كوردستان بۆ تەندروستیی ژینگەی ” ئاو و هەوای پاك و خواردن” لە ئاستی وڵاتاندایە

بینەر: (581)

لە 26ی ئەیلوولی هەموو ساڵێكدا، دنیا ڕۆژی جیهانی تەندروستیی ژینگە دەكاتەوە كە رۆژەكە راستەوخۆ پێوەندیی بە نێوان ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ و گرنگیی پاراستنی هەوا، ئاو، خاك و ژینگەی دەوروبەر هەیە. لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی داوە لە پاككردنەوەی ژینگە و دابینكردنی ئاوی پاك.

ئەم رۆژە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تەندروستی ژینگە (IFEH) ەوە لە ساڵی 2011 دیاری كراوە كە ئەنجوومەنی فیدراسیۆنەكە، لە 26ی ئەیلوولی ئەو ساڵە بڕیاری دا ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێك یاد بكرێتەوە.

تەندروستیی ژینگە چییە؟

تەندروستیی ژینگە تەنیا بە مانای پاراستنی سروشت نییە، بەڵكو تەندروستیی گشتییە كە سەرنج دەداتە سەر ئەو هۆكارە فیزیكی، كیمیایی و بایۆلۆجییە دەرەكییانەی دەتوانن كاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت، وەك پاكی و كوالێتیی هەوا و دەستگەیشتن بە ئاوی پاك و سەلامەت و پاكوخاوێنی و ئاوەڕۆ، سەلامەتیی خواردن و گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ و و پاراستنی ژینگەی شوێنی نیشتەجێبوون و كار.

بەم پێیە ئەوەی لە ژینگەدا ڕوو دەدات، دەتوانێت بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر تەندروستیی تاك و كۆمەڵگە هەبێت.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تەندروستیی ژینگە بۆ ئەمساڵ دروشمەكەی بریتییە لە تەندروستیی ژینگە پشتگیری لە زانست بۆ پاراستنی كۆمەڵگەیە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە بڕیارەكان لە بواری ژینگە و تەندروستی دەبێت تا توانراوە پشت بە زانست و بەڵگەی دروست ببەستن، بەتایبەتی لە كاتێكدا كە كۆمەڵگە ڕووبەڕووی گۆڕانی كەشوهەوا، پیسبوونی هەوا، كەمبوونەوەی ئاو و مەترسییە نوێكانی ژینگەیی دەبێتەوە.

بۆچی ئەم بابەتە بۆ كوردستان گرنگە؟

پرسەكانی تەندروستیی ژینگە بۆ كوردستان تەنیا بابەتێكی جیهانی نین، بەشێكن لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، بەجۆرێك لە چەند ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە پرسی تەندروستیی ژینگەیی داوە، لە پاككردنەوەی هەوا بە كوژاندنەوەی سەتان موەلیدە و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و هەروەها بەردەوامی دابینكردنی ئاوی پاك.

لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبردنی پاشماوە و خاشاك، پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و زیادكردنی سەوزایی لە شارەكان، بەشێك لە بابەتی تەندروستیی ژینگەیە كە ئەمانە كاریگەرییان تەنیا لەسەر جوانیی شار نییە، بەڵكو بە تەندروستی و ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانەوە پێوەندییان هەیە.

دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بۆ “وشە” گوتی، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژینگەی هەولێر پیس بوو، بەڵام بەهۆی بڕیار و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ پاككردنەوەی لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، گۆڕانكارییەكی زۆر لە ژینگەی هەولێر دروست بووە.

بەگوێرەی ئەو داتانەی تۆمار كراون، ژینگەی هەولێر بە رێژەیەكی بەرچاو خاوێن بووەتەوە، ساڵی ڕابردوو لەم كاتانە هەوای هەولێر 170 بۆ 180 بوو، لە پێوەری جیهانیی كوالێتی هەوا، بەڵام ئێستە لە نێوان 70 بۆ 80 دایە.

ئەو دەڵێ‌، داخستنی موەلیدەی گەڕەكەكان، دروستكردنی پۆند و بەنداوەكان و پڕۆژەی رووناكی، كاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر پاكبوونەوەی ژینگەی هەولێر.

پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان كۆبوونەوەی لەبارەی ژینگە لەگەڵ فەرمانگەكان كردووە، دووپاتی كردووەتەوە كە پرسی ژینگەپارێزی بەشێكی گرنگی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و پێویستە ئەرك و خەمی هەموومان بێت، دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان بە پاكی ڕابگرین و پاراستن و پاكڕاگرتنی ژینگە، ئەركی هەموو لایەكە.

هەروەها پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارانەی داوە كە هەر پاڵاوگەیەك، یان هەر كارگەیەك كە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنوێنییەكان كار بكات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر و ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەك یان هەر كەس و لایەنێك دەگیرێت، كە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستیی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێك بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە كێڵگە نەوتییەكان دابنرێت.

جیا لەوەی پڕۆژەی رووناكی سەتان موەلیدەی لە كوردستان كوژاندەوە و رێگریش لە ئاوی پیس كرا بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *