دیسانەوە ئیسلامی سیاسی

بینەر: (614)

ئیسلامی سیاسی دەستەواژەیەکە ئێستە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەیش کوردستان، زۆر بەکار دەبرێت و بێگومان هەندێ جاریش خراپ بەکار دەهێنرێت. لە پێناسەیەکی گشتیدا ئیسلامی سیاسی ئەمەیە: جۆرێک ئایدۆلۆجیایە کۆمەڵێک ئامۆژگاری، باوەڕ و بەهای دەستنیشانکراو، وەک ئیسلامێکی تایبەت بۆ بنەمای پێکهاتەیەکی سیاسیی دەخاتە ڕوو کە لایەنگرانی بەو ئایدۆلۆجیایە دەڵێن، دەوڵەتی ئیسلامی.

کەلام و هزری ئیسلامی بە درێژایی سەتان ساڵ دەیان تەفسیر و تەئویلی لە ئیسلام خستووەتە ڕوو، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە، هەموو ئەو تەفسیر و تەئویلاتەی لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسلامیدا نەگونجاون، لەبار براون و خاوەنەکانیان یان شاربەدەر و ئاوارە کراون، یا بەشێوەی جۆراوجۆر و بە فیتی موفتی و زاهیدەکان حوکمی كوشتنیان دراوە. نموونەی هەرە دیاری ئەمە، فەیلەسووفی پایەبەرزی کورد شێخ شەهابودین سۆرەوەردییە کە لەلایەن مەلا و موفتییە ئەقڵوشک و توندڕۆکانی سەردەمەوە و لە قۆناغی دەسەڵاتی مەلەک زاهیری کوڕی سەڵاحەدینی ئەیووبی، لە شام حوکمی کوشتنی درا.

ئەوەی حاشاهەڵنەگرە مێژووی کەلام و فکری ئیسلامی ئەوەی سەلماندووە کە توانیوێتی هەندێ تەفسیر و خوێندنەوەی جاواز بخاتە ڕوو کە زیاتر لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا بگونجێ و بەها بە ئازادیی بیرکردنەوە بدات، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتەوەختە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و هەروەها ئەو دەقانەی پشتی پێ دەبەستن، بواری چەکەرەکردنی ئازادیی نەداوە و ئازادی نەک تەنیا بووە بە وەهم، بەڵکوو لە کەلام و دەربڕینی ئەم تێگەیشتنە داخراوەدا، وەک کوفر و حەرام و ئەتکێکی گەورە پێناسە کراوە، ئێستەیش لای زۆرینەی مسوڵمانان ئازادیی وا بە گوێدا دراوە کە دوخێنت شل بێت و هەر کونێکت دی سڵی لێ نەکەیتەوە! ئەمە خۆی ئەوپەڕی هەژاریی فکری و دەروونی و لووتکەی جەهل و ناندروستیی عەقڵییە.

من دەڵێم ئەوەی دەیەوێت لە ئازادی تێبگات، یەک کتێب لەسەر ئازادی و مێژووەکەی و ڕێچکەکانی بخوێنێتەوە، تەنیا یەک کتێب! من کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی کارل پووپێر پێشنیار دەکەم. ئەگەر بە خوێندنەوەوە لەسەر ئازادی قسە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی ئیسلامی سیاسیی ئاراستەی دەکات، نەک جەهل، بەڵکوو گاڵتەکردنیشە بە عەقڵی ئەوانەی پێڕەویی ئیسلام دەکەن. جا ئەم گاڵتەکردنە تەنیا لە ئاستی ڕەتکردنەوەی ڕووت و فتوا دژی هەر لایەنێکی بەرانبەر نامێنێتەوە، بەڵکوو ئاستی نزمتر و ناتەندروستتر وەردەگرێت. واتە دەمڕاستەکانی ئێستەی ئەم جۆرە ئیسلامە سیاسییە، دەتوانن یەک ڕستەی تۆ بقۆزنەوە و دەیان تۆمەت و فتوای لەسەر دەربکەن. ئەوان بەردەوام گوشار دەکەن بۆ ئەوەی یان خۆت یەکلا بکەیتەوە و ببیت بە ئەوان، یا سەری خۆت هەڵگریت و بڕۆیت، بەمەیشەوە وازت لێ ناهێنن.

شوکر ئێستا مێدیا هەیە و سنووری وڵاتانیش نەماوەتەوە و ئیسلامی سیاسیی سەرباری ئەمەیش، دەیان پرۆکسی و نوێنەری باوەڕمەندی هەر لە ئیسکاندەناڤیاوە تا دارستانەکانی ئامازۆن هەیە و دەستی تۆڵەیان بە زەبرە! ئایا ئەمانە هیچ کات لە خۆیان پرسیوە کە خودا ئەم شێوە ئایدۆلۆجیایە پەسند دەكات؟ ئاخۆ خودا دەبێت هەر واتای ئەوە بێت کە ئەوان لێی تێگەیشتوون؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تری لەم شێوەیە، کاری کۆڕ و سیمینار و مامۆستا و شارەزایانی بوارەکەن، من تەنیا بۆ تیشکختنەسەر ئەو ڕاستییە تاڵەی توندڕۆیی و ئابسولیتلیزمی ئیسلامی سیاسی باسم کرد.

ئەم تێڕوانینەی ئیسلامی سیاسی بەرانبەر ئاینەکانی تر، بە تایبەتی زەردەشتی و ئێزیدییەکان، لەوپەڕیدایە و شیری دەمارگرژییان شەو و ڕۆژ لە هەسان دەدەن. ماوەیەک لەمەوپێش ڤیدیۆیەکم لە خاتوو ئاوات حیسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکانی کوردستان بینی کە لەگەڵ کەشێک لە موناقەشەیەکدا ئاماژەی بە شێوازەکانی هاوسەریی لە ئاینی زەردەشتدا کرد، بە ڕوونی گوتی، لە زەردەشتدا نەک تەنیا هاوسەرگیری مەحرەمەکان، بەڵکوو هی کوڕە پوور و کچە خاڵ و… هەر حەرامە و هەتا دوایی. ئاوات ڕێك گوتی: ئەگەر ئێمە وەک بنچینەی کورد وا بین، ئەوا هەموو کورد دەبێت لەگەڵ مەحرەمەکانی خۆی زەواج بکات و… پەیجە ئیسلامییەکان هاتوون بەشی سەرەتای قسەکەیان قرتاندووە و وەها بڵاویان كردەوە كە ئەم خاتوونە بانگەشەی هاوسەریی لەگەڵ مەحرەمەکان واتە خوشک و دایک دەکات و زینا لە ئاینی زەردەشتیدا پەسندە.

هیچ وشەیەک نییە وەسفی قێزەونیی کردەوەی ئەم پەیجانەی پێ بکرێت كە ڕاستیی ئاوا دەشێوێنن، لە کاتێکدا هەردوو ڤیدیۆکە ماون. ئاینی زەردەشتی یاسای توندوتۆڵی بۆ هاوسەریی هەیە و دەتوانم بڵێم حەساسییەتی لەسەر بابەتی پێوەندیی جەستەیی چەند قاتی ئیسلامە، بەڵام دەستێک بە ئەنقەست و بە بەرنامە، هەوڵ دەدا ئیسلامییەکان هان بدا دژی زەردەشتی و ئێزیدییەکان و پێکەوەژیانی ئاینیی خۆڕسک و دەیان ساڵە تێک بدەن. بە ڕاستی پێویستە ئەم بابەتە لە ڕوانگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە چاوی لێ بکرێت. هەواڵ و پڕوپاگەندەی هەڵەی ئاوا لەلایەن کۆلکەمەلا و توندڕۆكانی سەلەفی و ئیخوانی، خرۆشاندنی کۆمەڵێک كەلەوشک و دەماغسزە بۆ نانەوەی ئاژاوە و گێرەشێوێنی.

ئەگەر یەکێک لەم توندڕۆیانە لای خۆیەوە و بەهۆی باوەڕی وشكییەوە، چوار کەسی بەر چەقۆ دا، کێ بەرپرسیارە؟ وەک ئەو ساڵە کە هەمان شت بۆ “خواناس” ڕووی دا و کەسیش خۆی نەکرد بە خاوەنی.

ئەم هاوکێشەیە پێمان دەڵێت، ئیسلامی سیاسیی نایەوێت زانیاریی دروست بڵاو بێتەوە، چونکە ئەوان لەسەر جەهلی لایەنگرانیان دەژین. با ئەوانەی خۆیان بە تەواویی ڕادەست و ملکەچی ئەم لایەنانە کردووە لە خۆیان بپرسن، بەر لە حەسەن بەنا و خوازیارانی ئیسلامی سیاسی، خەڵک هەموو گومڕا و دژەئیسلام بوون کە نوێژیان کردووە و دنیایەک نەریت و كولتووری جوانیان لێ بەجێ ماوە؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *