هەندێك خوو هەن وا دەكەن لە ناوەندی تەمەندا مێشك بەرەو پیری بچێت

بینەر: (678)

نووسەرێك كە بەشی كاروباری تەندروستی لە رۆژنامەی “تیلیگراف”ی بەریتانی بەڕێوە دەبات، بابەتێكی تایبەتی لەبارەی پیریی مێشك لە ناوەندیی تەمەندا بڵاو كردووەتەوە، تێیدا بە وردی باس لەو خووانە دەكات كە دەبنە هۆی پیربوونی مێشك لە ناوەندی تەمەندا، لەو كاتەی مێشك بۆ ئەستەم دەبێت لە یەك كاتدا زیاتر لە ئەركێك بەڕێوە ببات.

پێگەی “ئیلاف” كە نووسینەكەی دەیڤید كۆكس سەرپەرشتیاری بەشی تەندروستیی رۆژنامەی “تیلیگراف”ی بەریتانی بڵاو كردووەتەوە، لەوێدا دەڵێت كە هەندێك نیشانە هەن هۆشداریی دەدەن بەوەی مێشك تووشی پیربوون لە ناوەندی تەمەندا بووە، نموونەیان كەسەكە ئیتر ناتوانێ لە یەك كاتدا زیاتر لە ئەركێك راپەڕێنێت، یان بۆی ئەستەم دەبێ زانیاریی نوێ وەربگرێت كە پێشتر بەو شێوەیە نەبووە.

ئاماژە دەدات كە مێشكی مرۆڤ لە دوای تەمەنی 40 ساڵی و لە ناو 10 ساڵدا، 50%ی كێش و ئاستی لە دەست دەدات، كاتێكیش تەمەن دەگاتە 60 ساڵ و سەرووتر، تواناكانی كەمتر دەبێت بەوەی زانیارییە نوێیەكان وەربگرێ و بیانگوازێتەوە. ئەوەیش ئەو نیشانانەیە كە لە ناوەندی تەمەندا دروست دەبن، واتە لەو تەمەنەدا مرۆڤ بە چەندان وێستگەدا رۆیشتووە، بۆیە بۆ پارێزگاری لە مێشك و پیربوونی، گرنگە بایەخی زۆر بە سیستمی خۆراكی تەندروست و راهێنانی وەرزشی و خەوی ئاسوودە بدرێت.

دواتریش لەبارەی ئەو خووانەی وا دەكەن كە مێشكی مرۆڤ لە ناوەندی تەمەندا پیر بێت، ئەو نووسەرە دووپاتی دەكاتەوە، زۆر دانیشتن بەرانبەر بە شاشەكان، زۆر دانیشتن و دووركەوتنەوە لە جووڵە، جگەرەكێشان جا جگەرەی ئاسایی یان ئەلیكترۆنی بێت، ئەو خۆراكانەی زیاتر لە شەكر لەخۆ دەگرن، دووركەوتنەوە لە پێوەندییەكانی دەوروبەر، دواتریش فەرامۆشكردنی هەستی بیستن. هەموو ئەوانە وا دەكەن مێشكی مرۆڤ لە ناوەندی تەمەندا تووشی پیربوون بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *