زیاتر له مانگێكه ناوی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوی سه‌ربازی وڵاتانی ناوچه‌كه دێت، كه درۆنیان له ناو خاكی عێراقه‌وه ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له ناوخۆی عێراقیش به‌رده‌وام هێرش ده‌كرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه ستراتیجییه‌كانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌رچاوه و به‌رپرس و ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشانه نادیارن و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی و وردیش نه‌كراوه، تا ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشانه ئاشكرا بكه‌ن.
ئه‌و بابه‌ته جاران ته‌نیا دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و غاز و كێڵگه‌كانی نه‌وتی له هه‌رێمی كوردستان گرتبووه‌وه، به‌ڵام له دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌وه دژی ئێران، وڵاتانی كه‌نداویش به‌رده‌وام به‌غدا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه درۆن له خاكی عێراقه‌وه ئاراسته‌یان ده‌كرێ و حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراقیش لێی بێده‌نگه.
حكوومه‌تی عێراق كۆكردنه‌وه‌ی چه‌كی له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت ڕاگه‌یاندووه و واده‌ی تا كۆتایی مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵی خستووه‌ته به‌رده‌م میلیشیاكان تا چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ن، به‌ڵام به‌شێك له‌و گرووپانه به فه‌رمی ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه كه هیچ جۆره چه‌كێك بده‌نه‌وه ده‌ست حكوومه‌تی عێراق.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌میش له په‌راوێزی ئه‌و درۆنانه‌ی كه له عێراقه‌وه ئاراسته‌ی سعوودیه كرا بوو، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه به وردی بۆردمانی ده‌یان بنكه و باره‌گه‌ی میلیشیاكانیان له ناوچه جیا جیاكانی عێراق كرد.
دوای ئه‌وه‌ی له هه‌فته‌ی ڕابردووه وه تا ئێسته گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له نێوان سعوودیه و ئه‌و گرووپانه گه‌یشته لووتكه و چه‌ندانجار سعوودیه دووپاتی كرده‌وه كه به درۆن كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی و ڕیازی پایته‌خت كراونه‌ته ئامانج و داوای له به‌غدا كرد كه ڕێگری له به‌كارهێنانی خاكه‌كه‌ی بۆ هێرشكردنه سه‌ر سعوودیه بكات.
له وه‌ڵامدا حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه ده‌كاته‌وه و به توندیشی ڕه‌تی كرده‌وه كه نابێ خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنرێت و دووپاتی له دراوسێیه‌تی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی چوارده‌وری عێراق كرده‌وه. هه‌رچه‌نده له دوای هاتنه سه‌ر حوكمی زه‌یدی، بڕیاری دروستكردنی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته دا، به‌ڵام تا ئێسته ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانی هیچ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه.
له ڕۆژانی ڕابردوویش موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق، كه چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی میلیشیاكانی ئێرانه له عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا به ته‌واوی ڕه‌تی كرده‌وه، كه ئه‌وان به‌رپرس بن له هێرشه‌كان و ته‌واوی تۆمه‌ته‌كانی سعوودیه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه، هۆشداری دا كه وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێكی سه‌ربازی بكرێته سه‌ریان به توندی ده‌داته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستانی عێراقیش زنجیره‌ی درۆنه‌كان بۆ سه‌ر ئامانجه ستراتیجییه‌كان به‌رده‌وامن و دیارترین هێرشیش كه له‌م دواییه ئه‌نجام درا بێت، له ڕۆژی 17ی ته‌مووز/یۆلیۆ بوو كه ده‌زگه‌ی دژه تیرۆری كوردستان بڵاوی كرده‌وه، كه هه‌شت درۆن به‌ر له‌وه‌ی به ئامانجه‌كانیان بگه‌ن له ئاسمانی هه‌رێم خراونه‌ته خواره‌وه.
عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆكی حكوومه‌تی عێراق به توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی عێراقی ڕاسپارد تا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش دووپاتی كرده‌وه، كه به‌شێك له درۆنه‌كانی ئه‌م دواییه له پارێزگه‌ی نه‌ینه‌واوه ئاراسته‌كراون.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رمه‌د به‌یاتی پسپۆری ته‌ناهی گوتی، ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه جیا ده‌كاته‌وه، نه‌بوونی هیچ ڕاگه‌یه‌نراو و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی فه‌رمییه له‌لایه‌ن هیچ لایه‌ن و گرووپێكه‌وه، له كاتێكدا پێشتر به‌رپرسیاریه‌تی هێرشه‌كانیان ده‌گرته ئه‌ستۆی خۆیان.
به‌یاتی بۆ “شه‌فه‌ق نیوز” گوتی، گرووپه چه‌كداره‌كان پێشتر به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ندێ هێرشیان ده‌گرته ئه‌ستۆی خۆیان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌مشێوه‌یه بوونی نییه، عێراق توانای ته‌كنیكی و سه‌ربازی وردی نییه، بتوانێ شوێنی هه‌ڵدانی درۆنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ دیاریی بكات، ئه‌مه‌یش گرفتێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌كانه.
زیاتر گوتی، بۆیه زانیاری له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشانه و ئه‌و شوێنه‌ی درۆنه‌كانی لێ هه‌ڵدراوه، ده‌وه‌ستێته سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌موو دووپاتكردنه‌وه‌یه‌ك پێویستی به به‌ڵگه‌ی ته‌كنیكی و وێنه‌ی سه‌لمێنه‌ره‌وه هه‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه موخلید حازم ده‌رب پسپۆری ته‌ناهی گوتی، دۆسیه‌ی ته‌ناهی له عێراق زۆر ئاڵۆزه، له چه‌ند مانگی ڕابردوو چه‌ندان جار ناوچه جیا جیاكانی عێراق هێڕشیان ده‌كرێته‌سه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گرووپه چه‌كداره‌كان به‌رپرسیاریه‌تیان له ئه‌نجامدانی ئه‌و كردانه ڕاده‌گه‌یاند، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه هێرشه‌كان بۆ سه‌ر وڵاتانی كه‌نداوه و هیچ گرووپێك به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌نجامدانیان ڕاناگه‌یه‌نێت.
زیاتر گوتی، لێكۆڵینه‌وه‌كان تا ئێسته به‌رده‌وامن بۆ زانینی دروستی هه‌ڵدانی درۆنه‌كان له ناو خاكی عێراقه‌وه به ئاراسته‌ی وڵاتانی كه‌نداو و دیاریكردنی ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌ران، به تایبه‌ت ئه‌و هێرشانه‌ی كرانه سه‌ر سعوودیه به‌ر له‌وه‌ی عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سبه‌ی پێنجشه‌م بگاته ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه.
















Leave a Reply