سەربەست سەعید ساڵح
لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، سیستەمی ئابووری و سیاسی لەسەر مۆدێلێکی تاڵانکاریی هەرەمی دروست بووە؛ مۆدێلێک کە تێیدا دەسەڵات، پارە، و سامانە سروشتییەکان تەنها لە نێوان چەند خێزان و بەرپرسێکی باڵادا دەسوڕێنەوە، لە کاتێکدا قەیران، باج، و بێمووچەیی وەک فشارێکی کوشندە بۆ خوارەوەی کۆمەڵگە شۆڕ دەکرێتەوە. پارتی و یەکێتی، وەک دوو کۆمپانیای پاوانخواز، داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکانیان خستووەتە خزمەتی تۆڕە کۆمپانیاکانی خۆیانەوە، و لەبری دابەشکردنی سامانی نیشتمانی بەسەر هاووڵاتییاندا، دەیگوازنەوە بۆ کۆشکەکانی خۆیان. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە پرۆسەیەکی “هەڵمژینی وزە و سامانی نەتەوەیەکە” بۆ قەڵەوکردنی دەستەبژێرێک کە باکيان بە داڕمانی کۆمەڵگە نییە.
(وەک چۆن نووسەری فەرەنسی، ئۆنۆرێ دێ بالزاک دەڵێت: “لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی شاراوە هەیە.” ئەمڕۆش سەروەتی خەیاڵیی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، و بەرپرسانی بەغداش، بە زەبری تاڵانکردنی بودجەی گشتی، زەوتکردنی زەوییە ستراتیژییەکان، و دزینی قوتی مووچەخۆران کۆکراوەتەوە ). لە کاتێکدا بەرپرسێکی باڵا لە عێراق و کوردستان مانگانە دەیان ملیۆن دینار وەک مووچە و دەرماڵە وەردەگرێت، مامۆستایەک یان خانەنشینێک دەبێت چەندین مانگ بۆ بڕە پارەیەکی کەم بپاڕێتەوە. (ئابووریناس جۆن مەینارد کەینز دەڵێت: “باشترین و سەلامەتترین ڕێگە بۆ وێرانکردنی بنەماکانی کۆمەڵگایەک، تێکدانی دراو و ئابوورییەکەیەتی.” ئەم دەسەڵاتەش بە دروستکردنی قەیرانی مووچە لە نێوان هەولێر، سلێمانی، و بەغدا ، خەریکی هەمان وێرانکارییە تا خەڵک تەنها بیر لە سکی بکاتەوە و هێزی بیرکردنەوەی بۆ گۆڕانکاری نەمێنێت.
ئەم فشارەی سەر خەڵک و کۆنترۆڵی ڕەهای لوتکە، لە ڕێگەی سەرکوتکردنی یاساییەوە دەپارێزرێت. (فەیلەسوفی یۆنانی، سۆلۆن زۆر جوان دەڵێت: “یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن.” ئەمڕۆش بەرپرسە مافیاکانمان بە ئاشکرا یاسا دەپسێنن و داهات دەدزن بێ ئەوەی دادگایەک بوێریی لێپرسینەوەی هەبێت، بەڵام ئەگەر خەڵکی ئاسایی لە ژێر ئەم فشارە ئابوورییەدا بڕژێنە سەر شەقام، ڕاستەوخۆ دەبنە قوربانیی گازی فرمێسکڕێژ و سزای نایاسایی ). دادگاکان لێرەدا تەنها پاسەوانی سەروەتی دەسەڵاتدارانن، نەک پارێزەری مافی ستەملێکراوان.














Leave a Reply