عێراق.. 88 كەس و 90 تانكەری دزینی نەوت گیران

بینەر: (1.5K)

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە بڵاوی كردەوە، لە ماوەی یەكی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ تا 18ی ئەم مانگە، توانیویانە 88 كەس لە پارێزگا جیاجیاكانی عێراق بگرن لە كاتی دزینی نەوت و بەرهەمەكانی.

زافر ئەلحوسێنی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە لە عێراق، لە لێدوانێكی بۆ “سۆمەریەنیوز” دووپاتی كردووەتەوە، تیمە مەیدانییەكان زنجیرەیەك هەڵمەتی ڕێكخراویان بۆ سەر گرووپەكانی دزینی نەوت و بە قاچاخبردنی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات ئەنجام داوە، توانیویانە 88 بە تۆمەتی دزینی نەوت و بەرهەمەكانی بگرن و بیانخەنە گرتووخانەوە.

ئاماژەی بەوەیش دا، جیا لەوە 90 تانكەری گوێزەرەوەی نەوت بە قەبارەی جیاجیا و نۆ پەناگەی مانەوەی تاوانباران لە كاتی بە قاچاخبردنی نەوت، بەشێوەیەكی نایاسایی و سێ وێستگەی سووتەمەنی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەلحوسێنی گوتی، لە كاتی هەڵمەتەكاندا توانراوە دەست بەسەر دوو ملیۆن و 580 هەزار لیتر لە بەرهەمەكانی نەوت بگیرێت، لە ئەنجامی بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەكانیشدا ڕێژەی سەرپێچی و دزینی نەوت لە بۆڕییەكانی نەوتەوە گەیشتووەتە سفر لە سەد و دانانی سنوورێكیش بۆ ڕێگرتن لە بە قاچاخبردنی نەوت توانراوە بە ڕێژەی 98% كۆنترۆڵ بكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *