عێراق كێشە بۆ بەڵگەی سەرژمێری دروست دەكات .. كورد بۆ بودجە بەڵگەی بەهێز بەكار دەهێنێ‌

بینەر: (9)

یەكێك لەو بەڵگە و بنەمایانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵی عێراق پشتی پێ دەبەستێ‌، سەرژمێری ساڵی 2024 كە عێراق هەر خۆی ئەنجامیدا و دەركەوت رێژەی كورد 14.14% نەك ئەوەی پێشوو بۆ بەشی كوردستان دانرابوو.

سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق كە بە مەبەستی دروستكردنی داتای نوێ بۆ پلاندانانی نیشتیمانی و دابەشكردنی سەرچاوەكان ئەنجامدرا، ئێستە بووەتە یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی ناكۆكیی داراییی نێوان بەغدا و هەولێر.

بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێراق، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 14.14%ی كۆی دانیشتووانی عێراقە، بۆیە ئەوە جیاوازی لە گەشەی ئابووری و بودجەدا بە پلەی یەكەم دروست دەكات و دەبێتە بەڵگەیەكی بەهێزی دژی هەر نادادپەروەرییەك بەرانبەر كوردستان بكرێ.

بە زمانێكی سادە و تەنیا بۆ بودجەدا، ئەگەر ڕێژەی 14.14٪ لە شوێنی 12.67٪ / بەغدا دەیەوێ‌ ئەو رێژەیە جێگیر بكات/ وەك بنەمای دابەشكردنی هەموو كۆیی بودجە بەكاربهێنرێت، جیاوازییەكە دەگاتە نزیكەی 1.3 تریلیۆن دینار. بەپێی ڕاپۆرتی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە یاسای بودجەدا ڕێژەی بودجەی هەرێم 12.67٪ دانراوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە پێوەندی بە جۆری خەرجییەكان و كەمكردنەوەی خەرجییە حاكیمەكان و وەزارەتە فیدراڵییەكان هەیە.

جا، وەزارەتی پلاندانانی عێراق كاتێك ئەنجامە سەرەكییەكانی سەرژمێریی 2024ی ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوە كرد كە سەرژمێری دەتوانێت بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەكان لەنێوان پارێزگا و ناوچەكان بەكاربهێنرێت، بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە واتە داتای نوێی دانیشتووان دەتوانێت لە گفتوگۆی بودجە، خزمەتگوزارییە گشتییەكان، پڕۆژەكان و دابەشكردنی سەرچاوەكاندا بەڵگەیەكی نوێ بێت.

لە16ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕای گەیاند كە دیاریكردنی ڕێژەی ڕاستی دانیشتووانی كوردستان كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر مافی دارایی و دەستووریی هەرێم، دابەشكردنی داهات و خەرجییە گشتییەكان هەیە.

زانا حەمەساڵح شارەزای ئامار و داتا، بۆ “وشە” دەڵێ‌، سەرژمێری 2024 بۆ كوردستان گرنگییەكی داراییی هەیە، 14.14% ئەگەر ببێتە بنەمای فەرمیی دابەشكردنی سەرچاوەكان، دەتوانێت بەراورد بە ڕابردوو جیاوازییەكی گەورە دروست بكات.

روونیشی كردەوە كە پرسیاری سەرەكیی ئێستە تەنیا ئەوە نییە كە كوردستان چەند دانیشتووی هەیە؟؛ بەڵكو ئەوەیە كە كام ڕێژە و كام میكانیزمی یاسایی دەبێت بنەمای دابەشكردنی مافی داراییی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

لەلایەكی ترەوە بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو لەگەڵ عێراق داوای كردووە بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێری پشكی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت، ئەوانیش دەیانەوێت ڕێژەكە كەم بكەنەوە.

سیروان محەمەد بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی گوتووە، نووسراوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی عێراق، بۆ هەموو دامودەزگاكان نێردراوە، لەوانەش نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەویش پەسەندكردنی ئەنجامەكانی سەرژمێری ساڵی 2024 و بەكارهێنانی ئەو ئەنجامەیە بۆ ڕێكخستنەوەی پلان و بەرنامەی دامودەزگاكانی حكوومەت لەسەر ئاستی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوەكە گەیشتووە و خشتەیەكی تێدایە جێگەی گومانە، ئێمە پێشتریش پێمان گوتوون ئەو خشتەیە مانای نیە و پێچەوانەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەمەش وای كرد ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە خشتەی بەرنامەی كاری خۆی دایبنێت، ئاخۆ بۆ دەستكاری ڕێژە و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراوە؟ لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەو دەستكاریە.”

بریكاری وەزارەتی پلاندنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە “لە سەرژمێری بنەمایەكی نێودەوڵەتی هەیە، كە سەرژمێری بریتییە لەو پرۆسەیەی دەوڵەت ئەنجامی دەدات بۆ بەدەستهێنانی داتا و نیشاندەری ئابووری، كۆمەڵایەتی، پەروەردە، تەندروستی و دانیشتووانی وڵات لە كاتێكی دیاریكراو، بۆیە لەو ڕۆژەی سەرژمێری كراوە، لەڕووی ژمارە تۆمار دەكرێت و دەبێتە بەرنامە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئاوارەیەكی زۆرمان ماوە، خەڵكی پارێزگاكانی عێراق هاتوون بۆ هەرێم، پەنابەری توركیا، ئێران، سوریا و بیانیش هەنە، ئەمانە هەژمار كرابوون، ئەوان لایان بردوون وەكو پەنابەر و بیانی و ئاوارەكانیشیان بەپێی بەڵگەنامەی فەرمیی خۆیان گەڕاندووەتەوە، بۆیە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كەم دەكەنەوە و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگاكانی عێراق و بۆ خۆیان زیاد دەكەن، ئەمەش بۆ دوو بابەت دەگەڕێننەوە، بۆ داواكاریەكی هەرێم و بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، لەكاتێكدا ئێمە ئەوەمان داوا نەكردووە.”

سیروان محەمەد گوتیشی “ئەو ڕێژەیەی ئەوان دیاریان كردووە، پشكی هەرێم لە بودجە 12.67%یە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەمە ڕازی نیە، بۆیە هەوڵ دەدرێت ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت و ڕێژەكە بۆ 14.14% زیاد بكرێت، ئەگەر ڕازی نەبوون، ئەو كات ڕێگای یاسایی دەگرینە بەر، ئەو بەڵگانەی لەبەردەستیشمانن هەمووی بەهێزن بۆ ئەوەی لەبەرژوەندی هەرێم یەكلایی ببێتەوە، ئەوەش كاری دادگای فیدراڵییە یەكلایی بكاتەوە، چونكە ئەو دەسەڵاتی هەیە ئەو كێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا یەكلایی بكاتەوە، هیچ داواكاریشمان نەكردووە پێچەوانەی یاسا و دەستوور بێت، لەبەر ئەوەی خۆمان داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بكرێت هیچ گرفتێك نابێت، بەڵام بەغدا پابەند نیە بە دەستوور”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *