وشیاریی کوردی دیاسپۆرا و سەرمایەی داهاتوو

بینەر: (1.3K)

وشەی دیاسپۆرا (diaspora) فەرمانێکی یۆنانییە بە واتای (پەرتەوازەیی) یان (بڵاوی) دێت. بۆ یەکەمین جار ئەم وشەیە بۆ ئاماژە بە دوورخرانەوەی جووەکان لە پاش داگیرکردنی وڵاتیان و بە کۆیلەکردنیان، لەلایەن ئیمپراتۆریای بابلەوە بەكار هات. هێمای مانایی دیاسپۆرا ئێستە ڕووبەرێکی بەربڵاو لە کۆمەڵگەکاندا دەگرێتە خۆی و هەر ئەو مانا وشەییەی نییە. هەندێ نەتەوە و گرووپی نەتەوەیی دێرین وەک ئەرمەن و ئەفەریقاییەکان کە بەهۆی بازرگانیی کۆیلەدارانەوە لە سەدەکانی پێشوو لە زەریای ئەتڵەسی و چینییەکانی دەرەوەی وڵات، دەچنە ژێر چەتری ئەم پێناسەیەی دیاسپۆراوە. بەڵام ڕووبەر و هێما ماناییەکەی هەر ئەوە نییە و لە خۆگری دیاسپۆرا نوێکان لە شێوە و بیچمی نوێیشدایە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سەدەی 20 و 21 هاتنە ئاراوە. لەوانە: خەڵکی فەلەستین، سووریا، ڤەنزیۆلا، ئێرانییەکان و هەروەها کورد.

زۆر لە توێژەرانی ئەم بوارە پێیان وایە، ئەوەی حەشامەتی دیاسپۆرا وەک ڕێکخستنێکی وشیارانە یا ناوشیارانە پێک دێنێت، سەرەڕای پەرتەوازەیی و بڵاوبوونەوە لە جیۆگرافیای جۆراوجۆر، پێوەندیی ڕۆحی و سۆزدارانەی لەگەڵ نیشتمانە، ئەمە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی سنووربەندییەکی وشیارانە و شارستانی لە نێوان دیاسپۆرا و وڵاتانی مێوانداریان کە کۆڵەکەی پاراستن و ناسنامەی جڤاکی دیاسپۆرایە، بكرێت. ئەگەرچی دیاسپۆرا ڕەنگە لەگەڵ کۆمەڵەی مێواندار و لێنیشتەجێبوو تێکەڵاویی خێزانی بکات، بەڵام خاڵ و ئاڵقەیەک کە گرێی دەداتەوە بە “نیشتمان”ەوە، هەر ئەو وشیارییەیە کە باسم کرد.

ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەلومەرجی ناجێگیر و پشێویەوە بەردەوام لە حاڵەتی کۆچ و ڕاگوستن و دوورخستنەوەدا بووە، بەڵام دیاسپۆرا دیار و کاریگەرەکانی جیهان سەر بەم ناوچەیە نین، بەڵکوو پلەی یەکەمی حەشامەتی دیاسپۆرا دەدرێت بە هیندستان کە تا ساڵی 2019 نزیکەی 17 ملیۆن و نیو حەشاماتی پەرتەوازە و بڵاوەبووی لە هەموو جیهاندا هەبوو، ئێستە بێگومان زۆرتریش بووە. پلەی دووەمی حەشامەتی دیاسپۆرا دەدرێت بە مەکسیک کە بە هۆکاری دۆخی نالەباری ئابووری، ژیان و قاچاخچێتی و زۆر هۆکاری دیکە، کۆچ و پەرتەوازەیی و سەرهەڵگرتنی زۆرە. کۆنترین حەشامەتی دیاسپۆرای جیهانیش، جووە دوورخراوەکانن کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح؛ و دێرینترین جڤاکی دیاسپۆرایی جیهانیش کە بەردەوام هەر لە یەک شوێندا نیشتەجێبوونە، ئەرمەنییەکانی ئۆرشەلیم بوون. ئەم دیاسپۆرایە کە لە سەدەی چوارەمی زاینیدا دروست بوو، دوا بە دوای پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکان لەلایەن تورکەوە فراوانتر بوو.

ڕەنگە ئەمە مانا و پانۆرامای گشتیی دیاسپۆرا و دیاسپۆراکان لە جیهاندا بن. هەر کاتێک چاو لەم ئامار و نەخشە و دابەشکارییە دەکرێت، بەشخوراویی کوردیش لەم دابەشکارییەدا دەبینرێت، ئەگەرچێ دەشێت ئەمە تێڕوانینی ڕێکخراوە جیهانییەکان نەبێت، بەڵام لە ئاستی میدیاییدا لە زۆربەی جیهاندا ئەمە خراوەتە ڕوو. مێدیا ئێرانی، تورکی و عەرەبەکان، لەم دابەشکاریی و ئامارەدا کورد دەسڕنەوە، چونکە بە سێبەری خۆیانی دەزانن و وەک هاووڵاتی و توخمی ناسنامەی خۆیان پێناسەی دەکەن.

ئەگەرچێ هاووڵاتیی پلە چەند و توخمێکی نزم و بێنرخ! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەی دیاسپۆرای هیندستان و مەکسیک بەهۆی حەشامەتی زۆری وڵاتان و تایبەتمەندی کولتوورییان ئەو جڤاکە دیارەیان لە سدیاسپۆرا پی بڕابێت، ئەرمەن و جوویش بەهۆی پاکتاوکردن و کەوتنەبەر شاڵاوی سڕینەوە و قەڵاچۆکردن، ئەو پێگەیەیان بۆ دانراوە. بەڵام کورد لەم ئاستەدا دوو ئەگەری بۆ دەستنیشان کراوە.

یەکەم: ئەگەرێک کە لەناو سیستمی مێدیایی و دابەشکاریی وڵاتانی داگیرکەردا ئەزموونی پەرتەوازەبوون و دوورخراو و پاکتاوبوونی… وەک شتێکی لاوەکی و بچووک و بەشێک لە خۆی پێناسە دەکرێت، ئەمەیان هەر درێژەی پرۆسەی کوردسڕینەوەیە و باسێکی زۆر هەڵدەگریت. دووەم: ئەگەریکی بەهێز کە کورد وەک واقیعێکی تا ئاستێك درەوشاوە لە دیاسپۆرا بە تایبەت لە ئاستی پشتگیریی و خۆپێشاندانی سیاسی و جڤاکی لە دۆزی کورد لە هەموو پارچەکان، ئەزموونی کردووە. واقیعێک لە بوونی جیاوازی کولتووری، حەشامەتی کەم، بەڵام کاریگەر (کەم بە نیسبەت نەتەوە ژمارە زۆرەكانی دیکە)، داڵغەی سیاسی و دەربەستیی جڤاکیدا خۆی دەبینێتەوە.

ئەگەرچی ئەگەری دووەم مایەی دڵخۆشییە، بەڵام ڕاستییەکەی بە نیسبەت واقیعێک کە کورد وەک نەتەوە تێیدایە، دەبێت ڕێژەی چاوەڕوانیمان زیاتر بێت و ڕەوایە. ئەمە بە پلان و ستراتیجی ئیشکردن و کۆکردنەوەی کوردان لە هەموو کوردستان و جیهان لەژێر چەتری ڕێکخراوێکی یەکگرتوو و یەکانگیردا و بە دڵنیاییەوە لە ئاسۆیەکی زەمەنی دریژخایەندا دەخەمڵێت.

ماوەیەک لەوەوپێش یەکەمین کۆنگرەی فەرمیی فیدراسیۆنی نووسەرانی کورد لە دیاسپۆرا لە ژێر ناوی “هەژار موکریانی و بە دروشمی بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی ڕەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگە” بەڕێوە چوو، سەرۆک بارزانی چاوەدێریی کرد. ئەمانە نیشاندەری ئەوەن کە بایەخ بە دیاسپۆرای کوردی دەدرێ، بەرەو ڕاستەڕێی دروستکردنی ئەڵقەیەکی پتەوی کورد لە دەرەوە بۆ ناساندنی دۆزەكەی و کاریگەریدانان لەسەر ڕای گشتیی دەرەوە و بوون بە باڵوێزی کولتووری-شارستانی کورد و…

سیاسەتی یەکخستن و کۆکردنەوەی کوردانی دیاسپۆرا بەم ستراتیج و نەخشەیەوە، دەشێت سەرمایەیەکی مرۆیی زۆر و خۆنەویست و دەروەست بۆ دۆزی کورد دەستەبەر بکەن. سەرمایەیەک نەک تەنیا لە دەرەوە فێری زانست و پیشە و پسپۆڕیی دەبێت، هاوکات گوێزەرەوەی ڕۆحی ژیاری و کولتووریی کوردیشە بۆ وڵاتانی میواندار. بە ختەوەرانە لەو ڕووەوە جگە لە چەند دۆسییەی شەڕ و قاچاخ، کورد بۆ وڵاتانی میواندار کارنامەیەکی پاک و سپیی خستووەتە ڕوو. تەنانەت لە دۆخە سەخت و ناخۆشەکانیشدا کورد هیچ کات یەک لەسەر دەی ئەو شتەی نەکرد کە مەغریبییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شکاندنی سنووری نێوان وڵاتەکەیان و ئیسپانیا کردیان.

کورد هەم وەک کولتوور سەرمایەیە و هەمیش خۆی ئێستە لە دەرەوە بووە بە سەرمایە، هەموو ئەمە دەکرێت لەژێر چەتری هیوا و خەونێکی یەکگرتوو و تاقانەدا کۆ بکرێنەوە. هیوادارم دەزگاکانی ستراتیجدانەری کوردستان چ لە دەرەوە یا لە ناوەوە، بەهەر جۆرێک بووە، ئەمە لە چەقی خشتەی ستراتیج و دواڕۆژبینیی خۆیان دابنێن.

ڕەنگە دۆخی سیاسیمان سبەینێ کێشەی تێکەوێت، خوانەخواستە یان ڕەنگە سەربەخۆییمان وەرگرین تا 203، لە هەر حاڵەتێکدا ئێمە پێویستمان بە سەرمایەی مرۆیی دیاسپۆرا و دەروەستی و ڕەوشتبەرزی و نیشتماندۆستیی ڕۆڵەکانمان لە دەرەوە هەیە، ئەمەیش بە ئیشی جڤاتی و ڕێکخستنی دامەزراوەیی مسۆگەر دەبێت، هەڵبەت ئێستە نەک لە داهاتوو و کاتێکی نادیاردا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *