کولتوور ئاراستە و ڕەهەندێک نییە بە تەنیا و بەبێ ئامادەبوونی توخم و ماکە چالاک یان ناچالاکەکانی تری کۆی پێکهاتەی کۆمەڵگە ڕێگا ببڕێت و گەشە بکات. جیۆرج لووکاچ پێی وایە “گەشەی کۆمەڵگە پرۆسێسێکی تاقانە و یەکانگیرە، واتە هیچ قۆناغێکی گەشەکردن لە پانتایی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەبێ کاریگەریدانان لەسەر یەکتر، نابن”. کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک گەشەسەندن و قەیرانەکانی دەتوانن دەرخەری ئاستی گەشە یان وەستان و داڕمانی بن. وەک پێشتریش باسم کردووە، کولتوور تەنیا کۆمەڵێک داونەریتی کۆنباو و ڕێوڕەسمی ڕووکەش نییە کە ئێمە بەردەوام و بۆ هەمیشە پێیان بژین، بەڵکوو لە پاڵ ئەمانەدا خواستی تێپەڕاندنی قۆناغی کۆن و ئەزموونکردنی ژیان و قۆناغی نوێ و هەنگاونان بەرەو گەشەیەکی چڕوپڕن لەو توخمانەدا کە کولتوور پێیانەوە ئاوسە و پاش هەر ژان و پەلەقاژەیەکی وەچەخستنەوە یان زاوزێیەک، دێتە ئاراوە یان لەبارچوونێک ڕوو دەدات.
منداڵدانی کولتوور بە هەر زاوزێیەک چالاکتر دەبێت و نوێ دەکرێتەوە و بە هەر لەبارچوونێکیش تووشی نەخۆشی و ناچالاکی دەبێت، بگرە خاوەنەکەی تووشی خەمۆکی و بێهیوایی درێژخایەن یان کاتیی دەکات. ئەگەر بڵێم نووسەران، ڕۆشنبیر، کۆمەڵناس و مامۆستایانی زانکۆیش لە خوێندنەوەی ئاماژە ترسناکەکانی کولتووری گشتی و پەیامی پشت هەندێ ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لە هەمبەر دیاردە کولتووری و هونەرییەکاندا خەمسارد و کەمتەرخەم بوون، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبووبێت، بۆیە بە زێدەڕۆیی نازانم، چوونکە ئەم کارەکتەر و توێژانە دەبێت چاوەدێری ورد و بە مەعریفە و دەروەست و ئەخلاقی کۆمەڵگە بن و چاوەڕوانیی زیاتریان لێ دەکرێت. یان دەشێت بڵێین فەزای زاڵی ئەو گوتارەی کە کۆمەڵگە و ڕەفتارەکانی دەخوێنێتەوە، بە هەر هۆکارێک بووبێت لەناو بازنەی هەندێ گوزارە و دەستەواژەی ماوەبەسەرچوو و مردوودا قەتیس بووە.
منیش وەک زۆری دیکە، بە دەیان جار شایەتحاڵی ئەوە بووم کە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووبەری کولتووردا ڕەفتارێکی نامۆ و نەخوازراو و بگرە تووڕەکەر بووە. بەڵام بەرلەوەی دانیشم کۆمەڵگە بدەمە بەر شەپی ڕەخنە و ڕەتکردنەوە /بێگومان ئەمەیش پێویستییەکی عەقڵی و ژیارییە، بەڵام نەک تاکڕەهەندانە و داخراو پرسیار لە خۆم (و کۆمەڵگە) دەکەم/، بە واتایەکی تر، چڵێکی دوودەمی ڕەخنە ئاراستەی خۆم و کۆمەڵگە دەکەم، ئەویش بە هیوای دروستبوونی دانوستان و دیالیکتیکێکی ئاوەزمەندانە بۆ گەیشتن بە وەڵام یان وەڵامەکان.
گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لام دروست بوون و هەروەتر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیار و گومانانەی دەشێت لە کولتووری گشتی و ناو کۆمەڵ و لای شەقام دروست بووبن. واتە هێشتا ئێمە هەوڵ دەدەین ڕایەڵە و پردی پێوەندیی نێوان نووسەر و… کۆمەڵگە بەرقەرار و هەڵپێکراو بێت. بۆیە دەشێت لەم پرسیارانەوە دەست پێ بکەین:
١- ئایا ڕایەڵەی نێوان نووسەر و خوێنەر، دانەران و وەرگران، دەرهێنەران و بینەران و… ڕایەڵەیەکی بزۆز و پڕ دانوستانی دیموکراتە؟ یان بە گشتیی ماهییەتی ئەم پێوەندییە چۆناوچۆنە؟
٢- ئایا ماهییەتی ئەم ڕایەڵەیە بیرکردنەوە و هزرمەندیی دێنێتە ئاراوە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە بە هەر بارێکدا بدرێتەوە، بێهیواکەر و نائومێدییە، چونکە نەک تەنیا ئەم پێوەندییە لە ئاستێکی ڕاستەوخۆ و دیموکراتدا نابینینەوە، بەڵکوو لە شێوەی ناڕاستەوخۆ و نێونجداریشدا ئەم جۆرە پێوەندییەی نێوان بەرهەم و وەرگر، دەستەبژێر و کۆمەڵدا… نابینین.
٣- کێشەکە لە کوێیە؟
وەڵامەکەی ئاسان نییە، بەڵام لە درێژەدا هەوڵ دەدەم ئاماژە بە هەندێ هۆ و توخمی کاریگەر بدەم، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بابەتەکە. وەک نەریت وا باو بووە ڕۆشنبیر بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانەوە بڕوانێتە دیاردەکان و کۆمەڵگە و هەموو ڕەهەند و جومگەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و کولتووری گشتی ڕەخنە بکات، تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە کاریگەریی ئەرێنی و ئامیانی کولتوورساز و شارستانیی ڕەخنە بکات، بەڵام ئەم نەریتی ڕەخنەکردنە دوای چەندان ساڵ ئەزموون توانیوێتی هیچ مێتۆد و شێوازێک بگوازێتەوە ناو کۆمەڵگە؟ ئایا ئەوەی شەقام دیاردەیەکی ناباو و دژەباو بە پێچەوانەی نەریتی ژینکراوی خۆی دەبینێت، دەست دەکات بە جنێودان، ڕەفتارێکی لە ئاسمانباریو و خۆڕسکە یا ئێمەیش بەرپرسین لێی؟! با ڕقمان نەچێت و زوو بڕیار نەدەین، مەبەستم ئەوە نییە نووسەر یان ڕۆشنبیر سەرنموونەیەک لە ئەخلاق و ڕەفتاری خراپیان بەرهەم هێناوە و گواستوویانەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە بمانەوێ و نەمانەوێ ئێمە لەناو تۆڕێکی دیالیکتیکیدا دەژین، ئەگەر لە دەلاقەیەکی بەربڵاوی ژیاریدا بیر بکەینەوە، خوێنەری ژیری ڕەخنەگر دەتوانێت منی نووسەر (چالاک، ڕۆشنبیر، هونەرمەند و…) زیاتر و زۆرتر بەرەو سەرەوە هەڵخزنێنێت و ئاستەکانی پێگەی نووسەربوون و… بە ئاقارێکی باشدا ڕێژەیی بکاتەوە.
دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەی سەرەوەم ڕایەڵەی پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر ماهییەتی چۆنە و چەندە پتەوە؟ بە ناو ئەم ڕایەڵەیەدا چی کەوتووەتە هاتووچۆ؟
گومانی تێدا نییە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئێمە هەندێ ناوی دیارمان لە ئاستی جۆراوجۆری ئەکادیمی، ئەدەبی، ڕۆشنبیری و … هەیە کە زۆریش نین، ئەمانە لەلایەن کولتووری گشتییەوە بە کەمترین ئاست لە ڕەخنە و زیاترین پیاهەڵدان و ستایش چەسپاون و جێگیر بوون، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە دەقگرتوویی و چەسپاوییە سووژەی ڕەخنەگری ئێمە چی کردووە؟ بە کام گوتار هەوڵی داوە ئەم جۆرە لە پێوەندییە هیرارشیک و هەرەمی و خۆهەژموونەکەرە هەڵوەشێنێتەوە؟
ئەگەر سەرنجێک بدەین، سووژەی ئێمە بە زۆری کاتێک دەیەوێت ڕەخنە لە ماهییەت و جۆری وەها ڕایەڵەیەک بگرێت، بەر لە هەموو شتێک پەلاماری ڕایەڵەکە دەدات و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک بیپچڕێنێت، ئەمەیش ئەو کردەوە هیستری و نەبرژاوەیە کە کرۆکی دیالیکتیک و دەرئەنجامەکەی کە بە هەرێمی گفتوگۆدا تێپەڕ دەبێت، بنپێ دەخات. ئینجا ئەگەر گفتوگۆیەکیش بێتە ئاراوە بەناوی “ڕەخنەی ڕادیکاڵ”، حەتمەن دەبێت سەرێکی ئەم ڕایەڵەیە بڕووشێت یان بپچڕێت و بەم شێوەیە گوایە ڕەخنە و ئاوەزمەندی و ئەرکی ڕۆشنبیریی گەیشتووەتە ئەنجام.
ئەگەر سەرنجێکی خێرا بدەین و تۆزێک مڵوموش لە یادەوەریماندا بکەین، دەبینین نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئێمە لەوانەن کە بە کەمترین ڕادە ئاوڕ لە یەکدی و بەرهەمەکانی یەکنر دەدەنەوە، ئەگەر ئاوڕیش لە بەرهەمی یەک بدەنەوە، لەم چەند حاڵەتەی خوارەوە بەدەر نییە.
1- یان دۆست و هاوڕێی دێرین و نزیکی یەکن و بەشێوەیەک لە شێوەکان لە دڵی یەک دەرناچن و هاوبیری یەکن و بۆ یەکتری دەسێننەوە، ئەمەیش بەشێوەیەک ئاوێنەی هەمان کردەوەی حزبحزبێنەیە کە لێرەدا لە شێوەی باندباندێنە یان گوورپدا دووپات دەبێتەوە.
2- یان ئاوڕ لە بەرهەمی یەکتر دەدەنەوە بۆ ئەوەی ڕەتی بکەنەوە و پێوەر و پێودانگە هزری و مەعریفییەکانی خۆیان بە سەرووتر بناسێنن و ڕێگەی خۆیان لە یەکدی جیا بکەنەوە. بێگومان ئەمەیش دوو ئاڕاستەی هەیە: یەکەمیان ئاڕاستەیەکی بەناو رادیکاڵ و ئانارشیستانەیە کە دەق و خاوەنەکەی شڕ و شیتاڵ دەکات و دووەمیشیان کەم تا زۆر بە ڕۆحێکی دیالۆگئامێز و دیالیکتیکییەوە لەناو ئیپۆخە و کەوانەی ئەگەر و نەگەردا ڕای خۆی دەخاتە ڕوو. ئاراستەی دووەم پێشتر هەناسەیەکی دەکێشا، بەڵام ئێستە هەر بەرەو لەناوچوون ڕۆشتووە.
3- یان هاوڕێی نووسەرێکن کە لەگەڵ فڵان نووسەر کۆک و تەبا نییە، بۆیە دەکەونە وێزەی دەق و وشەوە
4- یا هەر بە ڕاستی لەگەڵ ئەو جۆرە لە نووسین کێشەی جەوهەرییان هەیە و پێک نایەن لەگەڵی.
ڕاستییەكەی لە ڕوانگەی منەوە هەر کام لەم ڕێگایانە تا ئاستێك لەناو پێکهاتی ئاڵۆز و پڕدانوستانی کۆمەڵگەدا ڕێگەپێدراون، بەڵام ئەوەی كە کامیان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر شەقام و ڕووبەری کۆمەڵایەتیی دەبێت و بەشێوەیەکی ڕێژەیی پێوەستە بە حەقیقەتی هزر و تێڕامانەوە، بێگومان ئەو ڕوانگەیەیە کە هەڵگری سێ تایبەتمەندیی “ڕەخنەهەڵگریی ڕەخنەکان، ڕێژەییبوونی ڕوانگەکان و هاوکات بوونی میتۆدێکی شیاوی بەرگری”، بێت. ئەگەرچی ئەو چوار حاڵەتە هەموویان دەتوانن هەناسە بکێشن، بە مەرجێک بتوانن دیالیکتیک و دانوستانێک دروست بکەن کە بزۆز و کاریگەر و هزرساز بێ. بێگومان هەڵگری ئەو سێ تایبەتمەندییەی سەرەوە بێت، دواجار هەژموونی خۆی بەسەر ئەوانیتردا ساغ دەکاتەوە. “بیرکردنەوە، دیالۆگ و گۆڕان”، لە فەزایەکی ئارام و قووڵدا دێتە ئاراوە، نەک لێڵکردنی گۆمەکە و هاتوهاوار.
ئەمانەم وەک پێشەکییەکی گشتی وت، تا بڵێم ئێمە لە بازنەی گەورە و پان و بەرینی نووسەران و… چیمان کردووە کە بۆ مەرگی کەڵەنووسەرانێکی وەک عەزیز گەردی و حسێن عارف وا غەریب و پەرتەوازە دەخرێین؟ ئایا کێشەکە هەر لە خەڵکدایە و ئەوان هەر بیر لە هیچ ناکەنەوە یا ئەم ڕەفتارەیان پەیامێکی ماناداری کولتووری و کۆمەڵایەتییە و ئێمە بە چاویلکەی ڕەشمانەوە لەسەر بورجی کتێب و پەردەی فەلسەفیمان نایبینین؟ ئایا ڕەهەندێکی گرنگی دیکە وەک ئایدۆلۆجیا و دەسەڵات و هەروەها مێدیا، بە خەست و خوڵی لەم هاوکێشەیەدا بەشدار نین؟ ئاخۆ ئەو ئایدۆلۆجیا ئیسلامییە بە باڵەکان و مینبەر و مێدیاکانییەوە، ئەو تێگە سیکۆلار و ناسیۆنالیستییە بە هێز و مێدیاکانییەوە، ئەو گوتارە چەپە بە پەیج و گێڕانەوە و مێژووەکانییەوە، واینەکردووە ئێمە لە باتی مرۆڤ بە مانای ئاسایی و ڕەسەنی کۆمەڵایەتی، لە بەردەم کۆمەڵگەیەکدا بین کە بەشی زۆری تاکەکانی کراون بە “ئایدۆلۆجیست” و لایەندار و هەر کەسەو بە بیانوو و پاساوێک دەتوانێت کردەوەیەک بنوێنێت کە دەشێت هیچ بیرێکیشی لێ نەکردبێتەوە؟
ئایا ئێمە لە کۆمەلگەیەکی ئایدۆلۆجیستدا ناژین کە تەنانەت نووسەر و ڕۆشنبیرانیش نەیانتوانیوە پێی بوێرن و کەم چرکەسات هەیە توانیبێتیان ڕاکێشی ناو هۆڵ و بەردەم لێدان و گێڕانەوەکانی خۆیانیان کردبێت؟ یا ئەو چرکەساتە نەگەیشتووە بۆ دووپاتنەبوونەوەی ئەو كاردانەوە تاڵ و ڕەفتارگەلە دڵتەنگکەرانە لەلایەن خەڵکەوە لە هەمبەر نووسەران، نوخبەی کۆمەڵگە ئاڕاستەی عەقڵی ڕەخنەگرانە دەستکاری بکەن؟
















Leave a Reply