كوردستان لە بەردەم ئاڵۆزی و ململانێكاندا: دیدگەی مەسروور بارزانی بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان

بینەر: (1.4K)

لە سەردەمێكدا كە ناوچەكە بە دەست ئاڵۆزیی قەیران و كێبەركێ ستراتیجییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەناڵێنێت، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكیدا لە كەناڵی ئەلجەزیرە، دیدگەیەكی سەركردایەتییانەی گشتگیری بۆ ئایندەی كوردستان و عێراق بەتایبەتی و ناوچەكە بە گشتی خستە ڕوو. سەرۆكی حكوومەت لەو دیدارەدا لە سنووری كێشە سیاسییە هەنووكەییەكان تێپەڕی و نەخشەڕێگەیەكی شیكاریی پێشكەش كرد كە ئامانج لێی چەسپاندنی سەقامگیری، ئەنجامدانی چاكسازیی ئابووری و ڕێكخستنەوەی پێوەندییەكانی هەولێرە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر.

یەكەم: بێلایەنی، قەڵغانی پاراستنی كوردستان لە پڕیشكی ئاگری قەیرانەكان

لە دیدارەكەدا سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لە پرەنسیپی سیاسیی هەرێم كردەوە كە لەسەر بنەمای بێلایەنی و دووركەوتنەوە لە میحوەرە ناكۆكەكان دامەزراوە، هاوكات ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان بە هیچ جۆرێك نەبووەتە لایەنێك لە ململانێ چەكدارییەكان و ڕێگەش نادات پەلكێش بكرێتە ناو هیچ شەڕێكەوە، سەرەڕای ئەوەی بە بیانووی جۆراوجۆر زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی كراوەتە سەر.

لەم چوارچێوەیەدا، مەسروور بارزانی تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت كردەوە كە ئاراستەی بنكەی ئاسمانیی هەریر دەكرێن، ڕوونیشی كردەوە كە زیاتر لە 10 ساڵە هیچ هێزێكی شەڕكەری بیانی تێدا نەماوە، ئامادەییان تەنیا بۆ شەڕی تیرۆر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵییە. دووپاتیشی كردەوە كە تاكە بژاردەی هەرێم، پاراستنی ئاسایشە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەوە.

دووەم: قەیرانی ناوەندگەری و ڕێگەچارەی دەستووری

لەبارەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، سەرۆك وەزیران ڕەگی كێشەكانی دەستنیشان كرد و ئاماژەی بەوە دا، ئاستەنگەكانی بەردەم چارەسەری پرسی ناوچە جێناكۆكەكان (مادەی ١٤٠) و یاسای نەوت و غاز، لە زاڵبوونی “بیركردنەوە و عەقڵییەتی ناوەندگەری “لەلایەن هەندێك هێزی بەغداوە سەرچاوە دەگرێت، بیركردنەوەیەك كە بەپێچەوانەی بنەما فیدراڵییەكانی دەستووری ٢٠٠٥ كار دەكات.

لە بەرانبەردا پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەكانی حكوومەتی فیدراڵ دەربڕی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ ئامادەیی هەرێم بۆ سەرخستنی ئابووریی نیشتمانی و زیادكردنی هەناردەی نەوتی عێراق.

سێیەم: ئابووری هەمەچەشن، ڕزگاربوون لە نەوت وەك تاكە سەرچاوەی داهات

لەسەر ئاستی ناوخۆ، مەسروور بارزانی ئاماژەی بە گۆڕانكارییە ئابوورییە ڕیشەییەكان كرد بۆ كەمكردنەوەی وابەستەیی بە نەوت، لەسەر سێ بنەمای سەرەكی خۆی دەبینێتەوە:

1. دیجیتاڵكردنی كارگێڕی: بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەكارهێنانی داتای ورد بۆ بەرزكردنەوەی شەفافییەت.

2. چاكسازی لە كەرتی گشتی: نەهێشتنی دامەزراندنی هەڕەمەكی و پشتبەستن بە گرێبەست.

3. وەبەرهێنانی بەرهەمدار: ئاراستەكردنی سەرمایە بۆ كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری، تەندروستی و پەروەردە.

چوارەم: هەنگاوەكانی دراوسێیەتی، هاوسەنگی لەگەڵ توركیا و گۆڕانكارییەكانی سووریا

سەرۆك وەزیرانی هەرێم توركیای وەك هاوبەشێكی ئابووریی جێگیر وەسف كرد و داوای چارەسەری ئاشتییانەی پرسی گوندە سنوورییەكانی كرد.

لەسەر ئاستی سووریاش، پێشوازیی لە بەرەوپێشچوونەكانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە كرد و بە “زیندووبوونەوە لە ناو خۆڵەمێش” وێنای كرد، بەتایبەت لە گەیشتن بە ددانپێدانانی مافەكانی كورد و تێكەڵبوونیان لە دامەزراوە نیشتمانییەكاندا. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی كارای هەولێر دا لە نزیككردنەوەی تێڕوانینەكانی نێوان دیمەشق و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە).

پێنجەم: نەوەی داهاتوو، گەنجان و هاووڵاتیبوون

لە كۆتاییدا سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە هیوای ڕاستەقینەی ڕاستكردنەوەی ئایندە لە دەستی نەوەی ئێستە و لاواندایە، نەوەیەك كە لە ژینگەیەكی كراوە و دیجیتاڵیدا گەورە بوون. دووپاتیشی كردەوە كە هێنانەدی خەونی ئەم نەوەیە بۆ دەوڵەتێكی مۆدێرن لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەكسانی دامەزرابێت، بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە لەسەر شانی سەركردایەتیی سیاسی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *