کۆمەڵگەی هەڵوەشاوە

بینەر: (835)

بێگومان کاتێک ئێمە دەستەواژەی داگیرکەر بەکار دێنین، تەنیا مەبەستمان سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانییەکی خاوەن داودەزگای كارگێڕی، یاسایی، سەربازی و مێدیایی نییە، بەڵکوو مەبەست ئەو لەشکرە پیادە و سوپا سایبێرییەی جیهانی مێدیایی و کۆمەڵایەتیشە کە بە باوەڕ و ئایدۆلۆجیاوە دەبن بە جێبەجێکاری کوێر و فیدایی ئەو سیستمەی تێیدا ڕاهاتوون و گۆش کراون. هەر لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەوانەی دەسەلاتە سیاسییەکانیان وا کوردستانیان داگیر کردووە، ئیتر خاوەنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە مانا ئاسایی و سروشتییەکەی نین، بەڵکوو ئەمانە کۆمەڵێک جڤات و کۆکراوەی باوەڕمەند و ئایدۆلۆجین کە بە ڕێگەی مادی و مەعنەوی خۆراک دەدرێن تا خزمەتی ئەجێنداکانی حکوومەت بکەن.

بانگەشەیەكی سەخت و تاڵە کاتێک باسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان و دابەزاینیان بۆ ئاستی کۆمەڵگەی کۆلۆنیال دەکەین. واتە هێزەکانی ناو کۆمەڵگە بە میكانیزمی دیاریکراوەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ مەبەستی دیاریکراو گەرایان دەدرێتێ، بۆ ئەوەی وانەزانین ئەمە ڕوانگەیەکی ڕەها و پۆزیستیڤیستییە، دەبێت ئەوەش زیاد بکەم کە مەبەست لە کۆمەڵگە ئەو هێزانەن كە زیاتر جڵەوی گۆڕانکاری و کاریگەرییان لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدەستە و هەروەتر دەبێت ئەوەیش بڵێم، کۆمەڵگە بەم مانایە کۆی هێزەکان ناگرێتە خۆی، بەڵکوو ئەو هێزانە لەخۆ دەگرێ كە دارەدەستی دەسەڵاتن و بەداخەوە ڕۆڵ و هێزیان هەیە. واتە لە پشتەوە و لە توێژە کپکراو و سەرکوتکراوەکاندا ئێمە هەر دەنگی ناڕازی و گۆڕانخوازمان هەیە، بەڵام ئەمانەیش دیسان لەلایەن دەسەڵاتەوە ئایدۆلۆجیزەدە دەکرێن.

ئەم بە ئایدۆلۆجیکردن و دیماگۆجیزم(فریودانی گشتی)یە، وا دەکات مەترسیی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە لە پێکهاتە ئاسایی و نۆرماڵەکەی هەستی پێ بکرێت و پێکهاتەیەکی سێبەر بنیات بنرێت کە فریودراوە یان کڕاوە و یاخۆ هەر یارییەکی دیکە کە دەسەڵات کۆمەڵگەی پێ سڕ و بێهۆش دەکات. بێگومان هەمیشە مەترسی ئەوە لەسەر ئەم داوتەنینە و دیماگۆجییە سیاسییە هەیە و هێز و شانە نوستووە ناڕازییەکان هەر ڕۆژێک ڕادەبنەوە و دێنە دەنگ، بەڵام تا ئەوکاتە هەم دەسەڵات لە یارییەکانی بەردەوام دەبێت و هەمیش ئەو جڤاتە سێبەرە ڕۆڵی زڕەکۆمەڵگەیەکی فریودەر دەگێڕێت و شانۆی چاوبەستکردن و شەعوەزەکەی درێژە پێ دەدا.

یەکێک لەو یارییانەی دەسەڵات لە دوای شۆڕشی ژینا کردی و بەشێکی کۆمەڵگەی ئێرانی بە تایبەت تاران و شارە گەورەکانی تری وەک ئیسفەهان و ئەراکی گرتووەتەوە، نمایش و شۆی سەرشەقامە کە هەم دیمەنی سەربازیی و سیاسیی لەخۆ دەگرێت و هەمیش بڕگەی سەما و زوڵف و کەزیەکان بە دەم مۆسیقا و شنەی باوە، دەنوێنێتەوە. ئەوانەی لە ئێران دەژین و نیگایەکی ڕەخنەیی و ناڕازیانەیان لە کۆی دۆخەکە و سیستمی سیاسی هەیە، بە تایبەتی زۆرینەی کورد، دەزانن ئەمە چ یارییەکە، بەڵام لە ئاستی جڤاکی و کۆمەڵایەتیی شارەگەورەکاندا کە نە کەڵکەڵەی شوناسی نەتەوەیی هەیە و نە شوناسی ئاینی و سیاسی، ئازادیی بە مانایەک لەو سەما و قژڕووتکردنەدا کورت دەکەنەوە،

هەر ئەم قژڕووت و سەماکار و دەنگبێژانەی سەر شەقامی ئازادیی تاران، دێنە شەقامی “جمهووری” و لە شانۆی نواندنی هێزی سەربازیی دەسەڵاتدا دیسان بە پرج و تۆزێک ڕوندک و قیچێک سۆزی نیشتمانی و نەختێک حەماسەتی دەسکردەوە، چالاکانە ڕۆڵ دەگێڕن. ئەم یارییە پێمان دەڵێت، بەڵێ ئازادیی بە مانا ئاسایی و جەستەییەکەی جارێک بەردەستە و فەرموون ئەوەتا هاتووەتە دی و ئەو هەموو شێوازە مۆدێڕن و پۆستمۆدێڕنەی جلوبەرگی خانمان و هەزاران جۆر ماکیاج و خانمانی سەگ بە دەست و پشیلە لە باوەش، فاکتن بۆ هەبوونی ئەو ئازادییە!

لە ڕوویەکەوە ڕاستە ئەمە ئازادییە، بەڵام کۆمەڵگەی ئێرانی بە پێچەوانەی ئەوەی یانگەشەی بۆ دەکات، لە نەخوێندەوارترینی کۆمەڵگەکانن، ئاماری کتێبخوێندن لە 20 ساڵی ڕابردووی ئێراندا ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە، کۆمەڵگەیەکی ئاوا دەڵێت، من بەر لە ئازادی نانم دەوێت، کەچی باوەڕ بەوە دەکات کە سادەترین و ئاساییترین ئازادییەکان کە مافی هەڵبژاردنی پۆشینی جلوبەرگە، بە ترۆپکی ئازادی و دەستگەیشتن بە مافەکانی دەزانێت.

ئایا ئەم کۆمەڵگە تا چەند لە ئازادی قووڵ بووەتەوە؟ ئاخۆ ئازادی هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە؟ بێگومان ئازادیی پۆشاک یەکێک لە سادەترین و سەرەکیترین ئازادییەکان، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە ئازادی لەوێدا کورت بکرێتەوە. ئازادیی شێوەژیان، بیرکردنەوە، بڕیاردان لە چارەنووس، فرەدەنگی لەناو کۆمەڵگە و پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵات، دەیان و سەدتان دەرکەوتەی دیکەی ئازادی، شتێکی نامۆیە بۆ ئەم کۆمەڵگە. بۆیە لێرەوە دەبینین ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەیش دەکرێت بە یاریی و ئەفسوونێکی سیاسی تێبکەوێت و بە نمایش و شۆی سەر شەقام و مێدیا، ئەو خواستە توندە سایکۆلۆجییە پڕ گوشار و بریندارە ناڕازییە، درز تێ دەخات.

ئەمە ئەو یارییەیە کە ئەقڵەكانی ئێران تا ئێستە بە باشی کردوویانە و کۆمەڵگەی سێبەری شارە گەورەکانیش لە گۆڕەپانەكەیدا کەوتوونەتە سەما. وەک لە شیعرێکی باودا هاتووە: ئازادیی لە وڵاتی ئێمەدا تەنیا ناوی گۆڕەپانێکە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەی دەسەڵات مەبەستێتی، دواجار بەسەر کۆمەڵگەیەکی شەکەت و بریندار و تینوودا پراکتیزە دەکرێت، تەنیا شتێکیش دەتوانێت هەموو ئەم یارییە پووچەڵ بکاتەوە، وشیاریی و باوەڕی ڕاستەقینە بە ئازادییە بە هەموو دەرکەوتە ورد و درشتەکانییەوە، نەک ئەوەی سەما بکرێت بە سیمبولی ئازادیی جەستە و کەزی ببێت بە هێمای ئازادیی بژاردەکردن و لەوێدا قەتیس بکرێتەوە.

سیمبولسازیی لەم کۆنتێکست و یارییەدا بەرلەوەی ڕزگاریب بێنێ، هەمان وێرد و وشەی جادووەکەیە کە چاومان دەبەستێت و لە واقیع داماندەبڕێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *