دوای ساڵی 2018، عێراق خەرجییە سیادییەكانی بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوە حەشدی شەعبی و كڕینی چەك و دانەوەی قەرزەكان بووە كە هەموو ئەوانە راستەوخۆ زیانی گەورەیان لە كوردستان داوە و هۆكار بووە كە عێراق 12%ی بودجە رەوانە نەكات.
خەرجییە سیادییەكان چییە؟
كاتێك بودجەی گشتیی عێراق دیاری دەكرێت، هەموو پارەكە ڕاستەوخۆ دابەش ناكرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاكاندا، یاسای بودجە هەندێك خەرجی بە “سیادی” دادەنێت و پێش دابەشكردنی بەشەكان، ئەو خەرجیانە لە بودجەكە دەردەكرێن.
بە نموونە لە بودجەی 2023، كۆی بودجەی عێراق نزیكەی 9.189 تریلیۆن دینار بوو، ئەگەر بەشی هەرێم بە ڕێژەی 12.67% لە كۆی بودجە هەژمار بكرێت، دەبێتە نزیكەی 2.25 ترلیۆن دینار، بەڵام دوای لابردنی خەرجییە سیادییەكان، بەشی هەرێم لە خشتەی بودجەدا نزیكەی 5.16 تریلیۆن دینار بوو، / هەرچەندە جگە لە مووچەیەكی پچڕ پچڕ عێراق یەك دیناری تری نەنارد/ واتە جیاوازییەكە نزیكەی 7.8 تریلیۆن دینارە.
خەرجی سیادی دەبێت بۆ سوپای عێراق و دامەزراوە تەناهییەكان بە عێراق و كوردستانەوە بچێت، بەڵام لەعێراق زۆرترینی خرایە خزمەتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی رای گەیاند، هەرێم لە خەرجییە سیادییەكاندا بەشدارە، بەڵام بەشێكی ئەو خەرجیانە ــ بەتایبەتی خەرجییە سەربازییەكان ــ بۆ هەرێم نەگەڕێنراوەتەوە، لەوانەش تخصیصات بۆ پێشمەرگە.
داتایەكی مەترسیدار
بەپێی خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024 مووچەی تەرخان كراو بۆ حەشد لە سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینارەوە بە ڕێژەی 11.4% بەرز كراوەتەوە لە هەمان ساڵدا كراوە بە سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینار.
لە ساڵی 2014 كاتێك عێراقییەكان خۆبەخش دەبوونە حەشدی شەعبی ژمارەیان نزیكەی 60 هەزار خۆبەخش تا ساڵی 2021، ژمارەی هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی 122 هەزار چەكداری تێپەڕاند و لە كۆتایی ساڵی 2023 ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ 204 هەزار چەكدار و ئێستە 16.5%ی گشتی هێزە ئەمنی و چەكدارەكانی عێراق پێكدەهێنێت.
بەپێی ئامارەكانی ناوەندی داڕشتنی سیاسەت، پێكهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێكهاتەی سوننە پێكیدەهێنێت، سەبارەت بە ئاستی سەركردایەتیش پێكهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% كۆنتڕۆڵی هێزەكانی كردووە.
چنگیان لە بودجەی عێراق گیر كرد
بودجەی حەشدی شەعبی ساڵانە بە خێرایی گەشە دەكات، لەساڵی 2019 – 2022 بوجەی گشتی دەستەی حشدی شەعبی دوو ملیار 160 ملیۆن دۆلار بوو، لە بودجەی ساڵی 2023 دا، بودجەی دەستەكە بۆ دوو ملیار 600 ملیۆن دۆلار بەرزكرایەوە، بەپێی خشتەكانی یاسای بودجە و لە ساڵی 2024 پشكی دەستەكە بۆ نزیكەی دوو ملیار 900 ملیۆن دۆلار بەرزكرایەوە.
ئەوە جیا لەوەی كە لە بودجەی سیادی عێراق زۆرترین پارەیان بۆ تەرخان كراوە، لەكاتێكدا خەرجییە سیادییەكان مافی هەموو پێكهاتەیەكی ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستانیشە.
ئەوەی ئێستە هەیە هێشتا دیار نییە كە لە بودجەی 2027 پشكی چەند بودجە بۆ ئەو هێزانە تەرخان دەكرێت، بەڵام دوور نییە كە جارێكی تر چنگ لە بودجەدا گیر بكەنەوە، بەتایبەت دوای كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی عەلی زەیدی و بەدر كە تێیدا ستایشی حەشدی شەعبی كرابوو.
زیانی بۆ هەرێم
كاتێك خەرجییە سیادییەكان بە رێژەیەكی زۆر بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی تەرخان دەكرێ جیا لە مەترسیی تەناهییان هاوكات رێژەی گەشەكردن لە كوردستان كەمتر دەكاتەوە ئەگەر بودجە رەوانە بكرێت، چونكە كوردستان پێویستی بە خەرجیی سیادییە بۆ گەشە و وەبەرهێنان نەك بۆ گرووپی چەكداری.















Leave a Reply