پێوەندی نێوان دەردەشاهانە و لاوازی سێكسی چییە؟

بینەر: (235)

پێشتر هەندێك نەخۆشی هەبوون پێوەست بوون بە چوونە ناو تەمەن و پیربوونەوە، كەچی ئێستە ئەوە گۆڕاوە و بەهۆی كەمجووڵانەوە و شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكی ئێستە، نەخۆشییەكان زووتر بەدیار دەكەون، لەوانە نەقرەس یان دەردەشاهانە، كە بەپێی داتاكان ئێستە گەنجان لە خوار تەمەنی 40 ساڵی تووشی دەبن و بریتییە لە هەوكردن و ئاوسان و سوورهەڵگەڕانی جومگەكان، بەڵام پێوەندی بە تەندروستی سێكس و دڵەوە چییە؟

وەك راپۆرتە تەندروستییەكان ئاماژە دەكەن، ئەو نەخۆشییە بەهۆی كۆبوونەوەی كریستاڵی ترشی یۆریك لە شانەكان دروست دەبێت، كە هەوكردن و ئازاری توند دروست دەكات، توێژینەوە نوێكان ئاماژە دەكەن كە یەكێك لە كاریگەرییە لابەلاكانی ئەو نەخۆشییە بریتییە لە دروستكردنی لاوازی سێكسی لە پیاو، كاتێك لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ترشی یۆریك لە خوێن، ئەگەری تووشبوون بە لاوازی سێكسی و رەقبوونی ئەندامی نێرینە زیاتر دەبێت.

زانایان هۆكاری ئەو كاریگەرییە بۆ توانای ترشی یۆریك بۆ دزەكردن بۆ ناو لوولە شانەكان دەگەڕێننەوە، دەبێتە هۆی گرژبوونیان و بەو شێوەیە كار لە سووڕی خوێن دەكات، مەترسییەكانی ئەو نەخۆشییە هەر لە لاوازی سێكسی لە پیاو ناوەستێت، بەڵكو ئەوانەی ئەو لاوازیەیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەری تاجی زیاتر دەكات.

بۆیە پێویستە چارەسەری بۆ نەخۆشییەكە وەربگیرێت، چونكە پشتگوێخستنی دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی كریستاڵەكانی ئەو ترشە لەناو شانەكانی كۆئەندامی زاوزێ و ئەوەش پێویستی بە نەشتەرگەرییە، هەرچی هۆكاری زۆربوونی نەخۆشیەكەیە لە گەنجان، قەڵەوی و زیادبوونی كێش و ناتەندروستی خۆراك و كحول و كێشەكانی میتابۆلیسمە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *