پاكترین گیانلەبەر و باڵندە لە دنیادا كامانەن؟

بینەر: (1.6K)

زۆرجار قسە لەبارەی پاكی و پیسیی جۆری گیانلەبەر و باڵندەكان دەكرێ كە كامانەن هەمیشە پاكن و كەمتر تووشی نەخۆشی دەبن؟. لێرەدا دەمێنێتەوە چۆن باس لە پاكی دەكرێت و هەڵسەنگاندن بۆ پاكیی گیانلەبەران چۆن دەبێت، چونكە زۆرن ئەوانەی رووخسار دەكەنە نموونەی پاكی، بەڵام زانایانی بوار زیندەوەرزانی پێیان وایە، پاكیی گیانلەبەران پێوەستە بە هەڵسوكەوتكردنیان بۆ مانەوەیان بە پاكێتی و دووركەوتنەوە لە نەخۆشییەكان.

پێگەی “عەرەبیە” پشتی بە راپۆتێك لەبارەی بەشێك لە پاكێتیی گیانلەبەران بەستووە كە لە پێگەیHOWStuffWorks بڵاو كراوەتەوە، تێیدا زانایانی بواری گیانلەبەران و زیندەوەرزانی بە وردی باس لە جۆری پاكێتی بەشێك لە گیانلەبەران دەكەن، هاوكات جۆری پاكێتییان لە چییەوە هاتووە كە لە هەموو زیاتر، هەڵسوكەوتنیانە لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین، هاوكات فڕێدانی پاشەڕۆكەیان لە شوێنی مانەوە و خەوتنیان، بۆ ئەوەی لە نەخۆشییە پیسەكان دووربن، سروشتیش بەو شێوەیە خوڵقاندوونی.

زانایان پشیلە بە پاكترین گیانلەبەر لە تەواوی دنیادا ناو دەبەن، پێیان وایە پشیلە 50%ی ژیانی خەریكی پاككردنەوەی خۆیەتی، جۆری زمانی بەشێوەیەكە كە لە رێگەیەوە تەواوی پیسییەكانی سەر تووك و پێستی پاك دەكاتەوە، هاوكات ئەو پاكبوونەیش كاریگەریی لەسەر رێكخستنی پلەی گەرمای جەستەی دەبێت، لەوێوە چەورییەكی تایبەت بۆ پێستی دەنێرێت كە لە نەخۆشییەكانی دوور دەخاتەوە. جیا لەوەی پشیلە بەردەوام پاشەڕۆی لە دووری ژیانی دوور دەخاتەوە و دەیشارێتەوە، ئەوەیش وا دەكات بۆنی ناخۆش لە خۆی دوور دەكاتەوە.

هاوكات ئاماژە بە مێروولە كراوە كە زۆر بە پاكێتی ژیانی رێكدەخات، پارێزگاریی زۆر بە شوێنی ژیانی دەدات، هەرچی پیسییە لەو شوێنە دوور دەخاتەوە، هەوڵ دەدات باكتریا و ڤایرۆس لە شارەكەی دوور بخاتەوە و ناهێڵێ هیچ نەخۆشییەك لێیان نزیك بكەوێتەوە، ئەوەیش پاكێتیی مێروولەیە.

لەگەڵیدا زانایان ئەوەیش دەڵێن، باڵندەی خۆشخوان بەردەوام بایەخ بە پاكێتیی خۆی و شوێنی ژیانی دەدات، هەمیشە خەریكی پاككردنەوەی پەڕەمووچەكانیەتی و لە پیسی پاكیان دەكاتەوە، هەروەها پەڕەمووچە لێكراوەكانی فڕێ دەداتە دوور لە شوێنی حەوانەوە و خەوتنی، واتە هێلانەكەی، هەروەها هەرچی پیسیی ناو هێلانەی وەك توێكڵی هێلكەی كۆن و چیقنە فڕێ دەداتە دەرەوەی هێلانە، مەبەستیش پاككردنەوەی خۆی و دوورخستنەوەی نەخۆشییەكانە.

دواتریش زانایان دەڵێن، دەكرێ بڵێن پاكبوونی بەشێك لە گیانلەبەر و باڵندە تەنیا بۆ خۆشیی خۆیان نییە، بەڵكو پێویستییەكی بایۆلۆجییە، بەتایبەتی فڕێدانی پەرەمووچی باڵندە یان تووكی گیانلەبەر، مەبەست لێ پاكییە، هەروەها دوورخستەنەوەی نەخۆشییە”، لەگەڵیدا رێكخستنی پلەی گەرمای جەستەیان و پاكبوونەوەی شوێنی حەوانەوەیانە، دواتریش سنووردانان بۆ بۆنی ئەو گیانلەبەر دڕندانەی لە نزیكیاندا تێپەڕ دەبن یان لێیان نزیك دەبنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *