سیاسەتی پاساوهێنانەوەی بێکۆتایی

بینەر: (5.6K)

ئاراس طارق محمد

لە هەرێمی کوردستان، دروستکردنی حکومەت بووەتە زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی کە هەموو هەفتەیەک ئەڵقەیەکی نوێی لێ پەخش دەکرێت، بەڵام تەنها لەناو هۆڵی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا! گەر سەیری شاشەکان بکەیت، وا دەزانیت هەفتانە کابینەیەکی نوێ سوێندی یاسایی دەخوات؛ سەرکردەکان بە دەموچاوێکی گرژ و بۆینباخی ڕێکخراوەوە دێنە پێش کامێراکان و مژدەی “ڕێککەوتنی کۆتایی” دەدەن. بەڵام کاتێک تەلەفزیۆنەکە دەکوژێنیتەوە و دەچیتە سەر شەقام، دەبینیت وڵات لەناو هەمان فەلەجی سیاسیی کوشندەدا گیری خواردووە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئەمە سیاسەت نییە، بەڵکو وەهمێکی بەکۆمەڵە کە نوخبەی حوکمڕان بۆ داپۆشینی شکستی خۆیان دروستیان کردووە.

لە جیاتی ئەوەی حکومەت لەناو پەرلەمان و لەسەر بنەمای بەرنامەی خزمەتگوزاری پێکبهێنرێت، لێرە حکومەت تەنها لەبەردەم فلاشی کامێراکاندا دروست دەکرێت. وتەبێژی حیزبەکان بوونەتە پاڵەوانی ئەم شانۆگەرییە؛ بەوپەڕی متمانەوە باس لە “دابەشکردنی دادپەروەرانەی پۆستەکان” و “لێکتێگەیشتنی هاوبەش” دەکەن، لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە خەریکی شکاندنی یەکتری و قۆرخکردنی داهاتن. ئەم کابینە خەیاڵییەی کە هەفتانە لە کۆنگرەکاندا ڕادەگەیەندرێت، نە مووچە دابەش دەکات، نە خزمەتگوزاری دابین دەکات، نەش دەتوانێت بچووکترین کێشەی هاوڵاتی چارەسەر بکات. ئەوەی هەیە تەنها دروستکردنی ژاوەژاوێکی میدیاییە بۆ ئەوەی خەڵک لە چاوەڕوانییەکی بێکۆتاییدا بهێڵنەوە و بێدەنگییان لێ بکڕن.

ئەم دۆخە بیرخەرەوەی قسەیەکی فەیلەسوفی فەرەنسی، ژان بۆدریارە کە پێی وایە کاتێک وێنە و سیمولەیشن جێگەی واقیعی گرتەوە، درۆکان لە ڕاستی زیاتر باوەڕپێکراو دەبن. حیزبەکانی کوردستان بە تەواوی ئەم هاوکێشەیان جێبەجێ کردووە؛ ئەوان حکومەتێکی خەیاڵییان لەناو میدیاکاندا دروست کردووە کە بەردەوام باس لە سەرکەوتنەکانی دەکرێت، لە کاتێکدا لە واقیعدا حکومەت وەک دامەزراوەیەکی خزمەتگوزار بوونی نەماوە. هەر کاتێک شەقام دەگاتە لێواری تەقینەوە و قەیرانەکان دەگەنە لوتکە، دەستبەجێ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی نوێ ساز دەکرێت و کابینەیەکی تری خەیاڵی تێدا ڕادەگەیەندرێت. لێرەدا قسەکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، خۆی بووەتە جێگرەوەی پێکهێنانی حکومەت، و درۆی “ئەم هەفتەیە ڕێکدەکەوین” بووەتە تاکە بەرهەمی نیشتمانیی ئەم حیزبانە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *