوەكە لەسەر خاك و توانای هێزە تەناهییەكانی عێراقە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەتی، لە حاڵەتی زیادبوونی مەترسیی رێكخراوەكە لە چەند مانگی داهاتوودا، بە گشتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا رەنگە بۆشاییەكی تەناهی دروست بكات.

پێشبینیی دەكرێت و ئەگەری زۆرە لە دوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان، لە سایەی لاوازیی توانای هەواڵگری و چاودێری و ئاسمانی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق و بوونی بەرژەوەندی میلیشیاكان لە رێگەدان بە سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو رێكخراوە، بەتایبەتی لە هەندێك ناوچەی دوورەدەست و نەیار و ناڕازی بۆ میلیشیاكان سەر هەڵبدانەوە، بەتایبەتی هەندێك ناوچە هەن ئێستەش حكوومەت نەیتوانیوە بێ هاوپەیمانان كۆنترۆڵیان بكات و بە بەردەوام بۆشایی تەناهییان تیادایە.

بڕیارە لە 30ی ئەم مانگە هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا بە تەواوەتی لە عێراق پاشەكشە بكەن، ئەگەرچی لە ناوەندی فەرمی و بەپرسانی حكوومەتی و سەربازی و تەناهی دڵنیایی دەدەن بەوەی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان لە دوای ئەو وادەیە هەیە، بەڵام ناوەندی جەماوەری دڵنیا نییە و گومان و ترسی لە لێكەوتەكان هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *